نەتەوە یەکگرتووەکان: قاتوقڕی لە غەززە کۆتاییهات، بەڵام دۆخەکە هێشتا مەترسیدارە

ليست هناك تعليقات


نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ، ئەو قاتوقڕییەی لە مانگی ئابی 2024ـەوە لە غەززە راگەیێندرابوو کۆتاییهاتووە، ئەوەش بەهۆی باشتربوونی پڕۆسەی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانەوە.

دەسپێشخەریی پۆلێنکردنی قۆناخەکانی ئاسایشی خۆراک (IPC) کە هاوپەیمانێتییەکی چاودێرییە و لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئەرکدار کراوە، رایگەیاند: "چیدیکە هیچ ناوچەیەکی غەززە لەژێر پۆلێنی برسێتیدا نەماوە."

بەڵام دەستەکە هۆشداری دەدات کە "دۆخەکە هێشتا بە نالەباری ماوەتەوە و تەواوی کەرتی غەززە لەژێر پۆلێنی باری نائاساییدایە."

ئەم باشتربوونەی دۆخی خۆراک دوای ئەوە دێت کە ئاگربەستێکی نێوان حەماس و ئیسرائیل بە چاودێریی ئەمریکا جێبەجێکرا و کۆتایی بەو جەنگە خوێناوییە هێنا کە لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە دەستیپێکردبوو.

رێککەوتنەکە لە 10ـی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵەوە کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئیسرائیل و حەماس رۆژانە یەکدی بە پێشێلکردنی مەرجەکانی ئاگربەستەکە تۆمەتبار دەکەن، دۆخەکە بە "لەرزۆک و ناسک" دادەنرێ.

راپۆرتەکەی (IPC) ئاماژە بەوە دەکات، شڕۆڤە نوێیەکان بەراورد بە راپۆرتی ئابی 2025، گەشەیەکی بەرچاو لە ئاسایشی خۆراک و لایەنی تەندروستیدا نیشان دەدات.

سەرەڕای کۆتاییهاتنی قۆناخی برسێتی، نەتەوە یەکگرتووەکان مەزەندە دەکات لە ماوەی نێوان ئێستا تاوەکو 15ـی نیسانی داهاتوو، هێشتا نزیکەی 1.6 ملیۆن کەس لە غەززە رووبەڕووی "قەیرانی ئاسایشی خۆراک" ببنەوە و پێویستیان بە هاوکاریی بەردەوام بێت.
 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif