دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا گوتارێکی پێشکێش کرد و باسی رۆژەڤی تورکیا و ناوچەکەی کرد.
"پیلان لە دژی پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر هەیە"
لەبارەی پرۆسەی چارەسەری و لێکەوتەکانی سەرۆکی مەهەپە قسەی کرد و گوتی، "دەوڵەتی تورکیا بە نیشتمان و گەلەکەیەوە یەک پارچەی دانەبڕاون. ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر، پاراستن و قایمکردنی ئەم یەکگرتوویی و دانەبڕاوییە هەتاهەتاییەیە و زامنکردنیەتی لە سەدەی نوێدا. دەبینم لەم رۆژانەی دواییدا پیلانگێڕییەک لەسەر بێهێزکردن، لەنێوبردن و لاوازکردنی هەنگاوەکانی "تورکیای بێ تیرۆر" داڕێژراوە. جا ئەم هەنگاوانە بە بیانووی جیاوازەوە دەنرێن. دڵنیابن ئەو گوتە و هەنگاوانەی بەر دەمارەکانی خەڵک دەکەون، ئامانجیان تێکدانی کەشوهەوای ئاشتی، ئارامی و برایەتییە."
ئەم گوتانەی دەوڵەت باخچەلی لە کاتێکدان، کە بەشێک لە تورکەکان رەخنە و گلەییان بەرامبەر چالاکییەکانی باکووری کوردستان، بەتایبەتیش ئامەد هەیە، کە هوتاف و دروشمی تایبەت بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەگوترێنەوە و وێنەی بەرز دەکرێتەوە.
"بەڕێوەبەرانی پرۆسەکە بەرپرسیارێتیی وەهایان لەسەرە کە لێی دەرباز نابن"
باخچەلی لەمبارەیەوە گوتی، "تورکیای بێ تیرۆر پۆشاک و پەناگەی نهێنیی تورکیای دابەشکراو، خەیاڵکراو و داڕووخاو نییە، بە پێچەوانەوە ئەوانەی خزمەتی دەکەن لەبەردەم مێژوو، یاسا و گەلدا بەرپرسیارێتییەکی گەورەیان لەسەرە کە لێی دەرباز نابن. بنەماکانی رژێم، رەوشتی سیاسەت، ئامانجەکانی کۆمەڵگە، بەرپرسیارێتییەکانی دەوڵەت و هاووڵاتییان دیاری دەکەن. کورتەی هەموو ئەمانە ژیریی سیاسییە. ئەگەر ئەم ژیرییە لە دیموکراسیدا راستگۆیانە، دروست و پێداگرانە بێت، دەبێتە هەوێنی بڕیاری بوێرانە."
"پەلەقاژە بۆ غەنیمەتێک کە هێشتا نییە، نیازپاکی نییە"
لەبارەی کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە لە پەرلەمانی تورکیا بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانی پرۆسەی چارەسەری دامەزراوە، دەوڵەت باخچەلی گوتی، "پێکهاتەیەکی نوێنەرایەتیی فراوانە، هاوکێشە دیموکراسی و یاساییەکانی ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر ئامادە دەکات. لە کاتێکدا کاروان لە رێگەدایە، پەلەقاژە بۆ دابەشکردنی غەنیمەتێک کە هێشتا نییە، هەروەها بینینی ئەمە وەکو تاکە رۆژەڤ، لادان و لاربوونێکی وەهایە کە بۆنی نیازپاکیی لێوە نایەت."
"پێشنیازێک کە بەهای کۆماری تورکیا بشکێنێت جێی گفتوگۆ نییە"
سەرۆکی مەهەپە هەروەها رایگەیاند، هیچ زۆرلێکردن یان پێشنیازێک کە یەکێتی، یەکپارچەیی و ورەی پاڵپشتیی گەلی تورک و بەها دامەزرێنەرەکانی کۆماری تورکیا بشکێنێت، شایستەی گفتوگۆ، تەنانەت بیرلێکردنەوەش نییە."
یەکێک لە بابەتەکانی مشتومڕ لە پرۆسەی چارەسەریدا گۆڕانکاریی چوار یەکەمین بڕگەی دەستووری تورکیایە، کە بەگوێرەی بڕگەی چوارەمی هەمان دەستوور نابێت بگۆڕدرێن و هیڵی سوورن.
باخچەلی گوتی، "روونە کە ناوی گەلەکەمان گەلی تورکە. هەر کارێک بکەین، بە ئیلهام وەرگرتن لەم راستییەی نەتەوە دەیکەین. دەوڵەتەکەمان دەوڵەتی کۆماری تورکیایە. هاوبەشیکردن لە دەوڵەت، دروستکردنی رکابەر، دابەشکردنی دەسەڵات، بچووککردنەوەی دیموکراسی بە بیانووی ناوەندگەرایی یان ئۆتۆنۆمی، گەڕانێکی بێ کۆنترۆڵە کە بەرەو لافاو دەڕوات."
هاووڵاتییانی کۆماری تورکیا ئەندامانی یەکسان و رێزدارن لە نەتەوەی تورک
"بڕگەی 66ی دەستووری تورکیا بەربەستێکی دیکەیە لەبەردەم کورد و کەمایەتییەکانی تورکیا، چونکە بەگوێرەی ئەو بڕگەیە تەواوی ئەوانەی وڵاتینامەی تورکیایان هەیە، بە تورک دەبیندرێن."
لە کاتێکدا کورد زۆر جار داوای لادانی ئەم بڕگەیە دەکەن، دەوڵەت باخچەلی گوتی، "بە قسەکردن لەسەر بڕگەی 66ی دەستوور، سیاسەتکردن، تاقیکردنەوەی هەوڵی جۆربەجۆر، دەستپێکردنی پڕوپاگەندەی رەش بێسوودە؛ کۆتایی و ئەنجامەکەشی بێهیواییە. بوونی نەتەوە، بە واتای رەتکردنەوەی کولتوورەکان، زاراوەکان و تەنانەت ناسنامەکان نایەت."
کورد و بەشێک لە نەتەوەکانی دیکە رەخنەی ئەوەیان هەیە، کە چەمکی 'تورک' لە دەوڵەتدا بۆ هەمووان بەکاردێت.
لە تورکیادا دەستەواژەکانی (سوپای تورک، ئاڵای تورک، گەلی تورک و زۆری دیکە) بە فەرمی بەکاردەهێنرێن، بەڵام مشتومڕیان لەسەرە.
دەوڵەت باخچەلی گوتی، "لە دامەزراندنی کۆماری تورکیادا، چەمکی نەتەوە رۆڵی یەکگرتوویی بینیوە. جیاوازییە ئێتنیکی، زمان و ئایینییەکان لەبەرچاو نەگیراون. هاووڵاتییانی کۆماری تورکیا ئەندامانی یەکسان و رێزدارن لە نەتەوەی تورک. دەوڵەتی کۆماری تورکیا بە پێکەوەژیان و ئیرادەی هاوبەشی چارەنووسی گەلی تورک دامەزراوە."
"لە دامەزراندنی کۆماری تورکیادا برا کوردەکانم رۆڵی سەرەکییان بینیوە"
باخچەلی بابەتەکەی زیاتر لەسەر کورد چڕ کردەوە و گوتی، "لە دامەزراندنی کۆماری تورکیادا برا کوردەکانم رۆڵێکی سەرەکییان بینیوە، لە ساڵانی دواتریشدا بە هیچ شێوەیەک پەراوێز نەخراون. ئەوەی کورد بە هیچ نەزانێت، تەواوی گەلی بە هیچ نەزانیوە. ئەوەی بە سووکییەوە سەیری تورک بکات، مین لە ژێر تورکیا دادەنێتەوە، کە ئەمە بە مانای لەناوبردنی تورکیایە."
"ئیمراڵی بەڵێنەکەی بردە سەر"
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی هەروەها رەخنەی لە لێکدانەوەی بانگەوازەکەی 27ی شوباتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان گرت و گوتی، "رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە هەڵوەشاوەتەوە. ئیمراڵی بەڵێنەکەی بردە سەر. لەم چوارچێوەیەدا، ئەوەی لەلایەن ئیمراڵی-یەوە راگەیێندراوە، کە داوای دەوڵەتێکی نەتەوەیی جیا، فیدراسیۆن، ئۆتۆنۆمی و تەنانەت داواکاریی کولتووریش لە ئارادا نییە و رێکخراوی تیرۆریستی بێمانا بووە و پێویستە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، ئەمە روونکردنەوەیەکی گرنگ و پابەندکارە لەلایەن ئیمراڵییەوە."
باخچەلی هەروەها بە پێویستی دەزانێت تەواوی باڵەکانی دیکەش چەکەکانیان دابنێن و گوتی، "لە سووریا، گفتوگۆ و دانوستاندنی ئەرێنی سەبارەت بە پرۆسەی تێکەڵبوونەوەی هەسەدە/یەپەگە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی، گەرمترین رۆژەڤە. سەروەریی سووریا و یەکپارچەیی سیاسی و خاکەکەی، بۆچوونێکی سیاسی و دیپلۆماسیی کۆماری تورکیایە کە پشتگوێی ناخات. بە دیالۆگی برایانە و ئاشتییانە، ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر و ناوچەی بێ تیرۆر بەدی دێت. ئەمە بۆ داهاتووی هاوبەشی هەموومان ئامانجێکی دڵخۆشکەر، هیوابەخش، خێردار و ناچاریشە."
"ئەگەر چارەسەری دوو دەوڵەتی جێبەجێ بکرێت، حەماس چەک دادەنێت"
سەبارەت بە پرسی فەڵەستین دەوڵەت باخچەلی ئیسرائیلی بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار کرد و گوتی:"یەکشەممەی رابردوو ئیسرائیل لە ئاسمانەوە بۆردومانی چەند ناوچەیەکی کردووە. لەکاتێکدا ئاگربەست واژۆکراوە، بەڵام دەوڵەتی بەربەری پێشێلی رێککەوتنەکە دەکات."
سەرۆکی مەهەپە هەروەها گوتی، "لە هەر گۆشەیەکییەوە سەیری بکەین، ئەوە دەبینین کە ئیسرائیل چەکێکی زایۆنییە و ئاراستەی ناوچەکە و جیهان کراوە. هەتا ئەو چەکە بێدەنگ نەبێت و کۆماری فەڵەستین دانەمەزرێت، سەقامگیری و ئارامی دروست نابێت. ئەوانەش کە دەڵێن با حەماس چەکەکانی دەستی فڕێ بدات، بە دڵنیاییەوە تەڵەیان داناوەتەوە، چونکە ئەوان دەیانەوێت خەڵکی بێ چەک بکەنە ئامانج."
"قوبرس تورکییە و خاکی رەسەنی تورکە"
سەرۆکی مەهەپە هاتە سەر باسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری قوبرسی باکوور، کە یەکشەممەی رابردوو خەڵک چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان.
ئەنجامی هەڵبژاردنەکە بەدڵی باخچەلی نییە و ئەرسین تەتەر، سەرۆککۆماری پێشوو شکستی هێناوە.
باخچەلی گوتی، "قوبرس تورکییە و خاکی رەسەنی تورکە. قوبرس ئارەقەی ناوچەوانی باپیرانمانە و یادگاریی ئەوانە بۆمان. قوبرس دۆزی ئێمەیە و هەرگیز لەو دۆزە پاشەکشە ناکرێت. لە هەڵبژاردنەکەی رۆژی یەکشەممەدا رێژەی بەشداری 62.8٪ بووە. بەوشێوەیە سەرۆکی پارتی کۆماریخوازانی تورک (جەتەپە) بەرێز توفان ئەرهورمان 62.80٪ی دەنگەکانی بردووەتەوە و بە سەرۆککۆماری نوێی قوبرسی باکوور هەڵبژێردراوە. هەروەها بەرێز ئەرسین تەتەر کە بە خزمەت و رێزەوە لەبیر خەڵکی قوبرسی باکوورە، 35.77٪ی دەنگەکانی هێنا و بەداخەوە لەو کێبڕکێ دیموکراسییەدا کەوتە دواوە."
ئەمە لەکاتێکدایە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە راستەوخۆ لەدوای راگەیێنرانی ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی قوبرس، راگەیێنراوی بڵاوکردەوە.
لەمبارەیەوە باخچەلی گوتی، "هەڵبژاردنەکەی سەرۆککۆماری قوبرسی باکوور، بە رێژەیەکی زۆر نزمی بەشداری بەرێوەچوو. چارەنووسی تورکبوونی قوبرس بەم رێژەی بەشدارییەوە نوێنەرایەتی ناکرێت. ئەگەرچی ئەنجامی هەڵبژاردن لەلایەن دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانەوە راگەیێنرا، پەرلەمانی قوبرسی باکوور بەپەلە دەبێت کۆببێتەوە و ئەنجامەکە پەسند نەکات، هەروەها پێویستە بریاری لکاندنیان بە کۆماری تورکیا بدەن."
"هیچ هێزێک ناتوانێت لەبەردەم گوتنی 81 لە دوزجە، 82 کەرکووک و 83 موسڵ بوەستێتەوە"
دەوڵەت باخچەلی ئاماژەیکرد ئەو هێزە سیاسییە نوێیەی قوبرسی باکوور، بە ئەگەری زۆر رێگەی فیدراڵی بوون دەگرێتە بەر و ئەو رێگەیەی بە مەترسی بۆ سەر قوبرس و تورکیا ناوبرد.
باخچەلی هەروەها گوتی، "رۆژی 3-10-2017 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەماندا گوتم؛ کە کاتی هات، هەلومەرج گونجا و مێژوو و جوگرافیا بەرتەسک بووەوە، میساقی میللی خەبەری دەبێتەوە. ئەوکاتە هیچ هێزێک ناتوانێت لە بەردەم گوتنی؛ 81 لە دوزجە، 82 کەرکووک و 83 موسڵ بوەستێتەوە."
تورکیا و باکووری کوردستان لە 81 پارێزگا پارێزگا پیکهاتوون، کە ئەدەنە پارێزگای ژمارە 1ــە و دوزجە پارێزگای ژمارە 81ـە.
ئەم گوتەیەی باخچەلی بەو واتایە دێت کە کەرکووک و موسڵیش بخەنە سەر نەخشەی کۆماری تورکیا.
هەروەها مەبەستی ئەوەیە ئێستا قوبرسی باکوور بکاتە 82مین پارێزگای تورکیا.
دەوڵەت باخچەلی هەروەها رایگەیاند کە بەشێک لە ئامانجەکانیان بۆ ماوەیەکی کاتی دەوەستێنن و دەڵێن:راستەوخۆ دوای 81ی دوزجە، 82 کۆماری قوبرسی تورکییە و ئەمە پرسی مان و نەمانە بۆیان.

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق