بڕیارە شاری زێڕی جیهانی لە بەغدا بۆ رێکخستنی بازرگانی زێڕ و گەوهەر بەگوێرەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان دروست بکرێت.
دروستکردنی ئەو شارە لە کۆبوونەوەیەکی نێوان محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ژمارەیەک لە زێڕینگەران و بازرگانانی زێڕ لە عێراق باسکرا، کە لە 2ی تشرینی یەکەمی 2025 کراوە.
بەگوێرەی نووسینگەی رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیران، لەو کۆبوونەوەیەدا محەممەد شیاع سوودانی رایگەیاندووە، پڕۆژەی شاری زێڕی جیهانی پەسند کراوە کە بارەگاکەی لە بەغدا دەبێت. ئەوەشی بە هەنگاوێکی ستراتیژی ناوبردووە بۆ بەجێکردنی پیشەسازی و رێکخستنی بازرگانیی زێڕ و گەوهەر بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.
هەروەها گوتوویەتی، پڕۆژەکە بۆ فەراهەمکردنی ژینگەیەکی مۆدێرنە تاوەکو پشتگیری لە پیشەسازییە گۆڕاوەکان بکات، هەلی کار بڕەخسێنێت و پاڵپشتیی هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات بکات.
دامەزراندنی شاری زێڕی جیهانی لەسەر پێشنیاری وەزارەتی بازرگانیی عێراق بووە و ئەنجوومەنی وەزارى بۆ ئابووری وەک راسپاردە بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی بەرزکردووەتەوە.
سوودانی رایگەیاند، حکومەت لە ئاستەنگەکانی بەردەم کارکەرانی سێکتەری زێڕ تێدەگات لەوەی پەیوەندیدارە بە رێکارە کارگێڕییەکان یان چاودێری و کوالێتی.
ئەو شارەی زێڕ کە بڕیارە دروست بکرێت، ناوچەیەکی پیشەسازیی تایبەتمەند و ناوەندی راهێنانی زێڕەنگەری تێدا دەبێت.

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق