400 کەس لە غەززە بەهۆی بەدخۆراکییەوە گیانیان لەدەستداوە

ليست هناك تعليقات


رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) دەڵێت، تاوەکو ئێستا 400 کەس بەهۆی برسێتی و بەدخۆراکییەوە گیانیان لەدەستداوە، کە 101یان منداڵ بوون و 80یان تەمەنیان لە خوار 5 ساڵەوە بووە.

ئامینە ئەبو عەتەوی، دایکی منداڵێکی بەدخۆراکە بەناوی شاهر، چیرۆکی تراژیدیی خۆی دەگێڕێتەوە و دەڵێت، "لە ماوەی دووگیانی، منداڵبوون و دوای منداڵبووندا، دۆخەکە بەهۆی بەدخۆراکییەوە زۆر خراپ بوو. بەهۆی نەبوونی خۆراک، پرۆتین و ماسییەوە کێشێکی زۆرم لەدەستدا. کێشم لە 70 کیلۆگرامەوە بۆ 46 - 47 کیلۆگرام دابەزی، بۆیە بە سەختی منداڵم بوو. منداڵەکەم بە لاوازی و بەدخۆراکی لەدایکبوو."

لە کاتێکدا ئامینە هەوڵدەدات شیری قوتوو بداتە شاهری کوڕی، دەڵێت، "نەخێر، کێشی زیاد ناکات. دۆخەکە زۆر سەختە، خۆراک نییە، بۆیە منیش شیرم نییە پێی بدەم. لەبەرئەوەی شیری خۆمی پێنادەم. بەرگریشی نییە و زۆر بە خێرایی تووشی هەوکردن دەبێت."

ئەو دایکە دەشڵێت، "منداڵەکە زۆر ماندوو و لاوازە، ناتوانێت خۆی رابگرێت. تەنانەت ئەگەر بمەوێت شیری خۆمی پێبدەم، خۆشم خۆراکم نییە. سەیری دەستی بکە؛ هیچ ماسوولکەیەکی نییە، هیچ شتێکی نییە، لاوازە. منداڵی چوار مانگان لانیکەم دەتوانێ دابنیشێت، بەڵام منداڵەکەی من تەنانەت ئەوەش ناتوانێت بکات."

"رووبەڕووی کارەساتێکی راستەقینە دەبینەوە"

دکتۆر رەنا ئەبو زەعاتر، بەرپرسی بەشی خۆراکی چارەسەری لە نەخۆشخانەی عەودە پشتڕاستی دەکاتەوە کە دۆخەکە رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبێت.

رەنا ئەبو زەعاتر دەڵێت، "ژمارەیەکی زۆر نەخۆشمان لە باشووری کەرتی غەززەوە بۆ دێن. نەوەک تەنیا لەنێو منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵ، بەڵکو دەستمان کردووە بە بینینی دۆخی نوێ لە سەروو تەمەنی پێنج ساڵیشەوە. بەدخۆراکی لە تەمەنی 5 بۆ 12 ساڵ هەیە، تەنانەت لەم دواییانەدا دۆخمان لە تەمەنی دوو مانگ بۆ شەش مانگیش بۆ دێت."

بەرپرسی بەشی خۆراکی چارەسەری لە نەخۆشخانەی عەودە هۆشداری دەدات و دەڵێت: "ئەگەر دەروازەکان بەم شێوەیە دابخرێن و نرخی کاڵا سەرەکییەکان بەردەوام بێ لە بەرزبوونەوە، رووبەڕووی کارەساتێکی راستەقینە دەبینەوە بەهۆی بەدخۆراکییەوە."

ئەو خانمە پزیشکە ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەگەر ژنێکی دووگیان تووشی بەدخۆراکی بێ، ئەگەری لەبارچوونی منداڵەکەی بەرزە یان منداڵەکەی بە کێشێکی کەمەوە لەدایک دەبێت. دایکە بەدخۆراکەکەش ناتوانێت بڕی پێویستی شیر بداتە منداڵەکەی، ئەوەش وا دەکات منداڵەکە بە لاوازی بمێنێتەوە."

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif