حکومەتی بەریتانیا کار لەسەر پڕۆژەیەکی نوێ دەکات کە بریتییە لە ناسنامەیەکی دیجیتاڵی بۆ هەموو ئەو کەسانەی لە وڵاتەکەدا کار دەکەن، بە ئامانجی رێگریکردن لە "کاری رەش" (کارکردنی نایاسایی) و خێراکردنی پرۆسەی پشکنینی شوێنە بازرگانییەکان.
بەپێی پلانەکە، هەموو کەسێک دەبێت ناسنامەیەکی دیجیتاڵی لەسەر مۆبایلەکەی هەبێت. ئەم ناسنامەیە، کە لە شێوەی ئەپێکدایە، زانیارییەکانی وەک ناوی تەواو، وڵات، وێنەی کەسی، هەروەها دۆخی مافی مانەوە و کارکردنی تێدا تۆمار دەکرێت و سیستمەکە راستەوخۆ بە بنکەی زانیاریی وەزارەتی نێوخۆ (هۆم ئۆفیس)ەوە دەبەسترێتەوە.
ئامانج لەم هەنگاوە ئەوەیە، کاتێک تیمەکانی پشکنین سەردانی شوێنێکی کار دەکەن، تەنها بە سکانکردنی ناسنامەکە دەتوانن "بە دوو کلیک" یان لە چەند چرکەیەکدا دڵنیا ببنەوە کە ئایا زانیارییەکانی کەسەکە لەگەڵ تۆماری فەرمیدا یەکدەگرێتەوە یان نا. ئەگەر زانیارییەکان تەواو بوون، هیچ کێشەیەک دروست نابێت، بەڵام لە حاڵەتی جیاوازیدا، رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە.
پڕۆژەکە هێشتا لە قۆناخی کارکردندایە و چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو ساڵی 2029 بە تەواوەتی بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، پڕۆژەکە لە ئێستاوە رووبەڕووی رەخنە بووەتەوە، بەتایبەت لەلایەن پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانەوە. ئەوان پێیان وایە، ناچارکردنی هەموو هاووڵاتییەک، بەتایبەتیش ئەو کەسانەی کە بە رەگەز بەریتانین و کۆچبەر نین، بۆ هەڵگرتنی ئەم جۆرە ناسنامەیە، رەنگە ببێتە هۆی پێشێلکردنی مافە تایبەتییەکان و ئازادییە تاکەکەسییەکان.
.jpg)
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق