لە بەریتانیا رۆژانی رابردوو هەردوو پارتی گەورە، واتە لەیبەر (کرێکاران)ی دەسەڵاتدار و پارتی پارێزگارانی ئۆپۆزیسیۆن، کۆنگرەی خۆیان بەست، هەردوو کۆنگرە لەژێر گوشارە رۆژ بە رۆژ زیادبووەکانی جووڵانەوە دژە کۆچبەرییەکانی نێو بەریتانیا کران، بۆیەش بڕیارەکانیان ئەوەیان پێوە دیار بوو کە دەبووایە بۆ ئارامکردنەوەی شەقامی بەریتانی بڕیاری تووندتر سەبارەت بە کۆچبەری بدەن.
لە لایەکی دیکەوە کۆمیتەی راوێژکاریی کۆچبەریی دەوڵەتی بەریتانیا لیستی 82 پیشەی بڵاوکردووەتەوە، کە شارەزایانی دەتوانن بۆ وەرگرتنی ڤیزای کار لە بەریتانیا بەهۆیانەوە بێنە ئەو وڵاتە و کار بکەن، بەو مەرجەی ڤیزاکانیان بۆ چەند ساڵێک بێ و بۆیان نەکرێتە مافی مانەوەی هەمیشەیی.
لەسەر ئەو گۆڕانکارییانە بەختیار مام شێخ کە یەکێک لە ناسراوترین کوردەکانی نێو پارتی لەیبەی دەسەڵاتدارە، تیشکی خستە سەر گۆڕانکارییە نوێیەکانی یاسای کۆچبەران لە بەریتانیا و کاریگەریی پارتە راستڕەوەکانی لەسەر ئەم گۆڕانکارییانە روونیکردەوە.
بەپێی قسەکانی مام شێخ، بەهۆی یاسا و گۆڕانکارییە نوێیەکانەوە، هەر کەسێک تەنانەت ئەگەر مافی مانەوەی لە بەریتانیا وەرگرتبێت، ناتوانێت هاوژین و منداڵەکانی بهێنێتە وڵاتەکە، ئەمەش بەرهەمی کاریگەریی پارتی ریفۆرمە کە پارتێکی راستڕەوە و سەرۆکەکەی ناوی نیگێل فەرەجە، نیگێل فەرەج کە پێشتر پەرلەمانتاری بەریتانیا و نوێنەری بەریتانیا بووە لە یەکێتیی ئەورووپا، ئێستا جارێکی دیکە لەگەڵ سێ کەسی هاوبیری خۆی بوونەتەوە ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا، مام شێخ ئاماژەی بەوەدا کە فەرەج توانیویەتی بە دروشمی دژە کۆچبەر دەنگی زۆر بەدەستبهێنێت و خەڵک هان بدات بۆ وەستانەوە لە دژی کۆچبەران، هەمان سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پەیڕەو دەکات.
بەختیار مام شێخ، کە سەرکردیەکی پارتی کارە، باسی گۆڕینی بۆچوونی بەریتانییەکانی کرد سەبارەت بە کۆچبەران کە بەهۆی راستڕەوەکانەوە دروست بووە، گوتی "ساڵی رابردوو لە مانگی حەوت هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیا ئەنجامدرا، ئەو پارتەی من تێیدا ئەندامم کە پارتی کارە، توانی دوو لەسەر سێی دەنگەکان بەدەستبهێنێت و زیاتر لە 400 کورسی لە کۆی 650 کورسی بەدەستهێنا، بەڵام ئەگەر ئێستا هەڵبژاردن بکرێتەوە پارتەکەی من لە 100 کورسی زیاتر ناهێنێت و پارتی پارێزگارانیش کە ئێستا خاوەنی 170 کورسین، ئەوانیش کورسییان زۆر کەمدەکات، هۆکارەکەشی ئەوەیە ئێمە دژە کۆچبەر نین و لە بەرامبەردا دەنگی دژە کۆچبەر زۆر زیاتری کردووە."
ئەو سەرکردەیەی پارتی کار ئاشکرایکرد، لەم رۆژانەی رابردوو ناوەندێک راپرسییەکی ئەنجامدا و پێشبینی دەکات ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدرێت، پارتی ریفۆرم زیاتر لە 370 کورسی بەدەستبهێنێت، ئەمەش بەهۆی رۆڵی میدیا و هاندانی خەڵکی بەریتانیایە بۆ وەستانەوە لە دژی کۆچبەران.
نیگێل فەرەج، سەرۆکی پارتی ڕیفۆرم، لە مانگی نۆی ئەم ساڵ لە کاتی کۆنگرەی حیزبەکەیدا رایگەیاند و بەڵێنیدا ئەگەر لە هەڵبژاردنی داهاتوودا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، لە ماوەی پێنج ساڵی حکومڕانییەکەیدا زیاتر لە 900 هەزار کۆچبەر کە مافی مانەوەی هەمیشەییان لە بەریتانیا نییە دەربکات.
بەختیار مام شێخ پێشنیار دەکات کوردەکانی بەریتانیا بەشداری کاری سیاسی بکەن و ببنە ئەندامی حیزبەکان و بانگەشیان بۆ بکەن بۆ ئەوەی ئەو حیزبانە بە هەموو توانایانەوە پشتگیرییان بکەن.
لە کۆتاییدا، مام شێخ پێیوایە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا هیچ حیزبێک بە تەنیا ناتوانێت دەنگی تەواو بهێنێت، بۆیە پێویستە هاوپەیمانی دروستبکرێت و دەڵێت" پێموایە پارتی پارێزگاران و پارتی کار دەتوانن پێکەوە حکومەت پێکبهێنن." داواشی کرد، چیتر کۆچبەران لە رێگەی قاچاخەوە نەیێنە بەریتانیا، بەڵکو زۆر رێگەی دیکە هەیە وەک خوێندن و کارکردن کە باشترن.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق