لە کۆی نزیکەی 60 پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق، تەنیا 9 پەرلەمانتار لە هەڵبژاردنەکانی خولی نوێدا خۆیان بەربژێر نەکردووەتەوە، زۆربەی پەرلەمانتارە سەربەخۆکان پەیوەندییان بە هاوپەیمانییەکانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقەوە کردووە. هەندێکیشیان لە شوێنی خۆیان کوڕەکانیان بەربژێر کردووە.
نزیکەی 13 پەرلەمانتاری سەربەخۆ چوونەتە پاڵ هاوپەیمانییەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و نزیکەی نیوەی ئەو ژمارەیەش پەیوەندییان بە هاوپەیمانیی "ئەساسی عێراق"ـی موحسین مەندەلاوییەوە کردووە. ژمارەیەکی دیکەش لەنێو لیستەکانی دەوڵەتی یاسای نووری مالیکی، هێزەکانی دەوڵەتی عەمار حەکیم، تەقەدوومی محەممەد حەلبووسی و عەسائیب ئەهلی حەقی قەیس خەزعەلیدا دابەش بوون.
لە 60 پەرلەمانتار بەشێکی کەمیان سەربەخۆ مانەوە
لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021، سەربەخۆکان نزیکەی 60 کورسییان بەدەستهێنا، کە زۆربەیان لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکانەوە نزیک بوون. هەرچەندە لە سەرەتادا بێلایەنیی خۆیان راگەیاند، بەڵام دوای ماوەیەک زۆربەیان چوونە ریزی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی و هێزە سوننەکان.
تەنیا 6 پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانی 2025 کشاونەتەوە، لەوانە ئەسما عانی و ئەمیر مەعمووری. هەروەها، خالید دەڕاجی و هادی سەلامی کشاونەتەوە و کوڕەکانیان بەناوەکانی وەلید خالید حەسەن ساڵح دەڕاجی بە ژمارە 24 و حەسەن هادی حەسەن سەلامی بە ژمارە 12 لە لیستەکانی حەسم لە سەلاحەدین و ئەساسی عێراقی لە نەجەف بەربژێر کردووە.
هادی سەلامی، پەرلەمانتاری سەربەخۆ رۆژی چوارشەممە، 22-10-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە ماوەی کاری پەرلەمانتاریدا وەکو پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ زۆر ماندوو بووە. بەگوێرەی دوایین راپۆرتی روانگەی پەرلەمانی، ناوی لەنێو 20 پەرلەمانتارە کاراکەی ئەو خولەی پەرلەمانی عێراقدایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خۆی بۆ ئەم خولەی هەڵبژاردن بەربژێر نەکردووەتەوە و لەبری خۆی کوڕەکەی بەربژێر کردووە بۆ تەواوکردنی کارەکانی، لە هەمان کاتدا خۆشی چاودێریی کاروباری پەرلەمانتاریی کوڕەکەی دەکات."
لەبارەی کەمبوونەوەی بەربژێرە سەربەخۆکان، ئەو پەرلەمانتارە گوتی: "هەڵبژاردنی رابردوو فرەبازنەیی بوو و بوار هەبوو بەربژێری سەربەخۆ سەربکەون، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا هەر پارێزگایەک بووەتە یەک بازنەی هەڵبژاردن، ئەمەش هەلی دەرچوونی بەربژێرە سەربەخۆکانی کەم کردووەتەوە، بۆیە بەشێک لە بەربژێرەکان لەنێو لیستەکاندا خۆیان بەربژێر کردووە بۆ ئەوەی سەرکەون و ببنە پەرلەمانتار."
محەممەد عەنووز، یەکێک لە سەربەخۆکان لە نەجەف و فارووق حەننا، پەرلەمانتاری کۆتای کریستیانەکان لە هەولێر، خۆیان بەربژێر نەکردووەتەوە. فارووق حەننا بە پشتیوانیی دەنگی حیزبی شیوعی کوردستان، کورسیی کۆتای کریستیانەکانی لە هەولێر بردەوە، 3 پەرلەمانتار لە بزووتنەوەی ئیمتیدادیش کشاونەتەوە، ئەمە نیشانەی لاوازیی هێزە نوێیەکانە لەبەردەم پارتە تەقلیدییەکاندا. دیارترین ئەو کەسانەی کشاونەتەوە بریتین لە عەلا رکابی، فاتیمە عیساوی و کیفاح سوودانی.
بەشێكی سەربەخۆکان ئاراستە دەگۆڕن؛ 'چوونە نێو فراکسیۆنە گەورەکان'
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، رۆژی چوارشەممە، 22-10-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەشێکی سەربەخۆکان وەکو نوێنەرانی خۆپێشاندەران بوونە پەرلەمانتار، بەڵام دوای ئەوەی بوونە پەرلەمانتار، ئاراستەی خۆیان گۆڕی و چوونە پاڵ پارت و فراکسیۆنە گەورەکان، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکیان وەکو سەربەخۆ مانەوە، بەڵام ژمارەیان کەم بوو.
لە خولی پێشوودا، حیزبەکان، وەکو رێکخراوی بەدر، دەوڵەتی یاسا و تەقەدووم، بەربژێریان لەژێر ناوی "سەربەخۆ" هەبوو. گرووپە چەکدارەکانیش لایەنگرانی خۆیان وەکو بەربژێری سەربەخۆ بەشداری پێدەکرد و بەم شێوەیە سوودیان لە ناوی "سەربەخۆ" وەردەگرت بۆ بەهێزکردنی کاریگەرییان. دوای هەڵبژاردنەکانی 2021، زۆربەی پەرلەمانتارە سەربەخۆکان بەخێرایی پەیوەندییان بە هاوپەیمانییە گەورەکانەوە کرد.
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، هەندێکی دیکەش بەهۆی تاکتیکی هەڵبژاردن و شێوازی فرەبازنەیی، پارتەکان ئەو کەسانەیان وەکو سەربەخۆ بەربژێر کرد، دواتریش چوونە نێو حیزب و فراکسیۆنەکانەوە.
لە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەدا، 7 پەرلەمانتاری سەربەخۆ پەیوەندییان بە هاوپەیمانیی "ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان"ـی سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانییەوە کرد. 6 پەرلەمانتاری پێشووی بزووتنەوەی ئیمتیداد چوونە نێو هەمان هاوپەیمانی. 6 پەرلەمانتاری سەربەخۆ چوونە نێو "هاوپەیمانیی ئەساس" بە سەرۆکایەتیی موحسین مەندەلاوی و 6 پەرلەمانتاری دیکەش لەگەڵ لیستەکانی محەممەد حەلبووسی خۆیان بەربژێر کرد.
نیسان زایر، پەرلەمانتاری دیاری پێشووی بزووتنەوەی ئیمتیداد، لەسەر لیستی نووری مالیکی لە بەغدا خۆی بەربژێر کردوە. عادل رکابی، وەزیری پێشووتری کار، رەوتی حیکمەی جێهێشت و لەگەڵ عەسائیب ئەهلی حەق خۆی بەربژێر کرد. مستەفا سەنەد، لە پارێزگای بەسرە، لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی "ئەبشیر یا عێراق" خۆی بەربژێر کردوە.
بڕیارە ڕۆژی 11ی تشرینی دووەمی 2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320ـیان گشتین و 9 کورسییان کۆتان.

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق