ڕۆڵی موشەکەکانی میدیای حیزبی کوردی لە دروستبونی شەڕی ناوخۆ

ليست هناك تعليقات



دکتۆرە سارا کەمال
-
( خوێندنەوەیەکی یاسای بۆ بارودۆخی میدیا لە کوردستان)
-
کاریگەری میدیای حیزبی تەنها سنوردار نیە لە گواستنەوە یان شێواندنی هەواڵدا، بەڵکو گرنگترین ڕۆڵی بەرجەستە دەبێت لە "پرکردن و بەلارێدابردنی ڕایگشتی"، هەروەها میدیا چەکێکی دەروونیە کە کەمتر نیە لە چەکی ئاگرینی مەترسیدار، بە جۆرێک، ڕاپۆرتەکان، لێکۆڵینەوەکان، بەرنامەکانی گفتوگۆ، تەنانەت پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیاش، دەکرێت هەمویان ببنە گۆرەپانێکی جەنگ و "مووشەکی میدیایی" ئاراستەی یەکتر بکەن، وە دەرئەنجامی ئەم جەنگە دروستبونی درزێکی قووڵە لەناو ڕیزەکانی کۆمەڵگەی کوردیدا، لە دەستدانی هەستی هاوڵاتی بونە لەلایەن تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردی.

بەواتایەکی تر میدیاکان لە هەرێمی کوردستان یەکێکن لە گرنگترین ئامرازەکانی ئاراستەکردنی ڕای گشتی و بنیاتنانی هۆشیاری کۆمەڵگا، بەڵام ئەم ڕۆڵە کە لەبنەمادا دەبێت لەسەر بنەمای پیشەیی و ئەخلاقی بنیات بنرێت، لەم ساڵانەی دواییدا گۆڕاوە بۆ شتێک کە لە "مووشەکی میدیایی" دەچێت کە حزبەکان ئاراستەی یەکدی دەکەن لە ناوخۆی کوردستان.

میدیاکان، چ سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان بن یان یەکێتی نیشتمانی کوردستان یان حزبە ئیسلامی و ئۆپۆزسیۆنەکان، بوونەتە ئامراز لە ململانێیەکی سیاسیی نابەجێ کە هەڕەشە لە ئاشتی کۆمەڵایەتی دەکات و متمانەی کۆمەڵگە بە سیاسەت ومیدیا لەناودەبات.
لە بنەڕەتدا دەستووری عێراق و یاسا ناوخۆییەکانی عیراق وهەرێمی کوردستان، گەرەنتی ئازادی بیروڕا و ڕادەربڕین و ئازادی ڕۆژنامەگەری دەکەن، به ڵام سنوری ئه م ئازادیانه به هۆی واقیعی "تاڵی دابەشکاری هەرێم بەسەر دوو زۆندا" نادیار ولێڵ ونارونە، بەجۆرێک کەناڵەکان و ماڵپەڕەکان و پەیجەکانی سۆشیال میدیای سەر به حیزبەکان «بە دەسەڵات و ئۆپۆزیونیشەوە»، بوونه ته پلاتفۆرمی ناوزڕاندن و تۆمەتبارکردنی یەکدی بە « خیانەت و سیناریۆ و خۆفرۆشی و دزی و ناڕاستی و هتد... »، زیندوترین نمونەش بابەتی دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگیە، کە سەرۆکی پارتی بەرەی گەل و سەرکردەیەکی دیاری پێشووی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو، بە جۆرێک کە دروستبونی شەرەکەی لالەزار لە نێوان ئەو بەرێزە و هێزەکانی ئاسایش وکۆماندۆ و دژە تیرۆر، ساتێکی گرنگ بوو بۆ لابردنی پەردە لەسەر میدیای حیزبی و ئاشکراکردنی ڕۆڵی لە دروستکردنی دۆخێکی نەخوازراو لە ناو هەرێمی کوردستان، بە جۆرێک کەناڵەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕوداوی شەرەکەیان قۆستەوە بۆ ئەوەی شەرعیەتی دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی بخەنە ژێر پرسیار و هێرشی سیاسی و شەخسی بکەنە سەر یەکێتی نیشتمانی کە ڕکابەری سیاسیانن، هاوکات میدیاکانی سەر بە یەکێتی نیشتمانی وەڵامیان دایەوە و ئەو ڕووداوەیان وەک بەشێک لە بەئامانجگرتنی سیاسی وجێبەجێکردنی یاسا لەم زۆنەدا نیشان دا، بەجۆرێک لەگەڵ پەرەسەندنی ڕوداوەکانی ڕووبوونەوەکەی لالەزار و زیاتر دەرکەوتنی هۆکاری دروستبونی ئەو شەڕە، مەودای "شەڕی میدیایی نێوان ئەو دوو حیزبە" فراوانتر بوو، وە زمانی میدیاکانیان هەندێکجار لە زمانی چەکەکانیان توندتر بوو.

بە داخەوە کە لە دۆخێکی لەم شێوەیە زەرەرمەندی یەکەم و کۆتایی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانە، چونکە ئەم واقیعە هاوڵاتیان دەباتە ناو دوڕیانێکی بێ هیوای و ناهاوڵاتی بوون وبێ تاقەتی، هەر بۆیە گرنگە پرسیارێک بکرێت کە ئەویش ئەوەیە: لەچ کاتێکدا ئازادی میدیا دەگۆڕێت بۆ تاوان و دەرچون لە ئەخلاقیاتی پیشەی میدیایی؟

وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پیویستی بە گەڕانەوەیە بۆ دەستور و یاساکانی ڕێکخستنی کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستان، کەبە داخەوە هەرچەندە یاسا هەیە بۆ ڕێکخستنی کاری ڕۆژنامەوانی و میدیایی لە هەرێمی کوردستاندا، بەڵام بەدەست کەلێنی بنەڕەتییەوە دەناڵێنن، بۆ نمونە مادەی (٣٨) لە دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ گەرەنتی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕۆژنامەگەری دەکات، بەڵام ئەم ئازادیە "سنووردارە" بە قەدەغەکردنی پێشێلکردنی سیستم وئەخلاقی گشتی، هەروەها یاسای ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان ژمارە (35)ی ساڵی 2007 ئازادی ڕۆژنامەگەری دەپارێزێت، تائەو سنورەی دەرخستنی ڕاستی ڕوداوەکان بۆ هاوڵاتیان پێویستی دەکات، بەڵام کێشە سەرەکیەکە لە نەبونی میکانیزمێکی ڕونە بۆ ڕێکخستنی ئەدای میدیای حیزبی، ئەمەش بۆشایی یاسایی دروست دەکات، کە ڕێگە بە "شەڕی میدیایی" دەدات بەبێ کۆنترۆڵ.

لە کۆتایدا دەڵێین یاساکان پێناسەیەکی ورد بۆ «قسەی ڕقاوی » یان «هاندانی میدیایی» ناکەن و زۆرجار میکانیزمەکانی لێپرسینەوە بە شێوەیەکی هەڵبژێردراو یان لە ژێر فشاری سیاسیدا جێبەجێ دەکرێن، ئەم بۆشاییە یاساییە ڕێگە بە لایەنەکان دەدات کە میدیاکانیان وەک موشەکێکی هێرشبەر بەکاربهێنن بەبێ ترس لە لێپرسینەوەی ڕاستەقینە، ئەمەش دەبێتە هۆی تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردی.

بۆیە پیویستی سنوردارکردنی ڕۆڵی میدیای حیزبی لە هەرێمی کوردستان پێویستیەکی ئێجگار گرنگە، وە جێبەجێکردنی ئەم ئامانجە پیویستی بە چاکسازی یاسایی و دامەزراوەیی هەیە کە هەژموونی حیزبەکان لە گۆڕەپانی میدیادا سنووردار بکات، ئەمەش دەتوانرێت لە ڕێگەی هەموارکردنەوەی یاسای ڕۆژنامەوانی بەدی بهێنرێت، بۆ دەستەبەرکردنی یەکسانی و ڕێگریکردن لە ئیستغلالکردنی سیاسی، وە بەدامەزراندنی دەزگای سەربەخۆ بۆ چاودێریکردنی ئەدای میدیا و دەستەبەرکردنی فرەیی و پابەندبوون بە ستانداردە پیشەییەکان، وەهەروەها سنوردارکردنی ڕۆڵی میدیایی حیزبی پاڵپشتی دارایی بۆ میدیایی سەربەخۆ دێنێتە ئاراوە، کە ئەمەش لە ڕێگەی سندوقە بێلایەنەکان یان بەرنامە نێودەوڵەتییەکانەوە دەکرێت، وە لە هەمان کاتدا کۆمەڵگەی مەدەنی و زانکۆکان دەکرێت بەشداربن لە دامەزراندنی کولتورێکی میدیایی سەربەخۆی ڕەخنەگرانە و جیاوازی لەگەڵ پڕوپاگەندەی سیاسی، جگە لەوەش بەرزکردنەوەی شەفافیەت لە خاوەندارێتی میدیاکاندا، پەیوەندیە سیاسی و داراییەکانیان ئاشکرا دەکات، بەمەش هۆشیاری گشتی زیاد دەکات و وردە وردە کاریگەری میدیای حیزبی لەسەر حیسابی میدیای سەربەخۆ کەم دەبێتەوە.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif