ڕیفراندۆم وەك پرسێکی ڕەوا لە ئاڵۆزیدا

ليست هناك تعليقات


عوسمان گوڵپی
-
پرسی گشتپرسی لە دەساڵی ڕابردوودا یەكێك بوو لە گەرمترین پرسەکان، لە بڕیار لێدانیەوە تا ئەنجامدانی و تا لێکەوتەکانیشی. لێرەدا نامەوێ قسە لەسەر کات و شێواز و ئامادەسازیەکان بکەم بۆ ئەو پرسە کە لەسەردەمی ئاڵۆزیەکی گەورەدا بوو لە ناوچەکەدا.

هەرچەند دەبوو پرسی دەوڵەت بۆ کورد پێویستی بە گشتپرسی نەبوایە، بەڵکو کوردیش وەك هەر نەتەوەیەکیتر خاوەن وڵاتی سەربەخۆی خۆیبێ نەك بکرێتە گۆشتی خێر، بەڵام دواجار ئەوەی هەیە گرنگە نەك ئەوەی دەبوو چۆنبێ.

"هیچ شتێك نابێ ئەو ڕاستیە بشێوێنێ کە ڕیفراندۆم و هەموو ڕێگاکان بۆ سەربەخۆیی ڕەوان و دەبنە مێژوو بۆ نەوەکانی داهاتوومان"

پرسی ڕیفراندۆن لە ساڵی ٢٥/٩/٢٠١٧ ئەنجامدراو نزیکەی سێ ملیۆن کەس دەنگی بە بەڵێدا کە ٪٩٢.٧ بوو دەنگی نەخێریش نزیك بە دووسەد و پەنجا هەزار دەنگێك بوو، هەرچەند نەخێرەکەش بۆڕەد کردنەوەی خودی ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکو تەنها ڕەدکردنەوەی کاتەکەی بوو(نەخێر لە ئێستادا) ئەمە بە مانای ئەوە دێت خودی ڕیفراندۆم پرسێکی ڕەوایە و ئەوەی جێگای قسەلەسەر کردنە کاتەکەی و شێوازەکەیی و زەمینەکەی و ئامادەسازیەکەیەتی، چونکە دواجار هەر مرۆڤێك جۆرێك لە وابەستەیی هەیە بۆ وڵات و خاک و تەیبەتمەندیە نەتەوەییەکانی خۆی، بەو وڵاتانەشەوە کە بە حساب قۆناغی دەوڵەتی نەتەوەییان تێپەڕاندوە، بەڵام هێشتا مرۆڤ وابەستەیی بە زێدی خۆیەوە هەیە و خۆشی دەوێ با دەریشیان کردبێ تەنانەت کاتێك پێغەمبەرمان (د،خ) کە مەککەی جێ هێشت و نەیتوانی تیایدا دانیشێ و خۆی و هاوڕێکانیان تیایدا عەزیەت دران کەچی کە لە مەککە دێتە دەرەوە و ئاوڕ دەداتەوە و قسە لەگەڵ مەککە دەکات وەك زێدی خۆی، حیوارێكی گەورە دەکات کە سەراپای دەربڕینی سۆزە بۆی و نیگەرانیە لە جێ هێشتنی، هیچ کات نەهات رقی لە نیشتیمانەکەی بێت لە رقی ئەوانەی ئازاریاندا و تەنانەت دەریانکرد، بۆیە پرسی نەتەوەیی ئەگەر نەبێتە ڕەگەزپەرستی و هۆکاری ستەم پرسێکی ڕەواو رێگا پێدراو وابەستەیە بە مرۆڤەوە هەرچەند شەپۆلی دژە نەتەوەش بەهێزبێت.

" ئاوەدانکردنەوەی وڵاتێك و گۆڕینی دەسەڵات زۆر ئاسانترە لە دروستکردنەوەی تاکێکی بێ ئینتیما"

کوردیش وەك نەتەوەیەکی دابەشکراوی بندەستی خاوەن خاك و زمان و تایبەتمەندی خۆی حەقیەتی وڵات و ئاڵاو ناوی هەبێ، حەقیەتی ڕێگاکانی سەربەخۆیی بگرێتەبەر، هەرچەند بە هۆی ئەو ململانێ سیاسی و حیزبیە ناشەریفانەی ئێستا هەیە لە هەرێمی کوردستان هەموو چەمکەکان شێواون یان شێوێنراون، بەڵام دواجار کوردیش دەبێت لەسەر رێڕەوی سەربەخۆیی خۆیەتی بێت و ڕیفراندۆمەکانیش چ لە ٢٠٠٥ و چ لە ٢٠١٧ بۆ داهاتوو دەبنە مێژوویەك کە نەوەکانمان سەربەخۆیی بۆ دەگەڕێننەوە، وەك چۆن خراپی حوکمڕانی و گەندەڵی و خراپ بەکار هێنانی دەسەڵاتیش دەبێتە بەشێك لەو مێژووەی کە دەمانبێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە نەوەی ئێستا خاك و ئاڵاو پرسە رەواکانی لە حیزب و بەرپرسەکانی جیا بکاتەوە و هەر هەنگاوێك بە ئاراستەی نیشتمانسازیبێت پشتیوانی بکات و هەرچیەکیش زیانی لێ بدات دژی بێت، چونکە ئاوەدانکردنەوەی وڵاتێك و گۆڕینی دەسەڵات زۆر ئاسانترە لە دروستکردنەوەی تاکێکی بێ ئینتیما، دروستکردنەوەی ئینتیماو هەستی نیشتمانیانەی بەرپرسانە زۆر گرانترە لە دروستکردنەوەی باڵەخانەکان، بۆیە پێویستە هێڵێکی جیاکەرەوە بکێشین لە نێوان بەرپرسان و جۆری حکومڕانی و خراپەکانی لەگەڵ نیشتمانێك کە هی هەموومانە و دەبێت نەهێڵین لەوە زیاتر تێکبشکێ.

"پێویستە نەوەی ئێستا خاك و ئاڵاو پرسە نیشتمانییەکان لە حیزب و بەرپرسەکانی جیا بکاتەوە و هەر هەنگاوێك بە ئاراستەی نیشتمانسازیبێت پشتیوانی بکات و هەرچیەکیش زیانی لێ بدات دژی بێت"

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif