عێراق بووە ئەندامی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان

ليست هناك تعليقات



ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویکردەوە، 14 وڵاتیان هەڵبژارد بۆ بوونە ئەندام لە ئەنجوومەنەکەیان و یەکێک لەو وڵاتانەی عێراقە.

ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێکس بڵاویکردەوە، "کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان عێراقی وەکو ئەندامێک لە ئەنجوومەنی مافەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سێ خول هەڵبژارد، کە لە 1ی کانوونی دووەمی 2026ـەوە دەستپێدەکات".

بە گوێرەی ئەنجوومەنەکە، جگە لە عێراق 13 وڵاتی دیکەش بۆ ئەندام بوون هەڵبژێردراون کە ئەوانەیش ئەنگۆلا، چیلی، ئیکوادۆر، میسر، ئیستۆنیا، هیندستان، ئیتاڵیا، مەوریتانیا، پاکستان، سلۆڤینیا، ئەفریقای باشوور، بەریتانیا و ڤێتنامن. ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو 14 ئەندامە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2028 لە کارەکانیان بەردەوام دەبن.

193 وڵات ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانن ،کە 47یان دەتوانن لە یەک کاتدا ببنە ئەندامی ئەنجوومەنەکە.

ئەندامبوون لە ئەنجوومەنەکە بە شێوازی خولە نەوەک هەمیشەیی. لە یەک کاتدا 13 وڵاتی ئەفریقایی، 13ی پاسفیکی ئاسیا، 8ی ئەمریکای لاتین و کاریبی، حەوت لە رۆژئاوای ئەورووپا و شەش لە رۆژهەڵاتی ئەورووپا دەتوانن بۆ سێ خول ببنە ئەندام و پاشان پێویستە لانیکەم خولێک ئەندامیەتی بۆ وڵاتانی دیکەی ناوچەکانیان چۆڵ بکەن.

ساڵانە یەکجار هەڵبژاردن لەنێو کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەندامبوون لە ئەنجوومەنەکە دەکرێت. وڵاتەکان لەلایەن گرووپە ناوچەییەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەربژێر دەکرێن.

نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر پێنج گرووپی ناوچەییدا دابەش بووە کە ئەوانیش گرووپی ئەفریقا، گرووپی ئاسیا پاسفیک، گرووپی ئەمریکای لاتین و دەریای کاریبی، گرووپی رۆژهەڵاتی ئەورووپا و گرووپی رۆژئاوای ئەورووپا.

دوای ئەوەی وڵاتێک لەلایەن یەکێک لەو پێنج گرووپانەوە بەربژێر دەکرێت، ئەوا دەبێت 97 دەنگ لە 193 ئەندامەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەدەستبهێنێ.

مەرجێکیش هەیە بۆ بوونە ئەندام لە ئەنجوومەنەکە، ئەویش پەیڕەوکردنی بڕیارنامەی 60/251. بڕیارنامەکە دەڵێت، "ئەندامانی هەڵبژێردراو بۆ ئەنجوومەنەکە پێویستە خاوەنی بەرزترین ئاستی پاڵپشتیکردن و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بن".


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif