بەڕێوەبردنی غەززە رادەستی لیژنەیەکی سەربەخۆ دەکرێت

ليست هناك تعليقات


حەماس، فەتح و لایەنە فەلەستینییەکانی دیکە، دوای کۆبوونەوەیەک لە قاهیرە رایانگەیاند، بڕیاریان داوە بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە رادەستی لیژنەیەک لە فەلەستینییە سەربەخۆ و تەکنۆکراتەکان بکەن.

لە راگەیێندراوی لایەنەکان، کە چەند رۆژێکە بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمی جێبەجێکردنی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل کۆدەبنەوە، هاتووە، بڕیاریان داوە "بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە رادەستی لیژنەیەکی کاتیی فەلەستینی لە خەڵکی کەرتەکە بکرێ کە لە کەسانی سەربەخۆی تەکنۆکرات پێکبێت و بە هاوکاریی برا عەرەبەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، کاروباری ژیانی رۆژانە و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بەڕێوەببات."

ئەو هێزانە هەروەها رەزامەندییان لەسەر "پێکهێنانی لیژنەیەکی نێودەوڵەتی بۆ سەرپەرشتیکردنی دابینکردنی بودجە و جێبەجێکردنی ئاوەدانکردنەوەی کەرتەکە" راگەیاند. هاوکات جەختیان لە "یەکپارچەیی سیستمی سیاسیی فەلەستین و بڕیاری نیشتمانیی سەربەخۆ" کردەوە.

ئەمە هاوتایە لەگەڵ نێوەڕۆکی پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی کەرتی غەززە. پلانەکە بریتییە لە راگرتنی شەڕ لە کەرتی غەززە دوای دوو ساڵ لە جەنگێکی وێرانکەر لەنێوان حەماس و ئیسرائیل، ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان لە کەرتەکە و زیندانییە فەلەستینییەکان لە زیندانەکانی ئیسرائیل، هەروەها کشانەوەی ئیسرائیل لە ناوچە دیاریکراوەکانی کەرتەکە.

هەروەها پلانەکە باس لە رادەستکردنی بەڕێوەبردنی کەرتەکە دوای جەنگ بە لیژنەیەک لە تەکنۆکراتە سەربەخۆکان دەکات، بە یارمەتیی شارەزایانی نێودەوڵەتی و بە سەرپەرشتیی "ئەنجوومەنی ئاشتی" کە ترەمپ سەرۆکایەتی دەکات. پلانەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە حەماس هیچ رۆڵێکی لە بەڕێوەبردنی غەززەدا نابێت و پێداگری لەسەر پێویستیی چەککردنی دەکات.

حەماس پێشتر رایگەیاندبوو کە نیازی نییە لە دوای جەنگ بەشداری لە بەڕێوەبردنی کەرتەکەدا بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا پرسی چەککردنی قبووڵ نەکردووە.

لایەنەکان جەختیان لە "گرنگیی دەرکردنی بڕیارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کردەوە سەبارەت بەو هێزە کاتییەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بڕیارە بۆ چاودێریکردنی ئاگربەست پێکبهێندرێت."

بە گوێرەی پلانەکەی ترەمپ، دەبێ ئەمریکا لەگەڵ هاوبەشە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکان کاربکات بۆ "پێکهێنانی هێزێکی سەقامگیریی نێودەوڵەتیی کاتی بۆ جێگیرکردنی دەستبەجێ لە غەززە."

لایەنە فەلەستینییەکان هەروەها داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی هەموو هێزە فەلەستینییەکانیان کردووە بۆ کاراکردنەوەی رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستین کە بزووتنەوەی حەماسی تێدا نییە.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئامانجی کۆبوونەوەکە "رێککەوتنە لەسەر ستراتیجییەکی نیشتمانی و کاراکردنەوەی رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستین، وەک تاکە نوێنەری رەوای گەلی فەلەستین، بەشێوەیەک کە هەموو پێکهاتە و هێزە زیندووەکانی گەلەکەمان لەخۆبگرێت."

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif