وەزارەتی دادی ئیسرائیل ناوی 250 زیندانیی فەلەستینیی بڵاوکردەوە کە بڕیارە وەک بەشێک لە گۆڕینەوەی زیندانیان بە بارمتەکان ئازادبکرێن. بە گوێرەی پلانی ئاگربەستی غەززە، حەماس 46 بارمتە و تەرمەکانیان دەداتەوە ئیسرائیل، ئەویش دوو هەزار زیندانیی فەلەستینیی ئازاد دەکات.
رۆژی هەینی 10ی تشرینی یەکەمی 2025 وەزارەتی دادی ئیسرائیل لیستی ناوی 250 زیندانییەی فەلەستینی بڵاوکردەوە کە بە زیندانیی تاهەتایی سزا درابوون.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتەکە، لەو 250 زیندانییە 1،5یان لە رۆژهەڵاتی قودس - ئۆرشەلیم و 100یان لە کەرتی رۆژئاوا ئازاد دەکرێن.
راگەیاندنی ئەو لیستە دوای ئەوە هات، بەرەبەیانی ئەمڕۆ حکومەتی ئیسرائیل پلانی ئاگربەستی غەززەی پەسند کرد.
ئەیاد ئەبو رەب، فەرماندەی جیهادی ئیسلامی لە جنین و کەرتی رۆژئاوا لەنێو لیستی ئازادکراواندایە. ئەبو رەب بە تۆمەتباری پلاندانەری هەریەک لە تەقینەوەی شامۆد میشۆلا لە 2003، تەقینەوەی خۆکوژی لە تەلئەڤیڤ لە شوباتی 2004 و تەقینەوەیەکی دیکەی خۆکوژی لە حەیفا دادەندرێ. بە گوێرەی میدیای ئیسرائیل، لەو هێرشانەدا 13 کەس کوژران.
هەروەها محەممەد زەکەرنا، فەرماندەی بزووتنەوەی فەتح، کە تۆمەتبارە بە هێرشێک بۆ کوشتنی شۆفێری تاکسییەک لە ئیسرائیل، لە لیستی ئەو کەسانەدایە کە ئازاد دەکرێن.
لەنێو لیستەکەدا ئەحمەد سەعدات، ئەمینداری گشتیی بەرەی رزگاریی فەلەستین و مەروان بەرغوتی، کەسایەتیی دیاری فەتح نین.
پلانی ئاگربەست لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە پێشنیاز کرا، ئەوەش بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگێک کە تشرینی یەکەمی پێرار بە هێرشی حەماس بۆسەر ئیسرائیل دەستیپێکرد.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق