ئەو سزایانە چین بەسەر ئێراندا دەسەپێندرێنەوە؟

ليست هناك تعليقات



 کۆمەڵێک سزای نەتەوە یەکگرتووەکان بەهۆی پرۆگرامی ئەتۆمییەوە بەسەر ئێراندا دەسەپێندرێنەوە.

ئەو سزایانەی بەپێی رێککەوتنی ساڵی 2015 هەڵگیرابوون، جارێکی دیکە کارا دەبنەوە، ئەگەر لە دووا ساتەکاندا پێشهاتێکی دیپلۆماسی روونەدا، کە ئەوە ئەگەرێکی زۆر دوورە.

سزاکان دوای ئەوە دەسەپێندرێنەوە کە بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا "میکانیزمی سناپباک" یان سەپاندنەوەی خێرای سزاکانیان کاراکرد کە لە رێککەوتنەکەدا هاتووە. ئەورووپییەکان تارانیان بە پابەندنەبوون بە بەڵێنەکانییەوە تۆمەتبار کردووە.

سزاکان کێ و چی دەکەنە ئامانج؟

سزاکان ئەو کۆمپانیا، دامەزراوە و کەسانە دەکەنە ئامانج کە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ رۆڵ لە پەرەپێدانی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران یان مووشەکە بالیستییەکانیدا دەگێڕن.

هەر کەس یان لایەنێک کەرەستە، ئەزموون و شارەزایی یان پارە بۆ بەرنامەی ئەتۆمی یان مووشەکیی ئێران دابین بکات، بەر سزاکان دەکەوێ.

کاریگەری لەسەر بەشێکی گەورەی ئابووری

ئەو سزایانەی دەسەپێندرێنەوە، رێگری لە هەر جۆرە فرۆشتن و گواستنەوەیەکی چەک بۆ ئێران دەکەن.

هاوردە و هەناردە و گواستنەوەی پێکهاتە و تەکنەلۆجیای پەیوەست بە پرۆگرامی ئەتۆمی و مووشەکی بالیستی قەدەخە دەکرێ.

سەروەت و سامانی ئەو دامەزراوە و کەسانەی لە دەرەوەی وڵاتن و پەیوەندییان بە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێرانەوە هەیە، سڕ دەکرێ.

ئەو کەسانەی بە هەر جۆرێک رۆڵیان لە چالاکییە ئەتۆمییە قەدەخەکراوەکانی ئێران هەیە، رێگەیان پێ نادرێ گەشت بکەن بۆ وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان.

پێویستە وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان رێکار دژی ئەو دامەزراوە بانکی و داراییانە بگرنەبەر کە گومانیان لێ دەکرێ یارمەتیی پرۆگرامە ئەتۆمی و بالیستییەکانی ئێران بدەن.

هەر کەسێک سیستمی سزاکان پێشێل بکات، سەروەت و سامانەکەی لە سەرانسەری جیهاندا سڕ دەکرێ.

سزای جیای ئەورووپی

لەگەڵ سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەکرێ یەکێتیی ئەورووپا هەندێ سزای دیکە بە جیا بسەپێنێت.

ئامانج لە سزاکان لێدانە لە ئابووریی ئێران، نەوەک تەنیا بۆ رێگریکردن لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی، بەڵکو بۆ دروستکردنی گوشاری دارایی لەسەر تاران بۆ ئەوەی پابەندی داواکارییەکان بێت.

وڵاتانی رۆژئاوا ترسیان لەوە هەیە ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی؛ بابەتێک کە تاران بە تووندی رەتیدەکاتەوە، لە کاتێکدا بەرگری لە مافی خۆی دەکات بۆ پەرەپێدانی پرۆگرامێکی ئەتۆمی بۆ مەبەستی دروستکردنی وزەی کارەبا و لێکۆڵینەوەی زانستی.

پێشتریش ئەمریکا سزاکانی خۆی بەسەر ئێراندا سەپاندووەتەوە، لەوانەش قەدەخەکردنی کڕینی نەوتی تاران لەلایەن وڵاتانی دیکەوە، ئەوەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکە کشایەوە.

میکانیزمی سناپباک چۆن جێبەجێ دەکرێ؟

ئەم میکانیزمە بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کارا دەکاتەوە، بەڵام جێبەجێکردنی کرداریی میکانیزمەکە، پێویستی بەوەیە وڵاتانی ئەندام یاساکانی خۆیان هەموار بکەنەوە بۆ ئەوەی پابەندی بن.

بڕیاردان لەسەر دەرکردنی یاسا بۆ جێبەجێکردنی سزاکان دەکەوێتە ئەستۆی یەکێتیی ئەورووپا و بەریتانیا، بەڵام هیچ لایەنێکیان وردەکاریی پرۆسەکەیان رووننەکردووەتەوە.

سزاکان چۆن دەسەپێندرێن؟

بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش و سزاکانی پەیوەست پێیەوە پابەندکەرن، بەڵام زۆرجار پێشێل دەکرێن.

پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە ئایا وڵاتانی وەک چین و رووسیا کە کاراکردنەوەی میکانیزمی سناپباک بە نایاسایی دەزانن، بڕیاری پابەندنەبوون دەدەن؟

هەندێک وڵات، لەنێویاندا چین، سەرەڕای سزاکانی ئەمریکا بەردەوام بوون لە بازرگانیکردن لەگەڵ ئێران. زلهێزە ئەورووپییەکان پێشبینی دەکەن رووسیا پابەندی سزاکان نەبێ، بەڵام کاردانەوەی پەکین، کە بڕێکی زۆری نەوت لە ئێران دەکڕێ، روون نییە چۆن دەبێت.

کلیمێنت تێرم، توێژەر لە "پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەی ئێران"ی سەر بە زانکۆی سۆربۆنی فەرەنسا دەڵێت: "خۆدزینەوە لە سزاکان باجی هەیە؛ باجی سیاسی و هەروەها دارایی و ئابووری، چونکە مامەڵە داراییەکان زۆر گرانتر بوون."

کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی لەو کەرتانەن کە بە رادەیەکی زۆر کاریگەری سزاکانیان بەردەکەوێ.

تێرم گوتیشی: "بۆ سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، رەنگە گەمارۆیەکی تەواو نەبینین، بەڵکو بەرزبوونەوەی تێچووەکان دەبینین."

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif