لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج لیژنەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی رایگەیاند، ماریا کورینا ماچادۆ بووە براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی بۆ ساڵی 2025.
رۆژی 10ی تشرینی یەکەمی 2025، یۆرگن واتن فریدنس، سەرۆکی لیژنەی نۆبڵ بۆ ئاشتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "بەهۆی کارەکانی بۆ پاڵپشتیکردنی مافە دیموکراتەکانی خەڵکی ڤەنزوێلا و گۆڕینی ئاشتییانەی (ڤەنزوێلا) لە دیکتاتۆرییەوە بۆ دیموکراسی" ماریا بووە کورینا ماچادۆ بووە براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی.
ماریای تەمەن 58 ساڵ خەڵکی ڤەنزوێلایە و ئێستا سەرۆکی پارتی ڤینتی ڤەنزوێلایە. ئەو سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکەشیەتی و حکومەتی وڵاتەکەی گەشتکردنی دەرەوە لێ قەدەخەکە کردووە.
براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی، لەلایەن لیژنەیەکی پێنج کەسی نەرویجییەوە دیاریکراوە.
ساڵی 2002، ماریا دەستی بە کاری سیاسی کردووە و گرووپێکی بەناوی سەمەت بۆ بەرگریی لە ئازادی سیاسی دامەزراند. ساڵی 2018، لەلایەن سی ئێن ئێنەوە وەکو 100 دیارترین کەسایەتی ژنی لە جیهاندا دەستنیشان کراوە.
ساڵی 2025، گۆڤاری تایمزی ئەمریکی ماریای وەکو یەکێک لە 100 کاریگەرترین کەسایەتی لە جیهاندا وەسفکرد.
براوەی خەڵاتەکە مەدالیایەکی زێڕین، بڕوانامەیەک و خەڵاتێکی نەختینەیی وەردەگرێت، کە لە مەراسیمێکی گەورەدا لە رۆژی 10ی کانوونی یەکەم، کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی کۆچی دوایی ئەلفرێد نۆبڵ، دامەزرێنەری خەڵاتەکە، لە ئۆسلۆ پێشکێشی دەکرێت.
ماریا هاوسەرگیری کردووە و خاوەنی سێ منداڵە. پاریش خەڵاتی ساخارۆڤی بۆ ئازادی بیرکردنەوە بردەوە. ماریا بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاری شارستانیدا هەیە.
ماریا ماچادۆ ساڵی 2017 هاوپەیمانی سۆی ڤەنزوێلای لە وڵاتەکەی دروستکرد، کە تایبەتە بەو پارتانەی لە وڵاتەکەی پاڵپستی دیموکراسی دەکەن. هەروەها خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ساڵی 2024 بەربژێر کرد، بەڵام لەلایەن حکومەتەوە دوورخرایەوە، بۆیە پاڵپشتی لە بەربژێری ئۆپۆزسیۆن دژی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ئێستای ڤەنزوێلا کرد.
تاوەکو 31ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ دەرفەت هەبوو بۆ وەرگرتنی بەربژێر بۆ بردنەوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا یەکێک بوو لەو کەسانەی هەوڵی بۆ بردنەوەی دەدا و لەلایەن ژمارەیەک وڵاتەوە بەربژێر کرابوو، بەڵام زۆرینەی کارەکانی و گوتەی بەرپرسانی ئەو وڵاتانە دوای 31ی کانوونی دووەم بوون.
338 بەربژێر کە 244 کەسایەتی و 94 رێکخراو بوون رکابەرییان لەسەر بەدەستهێنانی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی دەکرد کە رێز لە هەوڵەکان بۆ هاندانی ئاشتی و برایەتیی نێوان گەلان دەنێت.
براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی لە ساڵی 2024دا، رێکخراوی نیهۆن هیدانکیۆی ژاپۆنی بوو کە کار لەسەر نەهێشتنی چەکی کۆمەڵکوژ و ئەتۆمی دەکات.
خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، کە یەکەمجار لە ساڵی 1901 بەخشرا، رێز لەو کەس و رێکخراوانە دەگرێت کە "گەورەترین یان باشترین کاریان بۆ پتەوکردنی برایەتیی نێوان نەتەوەکان، هەڵوەشاندنەوە یان کەمکردنەوەی سوپا چەکدارەکان و بەڕێوەبردنی کۆنگرەکانی ئاشتی" کردووە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق