بەرپرسانی پاکستان و ئەفغانستان لە ئەستەنبووڵ کۆبوونەوە بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر چۆنێتی دڵنیابوون لە بەردەوامبوونی ئاگربەستی ئەم دواییەی نێوان هەردوو وڵات. وەزیری بەرگریی پاکستان هۆشداریی دا لەوەی ئەگەر هەوڵەکان سەرکەوتوو نەبوون، ئەوا "جەنگێکی کراوە" دژی ئەفغانستان دەکەن.
ئەم گەڕە نوێیەی گفتوگۆکان، چەند رۆژێک پاش راگەیاندنی ئاگربەستێک دێت کە لە شاری دەوحەی پایتەختی قەتەر لەنێوان پاکستان و ئەفغانستان واژۆ کرا، بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و پێکدادانەکانی ئەم دواییەی نێوانیان کە بەهۆیەوە، دەیان کەس کوژراون و سەتانی دیکەش بریندار بوون.
بەڵام لەدوای گفتوگۆکانی رۆژی شەممە، خواجە محەممەد ئاسیف، وەزیری بەرگری پاکستان لەبارەی ستراتیژیەتی داهاتووی وڵاتەکەی بەرامبەر ئەفغانستان و تاڵیبانی دەسەڵاتدار، گوتی، "بژاردەی ئەوەمان هەیە، ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، جەنگێکی کراوەمان لەگەڵیاندا دەبێت، بەڵام ئەوەی تاوەکو ئێستا بینیومە، ئەوەیە ئەوان [ئەفغانستان] ئاشتییان دەوێت."
رۆژی هەینی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان رایگەیاند، "دەبێت دانوستاندنەکان چارەسەری مەترسیی تیرۆر، کە لەنێو خاکی ئەفغانستانەوە ئاراستەی پاکستان دەکرێت، بکەن."
پاکستان، دەسەڵاتدارانی ئەفغانستانی تۆمەتبار کردووە بە داڵدەدانی گرووپە تیرۆریستییەکان، لەوانەش بزووتنەوەی تاڵیبانی پاکستانی، بەڵام کابووڵ ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و پاکستانی بە پێشێلکردنی سەروەریی خاکەکەی لە رێگەی هێرشی سەربازییەوە تۆمەتبار کردووە.
دەروازە سنوورییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بەهۆی شەڕەکانی ئەمدواییانە داخراون و ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئەفغانستان رایگەیاندووە، بەهۆی ئەو رێوشوێنە ئەمنییەوە، بازرگانانی هەردوو وڵات رۆژانە ملیۆنان دۆلار زەرەر دەکەن.
ئیبراهیم باهیس، توێژەرەر لە گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی لە ئەفغانستان لەبارەی گفتوگۆکانی شاری ئیستەنبووڵ رایگەیاند، تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان ئاڵوگۆڕکردنی زانیاریە هەواڵگرییەکانە لەسەر گرووپە چەکدارەکانی سەر سنوورەکان.
بۆ نموونە، پاکستان ئەو شوێنانەی کە گومانیان لێدەکات چەکداران یان فەرماندەکانی بزووتنەوەی تاڵیبانی پاکستانی لێبێت، لەجیاتی ئەوەی هێرشیان بکاتەسەر، چاوەڕوان دەکات ئەفغانستان بیانکاتە ئامانج.
لەوبارەیەوە تاهیر ئەندرابی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان گوتی، "لە ماوەی دوو بۆ سێ رۆژی رابردوودا، هیچ هێرشێکی تیرۆریستیی گەورە لەنێو خاکی ئەفغانستانەوە نەکراوەتە سەر ناوچەکانی پاکستان. بۆیە گفتوگۆکان و ئەنجامەکانی رێککەوتنی دەوحە بەرهەمدار بوون و دەمانەوێت ئەم رەوتەش لە ئەستەنبووڵ و دوای ئەستەنبووڵ بەردەوام بێت."

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق