ئەو 40 کۆچبەرە کوردەی لە لیبیا گیریانخواردبوو، بەرەو هەرێمی کوردستان بەڕێکەوتن. هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا دەڵێ، کۆچبەرەکان دەگەڕێندرێنەوە. باوکی یەکێک لە کۆچبەرەکان ئاماژە بەوە دەکات، کۆچبەرەکان بەرەبەیانی سبەی دەگەنەوە هەولێر.
ئەحمەد سەحاف، هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، ئەمڕۆ شەممە بە میدیاکانی ڕاگەیاندوە "کۆچبەرەکان لە لیبیاوە بەرەو تورکیا بەڕێکەوتوون و لەوێشەوە بۆ هەولێر دەگەڕێنەوە."
کۆچبەرەکان 40 هاونیشتمانین و زیاتر لە دوو مانگە لە لیبیا گیریانخواردووە، زۆرینەیان دانیشتووی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینن لە پارێزگای سلێمانی.
ئەحمەد سەحاف دەڵێت، "35 کۆچبەری دیکەی کورد لە لیبیا دۆزراونەتەوە و کار بۆ گەڕاندەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان دەکەین."
هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا گوتی، گەشتەکە بۆ ئیستەنبووڵ زیاتر لە چوار کاژێرە و دوای پشوودانێک بەرەو هەولێر دەگەڕێنەوە.
بەگوتەی ئەحمەد سەحاف، لە فڕۆکەخانەی هەولێر پاس بۆ کۆچبەرەکان ئامادەکراوە و دەیانگەڕێننەوە ناوچەکانیان.
ئەوانەی لە لیبیا گیریانخواردووە 41 هاونیشتمانی بوون، بەڵام 16ی ئەم مانگە یەکێکیان بەناوی هۆگر ئاسۆ خدر بە جەڵتە گیانی لەدەستدا.
ئەم ساڵ چەند جارێک گرووپی دیکەی گەنجانی کورد لە لیبیا دەستگیرکراون و گەڕێندراونەتەوە هەرێمی کوردستان، کە دەیانەوێ لەو وڵاتەوە خۆیان بگەیێینە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا.
دوایین کاروانی کۆچبەران لە لیبیا 25 کەس بوون لە 10ـی ئەیلوولی 2025 گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان.

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق