دڵشاد شەهاب، قسە ڕەقەکانی پارتی بە نەرمی کرد

ليست هناك تعليقات


دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیك دەبێتەوە لە ساڵێك، لە ماوەی ئەم ساڵەدا پەیوەندیەکانی نێوان یەکێتی و پارتی بە بەرزی و نزمی زۆردا تێپەڕیوە، لە دواین دیداری باڵای نێوان پارتی و یەکێتیدا تاڕادەیەکی باش نێوانیان بەرەو ئاسایی بونەوە چوو، بەڵام یەکەم دەرکەوتنی بافڵ تاڵەبانی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا نیگەرانی لای پارتی دروستکرد کە پێکنەهێنانی حکومەتی کردە بەشێك لە بانگەشەی هەڵبژاردن و وەك دەستکەوت ئاراستەی دەنگدەرانی کرد.

لە دیمانەیەکدا دڵشاد شەهاب، ڕاوێژکاری یەکەمی سەرۆکی هەرێمە و ئەندامی کۆمیتەیی ناوەندی پارتیە، لە لێدوانەکەیدا بە جۆرێ قسەیکرد کە کەم کەس ئاوا بە ڕوونی قسەی لەبارەی پێکنەهێنانی کابینەی نوێ کردوە لە ماوەی ڕابردوودا، ئەو لە قسەکانیدا نەهات تەواوی گرفتەکان بخاتە ئەستۆی یەکێتی بەڵام بە ڕوونی پێی وتین کە نەدەبوو بافڵ تاڵەبانی پێکنەهێنانی کابینەی نوێ بەدەستکەوت بە خەڵك بفرۆشێتەوە، ئەم قسەیەی دڵشاد شەهاب جێگای لەسەر وەستانە کە چۆن دەبێت دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێ ببێتە دەستکەوت و لایەنێك وەك بانگەشە بەکاری بهێنێت لە کاتێکدا کەم و کورتیەکی گەورەیە، نەك ئەوەی سەرۆکی یەکێتی بە خەڵك بڵێ ئەوە منم ڕازی نیم کابینەی حکومەت پێك بهێنڕیت، ئاخر دواکەوتنی پێکنەهێنانی کابینە شانازیە یان ئیحراجی؟

"پارتی سازش لەسەر پۆستی وەزیری ناوخۆ ناکات و چاوەڕێی ئەو وەزارەتە مەبن"

دەکرێت بڵێین دڵشاد شەهاب وێڕای ئەوەی سیاسیەکی نەرمە، بەڵام لەم دیمانەیەدا قسە ڕەقەکانی پارتی بە زما نێکی نەرم دا بە گوێی یەکێتیدا و پێی وتن پارتی سازش لەسەر پۆستی وەزیری ناوخۆ ناکات و چاوەڕێی ئەو وەزارەتە مەبن، ئەو وێڕای ئەوەی نەیشاردەوە کە تەنها پێوەر هەڵبژاردن نیە و ئێمە حساب بۆ نفوزی جوگرافی و ئیدارەدانی ناوچەیی دەکەین لە پێکهێنانی کابینەی نوێ، بەڵام ناکرێ هەڵبژاردن هیچ حسابێکی بۆ نەکرێت، بەڵکو ئەبێت حساب بۆ دەنگدەرانی خۆمان بکەین، چونکە ئەگەر وانەکەین کەواتە هەڵبژاردن بۆچی بکەین کە دەنگی خەڵك نادیدە بگرین، بەم قسانە بە یەکێتی وت چاوەڕێی ئەوە مەبن کە پۆستەکان وەك یەك بەش بکەین لە نێوان خۆماندا لە کاتێکدا ئێوە ٢٣ کورسی و ئێمە ٣٩ کورسیمان هەیە هەرچەند سنوری جوگرافی و ئیدارەو ناوچەی جێ نفوزی خۆتانتان هەبێت، من لە ڕاستیا پێموایە دەبێت هەڵبژاردن پێوەری سەرەکی بێت و لێکەوتەی هەڵبژاردن بڕیاری تەواو لەسەر داهاتوو بدات خۆ ئەگەر وانەبێ ئیتر مانایەك بۆ هەڵبژاردن و دەنگی خەڵك نامێنێتەوە، بۆیە دەبێت پێوەری گرتنەدەستی دەسەڵات ئەنجامی هەڵبژاردن بێت، هەڵبژاردنێکی متمانەدار.

" ناکرێ هیچ حسابێك بۆ هەڵبژاردن نەکرێت، بەڵکو ئەبێت دەنگی دەنگدەرانی خۆمان بە گرنگ وەربگرین تا هەڵبژاردن بێ بایەخ نەبێت"


زۆر بە کورتی قسەکانی ڕاوێژکارەکەی نێچیرڤان بارزانی پێی وتین کە خاڵی ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی ئەوەیە یەکێتی بە ئەندازەی کورسیەکانی داوای بەشداری لە کابینەکە ناکات بەڵکو بە ٢٣ کورسیەوە داوای ئیستیحقاقی نزیکەی ٤٠ کورسی دەکات و ئەمەش پارتی پێی ڕازی نیە، بۆیە بەزمانێکی نەرم وتی چاوەرێی ئەوە نەبن سازش لەسەر ئەو پۆستانە بکەین کە بە پێی ئەنجامی هەڵبژاردن دەبنە بەرکەوتەی پارتی، بەم پێیەشبێت پێکهێنانی کابینەی نوێ لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش گرفتی گەورەی لەبەردەمدا ماوە و گفتوگۆکان بە ئاسانی ئەنجامیان نابێت، بۆیە بەرکەوتەی هەڵبژاردنی عێراقیش دەبنە گرفتێکیتری سەر مێزی گفتوگۆی نێوان یەکێتی و پارتی، بە پێچەوانەشەوە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەنجامی هەڵبژاردن و ڕازی بوون پێی گرفتەکان کەم دەکاتەوە و متمانە بۆ هەڵبژاردنیش بەهێزتر دەبێت.

عوسمان گوڵپی

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif