یەکێتیی ئەورووپا لەسەر سەپاندنی پاکێجێکی نوێی سزا بەسەر رووسیادا بەهۆی جەنگی ئۆکرایناوە رێککەوت، کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی داهاتی نەوت و گازی مۆسکۆیە. هاوکات، واشنتنیش رایگەیاند سزاکانی سەر رووسیا زیاد دەکات، ئەمەش رۆژێک دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گفتوگۆکانی لەگەڵ مۆسکۆدا هەڵوەشاندەوە.
دانیمارک، کە سەرۆکایەتیی ئەم خولەی یەکێتیی ئەورووپای لەئەستۆیە رایگەیاند، پاکێجەکە کە 19یەمین پاکێجە لەوکاتەوەی جەنگی ئۆکراینا دەستیپێکردووە، لە کاتێکدایە کە ئەورووپا هەوڵدەدات گوشارەکانی لەسەر رووسیا بهێڵێتەوە، لە بەرامبەر پاشەکشەی هەوڵەکانی ئاشتیی دۆناڵد ترەمپدا.
وەک بەشێک لە رێوشوێنە نوێیەکان، بلۆکە 27 وڵاتییەکە قەدەخەی هاوردەکردنی گازی سرووشتیی شلکراوە (LNG)ـی لە رووسیاوە ساڵێک پێشخست و کردی بە سەرەتای ساڵی 2027.
هەروەها زیاتر لە 100 کەشتی نەوتهەڵگری دیکەی خستە لیستی رەشەوە، کە بەشێکن لەو "کەشتیگەلە سێبەرە"ی کە لە کەشتیی کۆن پێکهاتوون و یارمەتیی رووسیا دەدەن بۆ خۆدزینەوە لە سنووردارکردنەکانی هەناردەی نەوتەکەی.
جگە لە هەوڵەکان بۆ لێدانی داهاتی مۆسکۆ، یەکێتیی ئەورووپا هەروەها هەوڵدەدات رێگری لەو دیپلۆماتە رووسیانە بکات کە گومانی سیخوڕیکردنیان لێدەکرێت، بە سەپاندنی کۆنترۆڵ بەسەر گەشتەکانیاندا لەنێو ئەورووپادا.
بەپێی رێوشوێنە نوێیەکان، دیپلۆماتەکانی رووسیا دەبێت دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانەی تێیدا نیشتەجێن، لە هەر گەشتێکی دەرەوەی وڵات ئاگادار بکەنەوە.
پەسندکردنی پاکێجەکە لەلایەن سلۆڤاکیاوە، کە وڵاتێکی دۆستی کرێملینە، دواخرابوو چونکە داوای پاراستنی پیشەسازیی ئۆتۆمبێلی وڵاتەکەی دەکرد لە یاساکانی کەشوهەوای یەکێتیی ئەورووپا.
رۆبێرت فیکۆ، سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا رۆژی چوارشەممە رازی بوو واز لە دژایەتیکردنی سزاکان بهێنێت، دوای ئەوەی رایگەیاند دڵنیایی پێویستی لەسەر پیشەسازیی ئۆتۆمبێل وەرگرتووە.
بڕیارە پاکێجەکە سبەی پێنجشەممە بە فەرمی پەسەد بکرێت، رێک پێش ئەوەی ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا بەشداریی لووتکەیەکی برۆکسل بکات.
لە واشنتن، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن سزای نوێ دژی رووسیا رادەگەیێنێت.
بێسێنت لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئێمە یان دوای داخستنی بازاڕی ئەم ئێوارەیە یان سبەی، زیادکردنێکی بەرچاو لە سزاکانی سەر رووسیا رادەگەیێنین."

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق