بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای کرماشان دەڵێت، پارێزگاکە لە رووی بەرهەمهێنانی هەنگوینەوە لەسەر ئاستی ئێران لە پلەی پێنجەم دێت و پێشبینی دەکرێ ئەم ساڵ زیاتر لە 7000 تۆن هەنگوین بەرهەم بهێندرێت.
سەعید کەریمی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، کرماشان بە بەرهەمهێنانی زیاتر لە حەوت هەزار و 100 تۆن هەنگوین لە ساڵێکدا لەسەر ئاستی ئێران لە پلەی پێنجەم دێت.
بە گوتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای کرماشان، زیاترین هەنگوینی پارێزگاکە لە شارەکانی سەحنە و کەنگاوەر بەرهەم دێت.
سەعید کەریمی دەڵێت، سێ هەزار و 525 کێڵگەی هەنگەوانی لە پارێزگاکە هەن و زیاتر لە دوو هەزار کەسیش لەو کەرتەدا کار دەکەن.
فەرهاد زەنگەنە، جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای کرماشان بۆ کاروباری باشترکردنی بەرهەمەکانیش رایگەیاند، لە 27ی ئەیلوولەوە سەرژمێرییەک لە کەرتی هەنگەوانیی پارێزگاکە دەستپێدەکات و تاوەکو 9ی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت و تێیدا هەموو زانیارییەکان لەبارەی ژمارەی پوورەی هەنگ، سندووقی هەنگ و ئەو کەسانەی لەو بوارەدا کار دەکەن، کۆدەکرێتەوە.
بەرپرسەکەی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای کرماشان داوا لە هەنگەوانانی پارێزگاکە دەکات، لە کاتی بەڕێوەچوونی سەرژمێرییەکەدا هاوکارییان بکەن و دەڵێت، لەو رۆژانەدا هەر جۆرە گواستنەوە و جووڵەپێکردنی پوورەکانی هەنگ قەدەخەیە و بۆ ئەوەش هاوئاهەنگی پێویست لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتی پزیشکیی ڤێتێرنەری و پۆلیسی پارێزگاکەدا کراوە.

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق