لە حەوتەمین کۆنفرانسی ساڵانەی دەستپێشخەریی عێراق، سیاسەتڤان، شارەزایان و ئەندامانی کۆمەڵگەی سیڤیلی عێراقی و نێودەوڵەتی، لە شاری لەندەن کۆبوونەوە بۆ گەنگەشە و خستنەڕووی رێگە و ئاراستەی عێراق لە ساڵی داهاتوو.
کۆنفرانسەکە بە سەرپەرشتیی چاتمهاوس، کە بارەگای سەرەکی لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە، دەستیپێکرد.
پرسیاری دەسیپێک و سەرەکی کۆنفرانسەکە ئەوە بووە، "ئایا عێراق دەتوانێت لە بەردەم گۆڕانکارییەکان بووەستێت و خۆی بەدوور بگرێت لە شۆکە سیاسی و ئەمنیییەکانی ناوچەکە؟"
محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە یەکێک بوو لە بەشداربووان، لەڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە قسەی کرد.
"خۆمان لە شەڕی بە وەکالەت بەدوور گرت"
یەکەم پرسیار لە سوودانی کرا سەبارەت بە کاریگەریی هێرشەکەی حەماس بوو بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 و ئایا عێراق توانی هاوسەنگی خۆی بپارێزێت؟
سوودانی گوتی: "عێراق بە چەندین قۆناخ لە جەنگ و گەمارۆی سیاسی تێپەڕی، دوای جەنگیش رووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری بووەوە و زیانی مرۆیی و دارایی، ئەمنی و سیاسی گەورەی لێکەوتەوە" بۆیە کاری پێشینەی حکومەتی عێراق بە گوتەی سوودانی، "لەبەرچاوگرتنی کێشەکانی رابردوو و، لەبەرچاوگرتنی بەرنامەکانی تایبەت بە داهاتووە".
سەبارەت بە پەیوەندیی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، سوودانی گوتی، "حکومەتی ئێمە بەردەوام بووە لە پاراستنی هاوسەنگی و گرنگیدان بە کاری هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهانیش، ئەوەش لەڕێگەی دیپلوماسی و کردنەوەی دەرگەی بازرگانی و وەبەرهێنان بۆ بازرگانانی ناوچەکە و جیهانیش".
بەهەمان سیاسەت، بە گوتەی سوودانی، مامەڵە لەگەڵ دۆزە جیاجیاکان کراوە لە نێویاندا دۆزی فەلەستین: "دۆزی فەلەستین بنەڕەتییە بۆ ئێمە، ئێمە دژی دوژمنکاری ئیسرائیلین دژ بە گەلی فەلەستین دەکرێت".
سەبارەت بە جەنگی ئێران و ئیسرائیل، سوودانی گوتی "جەنگی 12 رۆژەی دژ بە ئێرانیش پێشێلی یاسای نێودەوڵەتی و سەروەری ئاسمانی عێراق بوو." گوتیشی: "ئێمە سەرکۆنەی هێرشەکەمان کرد و دەستمان بە هەوڵە دیپلوماسییەکان کرد بۆ گەیاندنی پەیاممان بە جیهان؛ هەوڵمان دا خۆمان بە دوور بگرین لە هەر جەنگێكی بە وەکالەت و زۆربەی لایەنە سیاسییەکانیش پاڵپشتییان لەو هەڵوێستەی ئێمە کرد".
سوودانی: پێشبینی دەکەم زۆرترین کورسی بهێنم
بڕیارە مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکرێت، سوودانی کە لە هەڵبژاردنی رابردوودا بە لیستی فوراتەین بەشداری کرد و دوو کورسی بەدەستهێنا، بۆ ئەم هەڵبژاردنە هاوپەیمانییەکی بەناوی (بنیاتنان و گەشەپێدان) پێکهێناوە.
سوودانی گوتی: "پێشبینی دەکەین زۆرترین کورسی بەدەستبهێنین ئەوەش بۆ متمانەی خەڵک دەگەڕێتەوە لەڕێگەی پێشکێشکردنی خزمەتگوازییەکان." گوتیشی: "هاوپەیمانییەتەکەمان جێگەی خۆی لەنێو خەڵکدا کردووەتەوە، بۆیە چاوم لەوەیە حکومەتی داهاتوو پێکبهێنم تاوەکو بتوانم درێژە بە بەرنامە ئابووری و خزمەتگوزارییەکان بدەم".
سەرۆکوەزیرانی عێراق رەتیکردەوە، هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا نەکرێت و گوتی: "هەڵبژاردن لە کاتی دەستووری خۆیدا دەکرێت".
رێککەوتنەکەی عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر نەوت
لە سوودانی یان پرسی: "رێککەوتنی نەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستان چۆن دەبینن؟"، لە وەڵامدا گوتی، "پێموایە لە ماوەی رابردوودا، پەیوەندی هەردوولا، روون و ئاشکرا بووە؛ تەنانەت لە کاتی ناکۆکییەکانیش، چونکە کێشەکان سیاسی نین، بەڵکو هونەری و یاسایین، بڕیارێكی دادگەی فیدراڵی هەیە حکومەت ناچار دەکات بە کارکردن لەو بوارەدا. هیچ یاسایەک نییە رێگر بێت لەبەردەم پارەدارکردنی هەرێمی کوردستان." گوتیشی: "دادوەری گرنگە، کاتێك کە پارێزگەیەک نەوت و داهات رادەست دەکات دەبێت هەرێمیش هەمان کار بکات."
هەر سەبارەت بە رێککەوتنە سێ قۆڵییەکە، سوودانی گوتی: "قسەمان لەگەڵ هەرێم و کۆمپانیاکانی نەوت کرد و گەیشتین بە رێککەوتنێک و هەمووان رازین. بە گوێرەی دەستوور جووڵاینەوە و بە گوێرەی بودجە پارە دەدرێت، ئەرک و ماف لەسەر هەمووان دا هەیە، کاتێک کە هەرێم ئەوە دەکات دەبێت بەغداش کارەکانی جێبەجێ بکات. هیچ جیاوازی نێوان هاووڵاتییانی عێراقدا نییە."
سوودانی پێیوایە ئەم رێککەوتنە دەبێتە ژێرخانێك بۆ دەرکردنی یاسای نەوت و گاز و بە سوودی ئابووریی عێراق دەبێت. سوودانی گوتی: "320 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێندرا و بەشێكی بە قاچاخ دەفرۆشرا و نەماندەزانی پارەکەی چی بەسەر دێت؛ ئەوەش ناو و نازناوی ئێمە لەبەردەم ئۆپیک و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناشیرین دەکرد".
یەکەم پانێلی کۆنفرانسەکە لە کاژێر 11:55 بە کاتی هەولێر دەستیپێکرد. چەند مژارێك سەبارەت بە هەڵبژاردن، ئاڵنگاری، لاو و دەرفەتی کار و خزمەتگوزاری خرانەڕوو.
عەباس عەنبووری، دامەزرێنەر و سەرۆکی ناوەندی ریواق بەغداد بۆ سیاسەتی گشتی. بەیان سامی، راوێژکاری باڵای سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، رێناد مەنسوور، توێژەر لە چاتامهاوس و مونقیز داغیر، دامەزرێنەری پەیمانگەی سەربەخۆی لێکۆڵینەوە کۆمەڵایەتییەکان؛ بەشدارییان لە یەکەمین پانێل کرد.
"چوارچێوە گرووپە چەکدارەکانی جڵەو کرد"
عەنبووری سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان و کاریگەری و دەرفەتەکان گوتی: "باشتر وایە باس لە هەڵبژاردن بکەین، باسی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بکەین، چونکە بەهێزترین هاوپەیمانی شیعەیە."
بەبڕوای عەنبووری "چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ دوو مەبەست پێکهێنرا، یەکەم بۆ رووبەڕووبوونەوەی هاوپەیمانیی سەدر، حەلبووسی و بارزانی، چونکە پێیوابوو ئەو هاوپەیمانییەتییە نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتە و عێراقییەکانیان نەدەکرد، ئامانجی دووەم بۆ پێکهێنانی حکومەت بوو و لەو ئەرکەدا سەرکەوتوو بوو؛ توانی بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە."
سەبارەت بە هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، عەنبووری گوتی: "یەکێك لە ئاڵنگارییە گەورەکان لە دوای 7ی ئۆکتۆبەرەوە بوو، چوارچێوەی هاوئاهەنگی توانی جڵەوی گرووپە چەکدارەکان بگرێت بەوەی تێکەڵ بەو جەنگە نەبن."
دوو راگەیێندراو لەلایەن چوارچێوەکەوە دەرکران و جەخت لە هاوسەنگی لایەنە عێراقییەکانی کردەوە، کە عەنبووری بە سەرکەوتنێكی گەورە بۆ هاوئاهەنگییەکە تەماشای دەکات.
"چوارچێوە لەگەڵ دانانەوەی سوودانی نییە"
ئایا دوای هەڵبژاردن سوودانی دەتوانێت ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران؟ عەنبووری لە وەڵامدا گوتی: "باوەڕم وایە چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێیوایە سوودانی توانای نییە قۆناخی داهاتوو بەڕێوەبەرێت و شیاوی نییە؛ راستە بەشێك لە نێو چوارچێوەکەدا سوودانی بە گونجاو دەزانن، بەڵام کێشەکە کە بڕیار بە دەستە بەهێزەکانی نێو هاوئاهەنگییەکەدایە کە ئەوانیش، مالیکی، عامری و خەزعەلین، ئەمانە سەرکردەی سەرەکی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگین و قسەیان بە خێرایی جێی خۆی لە هاوئاهەنگییەکە دەکاتەوە.
پەنجەمۆر لەگەڵ
"نەوتی باشوور بە قاچاخ دەفرۆشرێت نەک کوردستان"
هەرچەندە سەرەتا سەبارەت بە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق پرسیار لە بەیان سامی عەبدولڕەحمان کرا، بەڵام ئەو گوتی حەز دەکات کەمێک باسی رێککەوتنە سێ قۆڵییەکە بکات: "رێککەوتنەکە بۆ هەموو عێراق و ناوچەکە گرنگە، ئەمە رێککەوتنی براوە-براوە-براوەیە بۆ هەر سێ لایەنی پەیوەندیدار، هەرێمی کوردستان، حکومەتی فێدراڵ و کۆمپانیاکان".
بەیان سامی ئەو قسەیەی سوودانی رەتکردەوە، کە گوتی: "نەوتی کوردستان بە قاچاخ دەفرۆشرا". بەیان گوتی: "راستییەکەی نەوت بە قاچاخ لە باشووری عێراق دەفرۆشرێت، ئەویش بە تێکەڵکردنی نەوتی عێراق لەگەڵ نەوتی ئێران".
"دەکرێت هەرێمی کوردستان ببێتە هۆنگ کۆنگ"
سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان و کاریگەرییان بۆ سەر نەخشەی هێز؛ بەیان سامی گوتی: "بەدڵنیاییەوە هەموو هەڵبژاردنێک کاریگەری خۆی دەبێت، هیوادارین رێکەوتنی زیاتری براوە براوە بکرێن و سوود لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان وەربگرن؛ دەکرێت بەشێوەیەکی ئەرێنی تەماشای ئەو بابەتە بکرێت، بۆ نموونە دەکرێت هەرێمی کوردستان ببێتە هۆنگ کۆنگ یان دووبەی".
لەبارەی پەیوەندیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە؛ بەیان سامی گوتی: "لەنێو لایەنە عێراقییەکان دابەشبوون زۆرە چ لەنێو شیعە و چ لە نێو سوننەدا و هیوادارین هەڵبژاردنەکان کۆتایی بەو دۆخە بهێنێت." گوتیشی: "پارتی حەز دەکات پەیوەندی باشی لەگەڵ یەکێتی و هەموو لایەنەکانی دیکەی کوردستان و عێراقدا هەبێت".
بەیان سامی سەرنجی خستەسەر یاسای هەڵبژاردنەکان و گوتی: "تێبینیمان لەسەر یاساکە هەیە، ژمارەی کورسییەکان دیاریکراوە بەدەر لە رێژەی بەشداریکردن، ئەوەش دادوەری بەدی ناکات".
توێژەرێکی چەتم هاوس: دوور نییە هەڵبژاردنەکان بمانباتەوە چوارگۆشەی یەکەم
یەکێک لە بەشداربووانی دیکەی کۆنفرانسەکە، رێناد مەنسوور، توێژەر لە چاتامهاوس بوو؛ سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان و ئەگەری کۆتاییهاتنی کێشەکان پرسیاری لێکرا و گوتی: "ئەوە کارێكی ئاسان نییە، ئاڵنگاری زۆری تێدایە و پێویستی بەکاری زۆرە؛ هەرچەندە رێژەیەک گەشبینی هەیە، بەڵام لە بەرامبەر ئەو گەشبینییەدا، رەشبینی زۆریش هەیە، دووریش نییە هەڵبژاردنەکان بمانباتەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم."
یەکێك لە کێشە گەورەکان بە گوتەی مەنسوور، پەرلەمانی عێراقە کە بەگوتەی ئەو "ئەنجوومەنێكە تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە وەڵامی خواستی زۆربەی داواکارییەکانی خەڵک بداتەوە".
کێشەی نێوان پارتە سیاسییەکان-یش کێشەیەکی دیکەی ئاڵۆزە کە مەنسوور پێیوایە "هێندە گەورەیە ناکرێت بەم هەڵبژاردنە چاوەڕێ بکەین تێیدا، گۆڕانکاری گەورە روو بدات.
"سوننەکان لە شیعەکان زیاتر بەشداری هەڵبژاردن دەکەن"
هەمان پرسیار و هەمان کێشە و گرفت و رێگەی چارەسەرکردن، ئاراستەی مونقیز داغیر، دامەزرێنەری پەیمانگەی سەربەخۆی لێکۆڵینەوە کۆمەڵایەتییەکان کرا. ئەو گوتی: "لە کاتێكدا لە 2010دا لە 44٪ شیعەکانی عێراق پێیانوابوو کارەکانی حکومەت بە باشی دەڕۆن، ئێستا دەبینین ئەو ژمارەیە لە نزیکەی 33٪یە؛ بەڵام بە پێچەوانەوە دەبینین، رێژەی پەسەند لای سوننە کە پێشتر لە ئاستێكی نزمدا بوو، ئێستا بۆ سەرووی 55٪ بەرزبووەتەوە، ئەوان لە ئەدای حکومەت رازی نین، بەڵکو لە پارت و لایەنە سوننەکانیان."
لەسەر ئەو بنەمایە، داغیر پێشبینی دەکات، رێژەی بەشداریکردن لە نێو شیعە لەم هەڵبژاردنە لە نێوان 30 تاوەکو 35٪ و سوننە لە 50٪ تاوەکو 55٪ دەبێت.
داغیر گوتی، بەهۆی کەمی رێژەی بەشداریکردنی شیعە، دۆڕاوی سەرەکی هەڵبژاردنەکان، سوودانی دەبێت "راستە ئێستا سوودانی زۆرترین لایەنگری هەیە بەڵام پێناچێت بتوانێت ئەو لایەنگرییە بکاتە ژمارەو بکرێتە دەنگ و بخرێتە سندووقی دەنگدانەوە."
براوە گەورەکەش لە ئەگەری رێژەی کەمی بەشداریکردنی شیعە بە گوتەی داغیر ، مالیکی و خەزعەلی و هەموو تووندڕۆ ئایدیۆلۆژییەکان دەبن."
"ژنان دەنگ بە سوودانی دەدەن"
داغیر چەند ژمارەیەکی خستەڕوو و گوتی: "ئاڵنگارییە گەورەکە ئەوەیە چۆن دەنگدەر رازی دەکەیت. ئێستا لە نێو 29 ملیۆن دەنگدەری عێراقی، تەنیا 21 ملیۆنیان کارتی بایۆمەترییان هەیە، هۆکاری ئەوەش بۆ رەشبینی و بێ هیوایی خەڵک دەگڕێتەوە بە سیستەمی سیاسی. لایەنە سیاسییە دەستڕۆیشتووە ئایدیۆلۆژییەکانیش هانی خەڵکی دەدەن کارت وەرنەگرن، چونکە لەگەڵ کەمی بەشداریکردن، ئەوان براوە دەبن و وەکو گوتم سوودانی دەبێتە دۆڕاوە گەورەکە."
سەبارەت بە دیدی و روئیای گەنجان سەبارەت بە ئایندەیان، داغیر گوتی: "بە ئەگەری زۆرەوە، دەنگدەرانی عێراقی ئەوانەی کە تەمەنیان 35 تاوەکو 45 ساڵانە بایکۆتی هەڵبژاردنەکان دەکەن، بەڵام زۆربەی ژنان دەنگ بە سوودانی دەدەن، چونکە سوودانی کاری زۆری لەسەر لایەنی ئەمنی کرد و ژن و دایک و کچان گرنگی زۆر بەو لایەنە دەدەن".
داغیر گوتیشی:"هەموو پێشهات و ژمارەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە شتێكی هەڵە لە ناوچە شیعەکانی عێراقدا هەیە، تووڕەییەک لە نێو خەڵکدا هەیە و ئەگەری هەیە ئەو تووڕەییە زیانێكی گەورە بە عێراق بگەیێنێت.
داغیر دەڵێت، بایکۆتکردن ئەگەرێكی زۆرە، بەڵام ئەوەی کە نامۆیە ئەوەیە کە تەنانەت ئەوانەش کە دەنگ بە سوودانی نادەن، هەر خۆیان پێیانوایە سوودانی باشترین سەرۆکوەزیرانە، ئێمە نازانین بۆچی پێچەوانەی باوەڕیان دەنگ دەدەن
ئەگەری هەیە سەدر پشتگیریی سوودانی بکات؟
هەرچەندە موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی نیشتمانی شیعە بایکۆتی هەڵبژاردنی کردووە، بەڵام لە کۆنفرانسەکەدا ئەو پرسیارە وروژێنرا، ئایا سەدر بە ناڕاستەوخۆ پشتیوانی سوودانی دەکات؟
عەباس عەنبووری گوتی، "پێموایە سەدر بەشداری لە هەڵبژاردنەکان ناکات"، بەڵام گوتیشی "پێشبینیکردنی سەدر قورسە.
سەبارەت بە کاریگەری دەرەکی لەسەر هەڵبژاردنەکان، پرسیاری لە بەیان سامی کرا و گوتی،" قورسە لە ئێستاوە پێشبینی ئەوە بکەین بەڵام بە دڵنیاییەوە وڵاتان کاریگەرییان دەبێت لە پێکهێنانی حکومەتیش دیسانەوە کاریگەرییان دەبێت." گوتیشی: "لە ناوچەی 140 هەراسانکردن و گوشار هەیە، لە کەرکووک هەڵبژاردنێكی دادوەرانە نابێت."
ئایا دوای هەڵبژاردن کاریگەری ئێران چۆن دەبێت؟
ئەمە ئەو پرسیارە بوو لە بەشداربووانی کۆنفرانسەکە کرا. عەنبووری گوتی: "ئێمە دەزانین چی لە ئێران دەگوزەرێت پرسیارەکەش ئەوەیە، ئایا کاریگەری ئێران لەسەر هەڵبژاردنەکان چی دەبێت و چی کاریگەرییەکیش بەسەر چوارچێوەی هاوئاهەنگی جێدەهێڵێت بە تایبەتی لە ئاست پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران."
لە کاتێكدا بەگوتەی عەنبووری، هەمووان دەزانن ئێران رۆڵی هەبووە لە پێکهێنانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی. عەباس عەنبووری گوتیشی: "ئێران کاریگەری گەورەی هەیە، بابەتەکەش تەنیا پەیوەندی بە شیعەگەرییەوە نییە. شیعەی عێراق رووبەڕووی دۆخێكی قورس بووە لەبەر ئەوەی شیعەیە، لە وڵاتە عەرەبییە سوننەکان پێشوازییان لێنەدەکرا، بەڵام لە ئێران بەبێ هیچ کێشەیەک پێشوازییان لێدەکرێت بۆیە دەبینین شیعەی عێراق زیاتر هاوسۆزییان بۆ ئێران هەیە، بەڵام ئێران ئێستا کەمترین کاریگەری هەیە لە عێراق؛ چوارچێوەی هاوئاهەنگی کاری زۆری کردووە بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە وڵاتانی ئیقلیمی لە نێویاندا ئێران."
مەنسووریش سەبارەت بە کاریگەریی ئێران، گوتی: "ئێران خاوەن زۆرترین کاریگەری بوو لەسەر عێراقدا، لەگەڵ هەموو لایەنەکانیش پەیوەندی هەبووە، بۆیە دەبینین کاتێك باس لە هەڵبژاردن دەکرێت زیاتر باس لە ئێرانیش دەکرێت". گوتیشی: "بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە ئایا دەکرێت لەمەولا، لە دوای ئەم هەڵبژاردنەوە، ئێران کە ئێستا تاڕادەیەک لاوازترە، عێراقی لێ دوور بخرێتەوە؟".
رۆڵی حەشدی شەعبی
ئەو پرسیارە ئاراستەی مەنسوور کرا و لە وەڵامدا گوتی: "هەندێ لایەنی سیاسی هەن کە لە حەشدەوە نزیکن ئەوانە بەشداری دەکەن و دەنگدەری خۆیان هەیە و لە ئەگەری سەرکەوتنیان ئەو کاتە رۆڵی حەشدی شەعبی زیاتر دەردەکەوێت، بەڵام پێموانییە وەکو ساڵانی رابردوودا بە تووندوتیژی رەفتار بکەن."
رێککەوتنی نەوت و کاریگەرییەکانی؟
رێککەوتنە سێقۆڵییەکە دوای هەوڵێکی زۆر و بەر لە هەڵبژاردن کرا، بۆیە هەندێک وای دەبینن وەکو کەرستەی هەڵبژاردن بەکاربهێندرێت، بە تایبەتی کاتێک سوودانی و وەزیری نەوتی عێراق گوتیان، دوای 18 ساڵ توانیان بۆ یەکەمجار نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی سۆمۆوە هەناردە بکەن.
عەباس عەنبووری، گوتی: "رێککەوتنەکە زۆر گرنگە بەڵام نە سوودانی و نە مالیکی بەکاریان نەهێناوە وەک بانگەشە، پێموایە دوای هەڵبژاردنەکە سوودی لێ دەبینێت، بە سوودیشیان نابێت لە هەڵبژاردنەکان چونکە عێراقییەکان وەک ملکەچبوونی بەغدای دەبینن لە بەرامبەر هەولێر".
بەیان سامی؛ رەخنەی لە هەڵوێستی لایەنە عێراقییەکان گرت و گوتی: "بە داخەوە کە لە عێراق خەڵک بە جۆرێك پەروەردە کراوە و چەواشە کراوە ئەگەر کارێک بۆ هەرێمی کوردستان بکرێت بە ملکەچبوون و خۆ بەدەستەوەدان دادەنرێت."
کێشەی خزمەتگوزارییەکان لە عێراق
بەشی دووەمی کۆنفرانسەکە لە کاژێر 1:45 خولەکی دوا نیوەڕۆ، بە ناونیشانی " ئایا عێراق توانای هەیە گەشەی ژێرخانی خۆی بپارێزێت؟". دەستیپێکرد،
بەشداربووان دکتۆر مەهدی حەداد، ئەندازیاری شارەزا لە بواری گواستنەوە و گەیاندن، لەهیب هایگل، راوێژکاری باڵای لە گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان؛ ئینسیپانیان، شارەزای کارەبا و وزە بوون
پرسیاری یەکەم سەبارەت بە "میترۆی بەغدا"بوو؛ کە ئایا بۆچی هیچ شتێكی لێ نابینرێت و بەدی ناکرێت؟
مەهدی حەداد، ئەندازیاری شارەزا لە بواری گواستنەوە و گەیاندن، رایگەیاند: "دوو پلان هەن، یەکێكیان بۆ حەفتەکان دەگەڕێتەوە و بە شوێنە قەرەباڵخەکاندا تێدەپەڕن. دووەم پلانیش لە 2024 خرایەڕوو، حەوت هێڵ لە خۆدەگرێت.
مەهدی حەداد ئاماژەی بە ئاڵنگارییەکانی بەردەم پرۆژەکە کرد و گوتی: "من لە عێراق گەڕاومەتەوە، پلەی گەرما بە تێکڕا 48 پلە بوو؛ لە لەندەن 400 کیلۆمەتر نێتوۆرکمان هەیە. واتە بۆ هەر یەک 1.5 کیلۆمەتر رێگەی میترۆ تۆ وێستگەیەکت هەیە، لە ریازی سعودیە هەمان شتە. بەڵام لە بەغدا پلانەکە بەو جۆرە دانەنراوە. بەڵکو دوورییەکەی زیاترە."
بە گوتەی مەهدی حەداد، پێشنیازکراوە، باشتر وایە بەهۆی گەرماوە هێڵی میترۆ بخرێتە ژێر زەوی، بەڵام دەڵێت: "لە رووی تەکنیکییەوە خۆڵی بەغدا جۆرێكە کە کێشەی لێدەکەوێتەوە چونکە پێویستی بە پایەی بەهێزترکردن هەیە."
لەهیب هایگل، راوێژکاری باڵای لە گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان؛ لەو باوەڕيدایە ئەگەر سوودانی هەڵبژێردرێتەوە ئەوا دەرفەتێکی دیکەی پێدەدرێت کار لەسەر خزمەتگوزاری و ژێرخانی عێراقدا بکات و زۆربەی کەموکورتییەکان چارەسەر بکات.

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق