ئیسرائیل بە یەک وشەی من دەست بە شەڕ دەکاتەوە

ليست هناك تعليقات



دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر بزووتنەوەی حەماس پابەندی بەشەکەی خۆی نەبێت لە رێککەوتنی ئاگربەست، ئەوا رێگە بە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەدات دەست بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە غەززە بکاتەوە و گوتی، هێزەکانی ئیسرائیل "هەر کە من وشەکە بڵێم" دەتوانن بگەڕێنەوە سەر شەقامەکان.

رۆژی چوارشەممە 15-10-2025 سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "ئەوەی لەگەڵ حەماس روودەدات، بەخێرایی چارەسەر دەکرێت."

لێدوانەکانی ترەمپ لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل، حەماس بەوە تۆمەتبار دەکات پابەندی رێککەوتنەکە نەبووە بۆ رادەستکردنەوەی بارمتەکان، چ زیندوو و چ مردوو، وەک بەشێک لە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە غەززە.

ئەمەش تووڕەییەکی زۆری لە ئیسرائیل دروستکردووە و دەسەڵاتداران بە نەتەوە یەکگرتووەکانیان راگەیاندووە، ئەو کاروانە هاوکارییە مرۆییانەی چاوەڕوان دەکرا رێگەیان پێبدرێت بچنە نێو غەززە، کەم دەکرێنەوە یان دوادەخرێن بەهۆی ئەو ژمارە کەمەی بارمتە کوژراوەکان کە رادەستکراونەتەوە. بەڵام تاوەکو ئێستا، ئاگربەستە ناسکەکە بەردەوام بووە.

خاڵی 4ـی پلانە ئاشتییە 20 خاڵییەکەی ترەمپ دەڵێت، "لە ماوەی 72 کاژێردا لەدوای قبووڵکردنی ئەم رێککەوتنە لەلایەن ئیسرائیلەوە، دەبێت هەموو بارمتەکان، زیندوو و مردوو، بگەڕێنرێنەوە."

تاوەکو بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، هەر 20 بارمتە زیندووە ئیسرائیلییەکە گەڕێندرابوونەوە. بەڵام حەماس تەنیا رووفاتی چوار کەسی رادەستکردبووەوە و سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، یەکێکیان تەرمی بارمتەیەکی ئیسرائیلی نییە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار رۆژی چوارشەممە بە سی ئێن ئێنی گوت، چاوەڕوان دەکرێت ئەمشەو رووفاتی چوار بۆ پێنج کەسی دیکە بگەڕێنرێنەوە.

ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد کە رزگارکردنی بارمتە زیندووەکان گرنگ بوو و گوتی: "دەرهێنانی ئەو 20 بارمتەیە خاڵی لە پێشینە بوو."

ترەمپ پێشتر هۆشداریدابوو کە دەبێت حەماس چەک دابنێت ئەگینا "ئێمە چەکیان دەکەین." پلانە 20 خاڵییەکەی باس لە داهاتوویەک دەکات کە تێیدا حەماس رەزامەند دەبێت هیچ رۆڵێکی لە بەڕێوەبردنی غەززەدا نەبێت، کە دەبێت چەک بکرێت و لەژێر چاودێریی سەربەخۆدا بێت.

ترەمپ بە سی ئێن ئێنی گوت، حەماس "دەچێتە نێو شار و گرووپە چەکدارە تووندوتیژەکان پاک دەکاتەوە." کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا ئەگەری ئەوە هەیە حەماس فەڵەستینییە بێتاوانەکان بە مەرگ سزا بدات، گوتی: "لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەم. بۆمان دەردەکەوێت. رەنگە گرووپی چەکدار و زیاتریش بن."

کاتێک پرسیاری لێکرا چی روودەدات ئەگەر حەماس رەتی بکاتەوە چەک دابنێت؟ ترەمپ لە وەڵامدا گوتی: "بیری لێدەکەمەوە. ئیسرائیل هەر کە من وشەکە بڵێم دەگەڕێتەوە بۆ سەر ئەو شەقامانە."

سەرۆکی ئەمریکا هەروەها گوتی: "ناچاربووم رایانبگرم،" مەبەستی لە سوپای ئیسرائیل و حکومەتی نەتەنیاهوو بوو، گوتیشی: "گفتوگۆیەکی تووندم لەگەڵ بیبی کرد." [بیبی مەبەستی نەتەنیاهووە].

لەگەڵ ئەوەشدا، سەرۆکی ئەمریکا بە روونی هەستی بە گەشبینی دەکرد سەبارەت بە ئاسۆی درێژخایەنی ئاشتی، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی پشتیوانیی بەهێزی وڵاتانی دیکەی ناوچەکە.

ئەو لەبارەی رێککەوتنی ئاگربەستەکەوە گوتی: "59 وڵات بەشێکن لەمە، دەیانەوێت ببنە بەشێک لە رێککەوتننامەکانی ئەبراهام. ئێستا ئێران چیدیکە کێشە نییە."

ترەمپ هەروەها گوتی، بەردەوامە لە کارکردن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رووسیا دژی ئۆکراینا و بڕیارە رۆژی هەینی ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا سەردانی کۆشکی سپی بکات.

 

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif