وەزارەتی بازرگانیی عێراق پرۆژەی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی بۆ خاوەن پێداویستیی تایبەت و فەرمانبەران راگەیاند.
کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی ئۆتۆمبێلی سەربە وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت، کۆمپانیاکەیان گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی بەرهەمهێنی ئۆتۆمبێل واژۆ کردووە. ئەم گرێبەستە بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلە لە ژاپۆنەوە بە تایبەتمەندیی دیاریکراو بۆ ئەو کەسانەی خاوەن پێداویستیی تایبەتن.
هاشم محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئاشکرای دەکات کە کۆمپانیاکەیان گرێبەستی راستەوخۆی لەگەڵ فرۆشیارانی رەسەنی ئۆتۆمبێلی ژاپۆنی کردووە. ئۆتۆمبێلەکان بەگوێرەی یاسا و رێنماییەکانی گومرگی عێراق و بە ستانداردی داواکراوی عێراقی دەهێنرێن و رەچاوی هەموو مەرجەکان کراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، سەرەتا دوو بۆ سێ هەزار ئۆتۆمبێل هاوردە دەکرێت. دواتر هەریەک لە وڵاتانی چین و ئەڵمانیا لە پلانی وەزارەتەکەیاندایە بۆ ئەنجامدانی گرێبەستی کڕینی ئۆتۆمبێل. لە قۆناغی داهاتووشدا فەرمانبەرانی حکومەت بەگشتی دەتوانن سوودمەندبن لە کڕینی ئۆتۆمبێلی هاوردەکراوی وەزارەتی بازرگانیی عێراق.

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق