ئەندامێکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، عەلی خامنەیی فەرمانی هەڵگرتنی هەموو سنووردارکردنەکانی مەودای مووشەكیی کۆماری ئیسلامیی دەرکردووە.
رۆژی چوارشەممە، 8ی تشرینی یەکەم 2025، ئەحمەد بەخشایش ئەردەستانی، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانیی لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، لە رابردوو رێبەری کۆماری ئیسلامی مەودای مووشەکەکانی بۆ 2200 کیلۆمەتر سنووردار کردبوو، بەڵام ئێستا هەموو جۆرە سنووردارکردنێکی هەڵگرتووە.
ئەحمەد بەخشایش ئەردەستانی گوتی: "کاتێک دەبینین ئەمریکا هێرش دەکاتە سەرمان، ئەگەر هەوڵبدەین مەودای مووشەکەکانمان سنووردار بکەین، ئەوا نابێت بۆیە شتێکی دروستە کە هیچ سنووردارکردنێک بۆ مەودای مووشەکەکانمان قبوڵ نەکەین".
ئەو ئەندامەی پەرلەمان گوتیشی: "هێزی سەرەکی ئێمە لە شەڕدا مووشەکە و پێویستە گرنگترین فاکتەری هێزی سەربازیمان، بەرنامەی مووشەکیمان، بەبێ هیچ سنووردارکردنێک بەهێزتر بکەین."
ئێران زۆر شانازی بە بەرنامە مووشەکییەکەی دەکات، ئەو پەرلەمانتارە گوتی: "ئێمە ئامادەین دانوستاندن لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی بکەین، بەڵام دانوستاندن لەسەر بەرنامەی مووشەکی ناکەین."
ئەوە لە کاتێکدایە رۆژی 1ی تشرینی یەکەم محەممەد جەعفەر ئەسعەدی، جێگری پشکنەری بارەگای خاتەم ئەلئەنبیا، لە کاردانەوە بە پێداگری وڵاتانی ئەورووپیی لەسەر کەمکردنەوەی مەودای مووشەکی کۆماری ئیسلامی رایگەیاند: "مەودای مووشەکەکانی ئێران بۆ هەر خاڵێکی پێویست بێت زیاد دەکرێت."
پێشتریش پرسی زیادکردنی مەودای مووشەکەکانی کۆماری ئیسلامی هاتبووە ئاراوە. لە 12-2-2025، خامنەیی جەختی لە سەر پێویستی پێشکەوتن لە هەموو کەرتە سەربازییەکان کردەوە و گوتی: "بۆ نموونە ئەگەر لە قۆناخێکدا ئاستێکی دیاریکراو و سنووردارمان بۆ مووشەکەکان لەبەرچاو گرتووە و ئەمڕۆ پێویستمان بە زیادکردنی هەیە، دەبێ ئەمە بکرێت."
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق