تاوەکو ئێستا روویداوە لەبەر رووناکیی مانگی تابان خەوت لێنەکەوتبێت و لە خۆتت پرسیبێت دەکرێت ئەمە بەهۆی رووناکییەکەیەوە بێت؟
 سەتان ساڵە کەسانێک باوەڕیان وایە کە دەکرێ مانگ ببێتەهۆی خەوزڕان و مامەڵەی سەیر، تەنانەت شێتبوونیش!، بەڵام ئایا زانست چی دەڵێت؟
 بە کورتی، مانگی تابان تا رادەیەکی کەم کاریگەری لەسەر خەو هەیە، بەڵام کاریگەریی لەسەر تەندروستیی دەروونی زۆر لاوازە.
 کاریگەری لەسەر خەو (بەڵێ، راستە):
 لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە، لەو شەوانەی مانگی تابان هەیە، خەڵک:
 نزیکەی 20 خولەک کەمتر دەخەون.
درەنگتر خەویان لێدەکەوێ.
کەمتر دەچنە قۆناخی خەوی قووڵەوە.
هۆکارەکە چییە؟ سادەترین هۆکار رووناکییە.
 رووناکیی مانگ وا لە جەستە دەکات وابزانێ هێشتا کاتی خەو نەهاتووە، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی "هۆرمۆنی مێلاتۆنین" کە بە جەستە دەڵێت کاتی خەوە.
 کاریگەری لەسەر تەندروستیی دەروونی و شێتبوون (زیاتر ئەفسانەیە):
 لە کۆنەوە گوتراوە مانگی چواردە دەبێتە هۆی شێتبوون. بەڵام ئەمە تەنیا ئەفسانەیە و راست نییە.
 راستییەکە: کەمخەوی خۆی دەتوانێت کێشەی دەروونی دروست بکات. بۆیە ئەگەر کەسێک خۆی کێشەی دەروونی هەبێ، رەنگە ئەو 20 خولەک کەمخەوییەی مانگی چواردەش کاری تێبکات.
 بەڵام کاتێک زانایان سەیری داتای نەخۆشخانەکان دەکەن، هیچ بەڵگەیەکی بەهێز نادۆزنەوە کە مانگی چواردە ببێتەهۆی زیادبوونی کێشەی دەروونی.
 کەواتە بۆچی هێشتا خەڵک باوەڕی پێیەتی؟
 چونکە مرۆڤ زیاتر مەیلی بەلای ئەوەدایە کە ئەو شتە سەیرانەی لەبیر بمێنێت کە لە شەوی مانگی چواردەدا روودەدەن، بەڵام هەموو ئەو شەوانەی لەبیر دەچنەوە کە مانگ چواردە بووە و هیچ شتێکی نائاسایی رووی نەداوە، واتە تۆمەتدانە پاڵ مانگ، کارێکی ئاسانە.
 پەندەکە چییە؟
 لە راستیدا، گەورەترین کێشە بۆ خەوی مرۆڤ مانگ نییە، بەڵکو ئەو رووناکییە دەستکردەیە کە لە مۆبایل و شاشە و گڵۆپی شەقامەکانەوە دێ. ئەم رووناکییانە زۆر زیاتر لە مانگ خەو تێکدەدەن.
 پوختە:
 ئەگەر لە شەوی مانگی تابان خەوت تێکچوو، رەنگە هۆکارەکەی رووناکیی مانگ بێت. بەڵام ئەگەر بە خۆت خەوت باش نەبێت، زۆربەی شەوان بەدەست خەوزڕانەوە بناڵێنی، ئەوا کێشەکە زیاتر لەو رووناکییەدایە کە لە نێو لەپی دەستتدایە، واتە ئەو مۆبایل و شاشەیە کە ئێستا ئەم بابەتەی لەسەر دەخوێنییەوە، نەک ئەوەی لە ئاسمانە.
 ئەم توێژینەوەیە لە پێگەی The Conversationی ئەمریکی بڵاوکراوەتەوە.

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق