یەکدی بە "نەخۆش" و "خزمەتکاری تیرۆریست" ناودەبەن

ليست هناك تعليقات



گرژییە سیاسییەکان لە واشنتن گەیشتنە ئاستێکی نوێ، کاتێک کارۆلاین لێڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی وەڵامێکی تووندی حەکیم جێفریز، سەرۆکی دیموکراتەکانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دایەوە، ئەوەش دوای ئەوەی جێفریز رەخنەی لە لێڤیت گرت و بە "نەخۆش" و "لە کۆنترۆڵ دەرچوو" ناوی برد.

گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند: "بەرپرسە هەڵبژێردراوەکانی دیموکراتەکان بە ئاشکرا خزمەتی تیرۆریستانی لایەنگری حەماس، کۆچبەرانی نایاسایی و تاوانبارە تووندوتیژەکان دەکەن. بۆ نموونە، دیموکراتەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران دژی بڕیارێکی سەرکۆنەکردنی حەماس دەنگیان دا دوای هێرشە تیرۆریستییە مەترسیدارەکەی 7ی ئۆکتۆبەر. هەروەها دیموکراتەکان هانی رادیکاڵە لایەنگرەکانی حەماسیان دا کاتێک دەستیان بەسەر کامپی زانکۆکانی ئەمریکادا گرت و قوتابییە جووەکانیان بێزارکرد."

لێڤیت ئاماژەی بە سیاسەتی کۆچبەری کرد و گوتی: "دیموکراتەکان سنوورەکانیان کردەوە و لە چوار ساڵی رابردوودا رێگەیان بە هاتنی دەیان ملیۆن کۆچبەری نایاسایی بۆ وڵاتەکەمان دا، لەنێویاندا ئەندامانی باند و تاوانکارانی وەک دەستدرێژیکار و بکوژان، چونکە وەک دەنگدەری داهاتوو سەیریان دەکەن."

گوتەبێژی کۆشکی سپی بە شێوەیەکی راستەوخۆ هێرشی کردە سەر جێفریز و رەخنەی لە هەموو دیموکراتەکان گرت بەهۆی رێگریکردن لە پڕۆژەیاسای کۆمارییەکان بۆ بودجەی فیدراڵی کە بووەتەهۆی داخستنی بەشێکی حکومەت.

لێڤیت گوتی: "دیموکراتەکان خزمەتی بەرژەوەندییەکانی گەلی ئەمریکا ناکەن و سیاسەتەکانیان بووەتە هۆی لاوازبوونی ئاسایشی نیشتمانی. حەکیم جێفریز دۆڕاوێکی تەواوە و ئەمریکای لا گرنگ نییە. ئێستا حکومەت بکەنەوە و واز لە خۆشیرینکردن بێنن بۆئەوەی جەماوەرە چەپڕۆ توندڕۆکەتان لێتان رازی بێت."

رۆژی هەینی، جێفریز لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رەخنەی لە کۆمارییەکان گرت بەهۆی ئەو زمانە تووندەی بەکاری دەهێنن و گوتی: "کارۆلاین لێڤیت هەیە کە نەخۆشە و لە کۆنترۆڵ دەرچووە."

جێفریز هەروەها گوتی: "دڵنیا نیم ئایا ئەو تەنیا شێتە، نەزانە، درۆزنێکی تەواوە یان هەموو ئەوانەیە پێکەوە، بەڵام ئەو بیرۆکەیەی گوتەبێژێکی فەرمیی کۆشکی سپی بڵێ پارتی دیموکرات پێکدێت لە تیرۆریست، تاوانبارانی تووندوتیژ و کۆچبەری بێ بەڵگەنامە، هیچ مانایەکی نییە و نیشانەی تێکچوونی دۆخی سیاسییە."

ئەم شەڕە قسەیە لە کاتێکدایە، کێشەی نێوان هەردوولا سەبارەت بە بودجە و داخستنی حکومەت گەیشتووەتە لووتکە و هیچ نیشانەیەک بۆ چارەسەرێکی خێرا دیار نییە.

پێشبینی دەکرێ داخستنەکە بچێتە هەفتەی چوارەمەوە، دوای ئەوەی دیموکراتەکانی ئەنجوومەنی پیران رۆژی پێنجشەممە بۆ دەیەمین جار رێگرییان لە پڕۆژەیاسای کۆمارییەکان بۆ بودجەی فیدراڵی کرد، پێش ئەوەی بۆ پشووی کۆتایی هەفتە واشنتن جێبهێڵن.

 

 


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif