بانکی ناوەندیی عێراق ئاشکرای کرد، بەهای وەبەرهێنانەکانی عێراق لە ئەمریکا نزیکەی 11 ملیار دۆلارە.
 بانکی ناوەندیی عێراق، لە وەڵامی پرسیارێکی رائید مالیکی، پەرلەمانتاری سەربەخۆی عێراق ئاماژەی بەوە داوە "قەرزی نێوخۆیی عێراق گەیشتووەتە 91.1 تریلیۆن دینار و نەبوونی یاسای بودجەی هۆکاری کورتهێنانی وەزارەتی دارایی عێراقە و پڕکردنەوەیەتی لە رێگەی قەرزەوە".
 دۆکیومێنتەکە قەبارەی قەرزی دەرەکی (کۆن و نوێ)ی عێراقیشی خستووەتەڕوو کە تاوەکو 30/6/2025 گەیشتووەتە 54.957 ملیار دۆلاری ئەمریکی، بەم جۆرە:
 - کۆی قەرزەکان کە رێککەوتوون لەسەری، پێویستە پێش ساڵی 2003 بدرێنەوە، 3.842 ملیار دۆلاری ئەمریکی.
- کۆی قەرزە هەڵپەسێردراوەکانی پێش ساڵی 2003، دەگاتە 40.504 ملیار دۆلاری ئەمریکی.
- کۆی قەرزە نوێیەکانی دوای ساڵی 2003، دەگاتە 10.611 ملیار دۆلار ئەمریکی.
 رائد مالیکی پەرلەمانتاری سەربەخۆی عێراق رایگەیاند، "لیژنەی دارایی و ئەنجوومەنی نوێنەران ئێستا خەریکی هەڵبژاردنن، دەبێت دوای هەڵبژاردن کۆبوونەوە لەگەڵ بانکی ناوەندی و وەزارەتی دارایی بکەن بۆ بەدواداچوونی بابەتەکان."
 مالیکی  گوتیشی: "حکومەت پابەند نەبوو بە پێشکێشکردنی خشتەی بودجە، کە بریتییە لە بەیاننامە و راپۆرتێکی دارایی کە راستی دۆخی دارایی وڵات روون دەکاتەوە و، دەکرێت لەسەری کارەکانی لەسەر بونیاد بنرێت بۆ سیاسەتە داراییە نوێیەکان کە هەڵەکانی پێشوو چارەسەر بکات."
 ئەو پەرلەمانتارە دەشڵیت" هەڵەیەک لە یاسای بودجەی سێ ساڵیدا هەیە کە بریتییە لە زۆربوونی رێژەی خەرجی و دیاریکردنی نرخی نەوت بە بڕێکی زۆر لە بودجە".
 بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە: " ئابووریی عێراق مەترسیی گەورەی لەسەر نییە، بەڵام مەترسییەک لەوەدا هەیە کە ئەم ئابوورییە چیتر وەڵامی بۆ گوشارە کۆمەڵایەتییەکان نابێت، ئەمەش بارگرانییە داراییەکەی زیادکردووە، ئەمە ئەوەیە کە لێی دەترسین".
 گوتیشی، "دەبێت حکومەتی داهاتوو حکومەتێکی ئابووری بێت نەک خزمەتگوزاری."

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق