رەشنووسی پلانی نوێی ئیدارەی ترەمپ لەبارەی کۆتاییهێنان بە جەنگە 23 مانگییەکەی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان و دروستکردنی نەخشەڕێگەیەک بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین ئاشکرا دەکرێت.
پلانەکە 21 خاڵی لە خۆگرتووە و لە کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی نێوان سەرۆکی ئەمریکا و سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری نیویۆرک، باسکراوە.
بەگوێرەی میدیای ئیسرائیلی کە نێوەڕۆکی پلانەکەی بڵاوکردووەتەوە، پلانەکە بە "پێشنیازی ویتکۆف" ناسراوە و لەلایەن ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، داڕێژراوە، دیدگەیەکی گشتگیری ئیدارەی ترەمپە بۆ ئاشتییەکی درێژخایەن لە ناوچەکەدا باسکردووە.
پلانەکە، خاڵی سەرەکیی پێشنیازی دیکەش لەخۆدەگرێت کە لە چەند مانگی رابردوودا لەلایەن لایەنە جیاوازەکانەوە خراونەتەڕوو، لەوانە ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان و دوورخستنەوەی حەماس لە دەسەڵاتی کەرتی غەززە.
'فەلەستینییەکان لە غەززە بمێننەوە'
خاڵێکی دیار و گرنگی ئەم پلانە ئەوەیە بە ئاشکرا هانی فەلەستینییەکانی غەززە دەدات لە کەرتی غەززە بمێننەوە. ئەمەش گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ، بەتایبەتی دوای ئەوەی ترەمپ لە شوباتی رابردوودا، رایگەیاند پلانی هەیە غەززە بگرێتەدەست و هەوڵی گواستنەوەی هەمیشەی دانیشتووانەکەی بۆ وڵاتانی ناوچەکە دەدات و ئەمەش کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تووشی شۆک کرد.
هەروەها، پلانەکە باس لە دروستکردنی نەخشەڕێگەیەک بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین لە داهاتوودا دەکات، ئەمەش لە دوای دەستپێکردنی قۆناخی ئاوەدانکردنەوەی غەززە و تەواوکردنی چاکسازییەکانی دەسەڵاتی فەلەستین. ئەمەش وەک گۆڕانکارییەکی گەورە لە سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ دەردەکەوێت، چونکە پێشتر لە دەربڕینی پاڵپشتی بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتی خۆی بەدوورگرتبوو.
'گفتوگۆ بۆ ئاشتی و پێکەژیان'
هەروەها پلانەکەی ئەمریکا پێشنیاز دەکات، ئیدارەی ترەمپ هەوڵەکانی چڕ بکاتەوە بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆی راستەوخۆ لەنێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکاندا بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر "تەباییەکی سیاسی و پێکەوەژیانێکی ئاشتییانە".
هەرچەندە ئەم خاڵانە خاڵی سەرەکیی هاندانی فەلەستینییەکانن بۆ راکێشانیان بۆ سەر مێزی گفتوگۆ، بەڵام پلانەکە چەندین خاڵیش لەخۆدەگرێت کە ئیسرائیل لە مێژە داوای کردوون، لەوانەش؛ پابەندبوون بە چەکداماڵینی حەماس و تەواوی کەرتی غەززە و پێکهێنانی پرۆسەیەک بۆ دوورخستنەوەی دانیشتوانەکەی لە توندڕەوی.
ئاستەنگەکانی بەردەم پلانەکە
ئەو مەرجانە، بەتایبەتی چەکداماڵینی حەماس و کەرتی غەززە، ئەگەری هەیە وا لە پلانەکە بکەن کە قبووڵکردنی لەلایەن حەماسەوە قورس بێت. هەروەها، دروستکردنی نەخشتەڕێگەیەک بۆ دەوڵەتێکی داهاتووی فەلەستین دەکرێت هێڵی سوور بێت بۆ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، کە لە مێژە لەسەر رێگریکردن لە چارەسەری دوو دەوڵەتی کاری کردووە.
سەرەڕای ئەم ئاستەنگانە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی هەینی گەشبین بوو سەبارەت بە ئەگەری سەرکەوتنی پلانەکە. ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند رەنگە رێککەوتنەکە پێشتر گفتوگۆی لەسەر بکرێت و پاشانیش لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ترووس سۆشیال، نووسیبووی "گفتوگۆیەکی چڕ بۆ ماوەی چوار رۆژە بەڕێوەدەچێت و تاوەکو پێویستیش بێت بەردەوام دەبێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی درێژخایەن."
هەروەها سەرۆکی ئەمریکا نووسیویەتی "هەموو وڵاتانی ناوچەکە ئاگادارکراونەتەوە و حەماس بە تەواوی ئاگاداری ئەم گفتوگۆیانەیە و ئیسرائیلیش لە هەموو ئاستەکاندا ئاگادار کراوەتەوە، لەوانەش سەرۆکوەزیران بیبی نەتەنیاهوو."
21 خاڵی پلانەکەی ئەمریکا
میدیای ئیسرائیل تەواوی 21 خاڵی پلانەکەی ئیدارەی ترەمپیان بڵاوکردووەتەوە، کە خۆی لەم خاڵانە دەبینێتەوە:
1- غەززە ببێتە ناوچەیەکی دوور لە 'توندڕۆیی و تیرۆر' کە هەڕەشە بۆ سەر دراوسێکانی دروست نەکات.
2- غەززە بۆ سوودی خەڵکەکەی ئاوەدان دەکرێتەوە.
3- ئەگەر هەردوو لا رەزامەندی لەسەر پێشنیازەکە بدەن، جەنگ دەستبەجێ کۆتایی دێت، هێزەکانی ئیسرائیل هەموو ئۆپەراسیۆنەکانیان رادەگرن و بە شێوەیەکی قۆناخ بە قۆناخ لە کەرتی غەززە دەکشێنەوە.
4- لەماوەی 48 کاژێردا دوای رەزامەندی هەردوولا لەبارەی رێککەوتنەکە، سەرجەم بارمتەکان، چ زیندوو بن چ مردوو، ئازاد دەکرێن.
5- دوای ئازادکردنی بارمتەکان، ئیسرائیل چەند سەد زیندانییەکی فەلەستینی کە سزای زیندانی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە و زیاتر لە هەزار دانیشتووی غەززە کە لە سەرەتای جەنگەوە دەستگیرکراون، لەگەڵ تەرمی چەند سەد فەلەستینییەک ئازاد دەکات.
6- دوای ئازادکردنی بارمتەکان، ئەو ئەندامانەی حەماس کە پابەندی پێکەوەژیانی ئاشتییانە دەبن، لێبووردنی گشتیان بۆ دەردەکرێت، لەکاتێکدا ئەو ئەندامانەی دەیانەوێت کەرتی غەززە جێبهێڵن، رێگەی سەلامەتیان پێدەدرێت تاوەکو بچنە ئەو وڵاتانەی وەریاندەگرن.
7- لەدوای جێبەجێکردنی ئەو بڕگانەی رێککەوتنە؛ هاوکارییە مرۆییەکان بەشێوەکەی فراوان رەوانەی کەرتی غەززە دەکرێن و لەو ئاستەش کەمتر نەبێت کە لە رێککەوتنی بارمتەکان لە کانوونی دووەمی 2025دا دیارییکراون، کە 600 بارهەڵگری هاوکاریی بوو لە رۆژێکدا لەگەڵ نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی سەرەکی و هێنانی ئامێر بۆ لابردنی داروپەردووی باڵەخانە وێرانکراوەکانی غەززە.
8- هاوکارییە مرۆییەکان، بێ هیچ دەستوەردانێک، لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و مانگی سووری فەلەستین، لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە کە پێیوەندییان بە ئیسرائیل یان حەماسەوە نییە، دابەش دەکرێن.
9- غەززە لەلایەن حکومەتێکی کاتی و راگوزەری تەکنۆکراتەکانی فەلەستینەوە بەڕێوەدەبرێت کە بەرپرسیار دەبن لە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی رۆژانە بۆ خەڵکی کەرتی غەززە. لیژنەکە لەلایەن دەستەیەکی نێودەوڵەتی نوێوە سەرپەرشتی دەکرێت کە ئەمریکا بە راوێژ لەگەڵ هاوبەشە عەرەبی و ئەورووپییەکاندا دایدەمەزرێنێت. ئەمە یەکەم ئاماژەی پلانی ئەمریکایە بۆ دەسەڵاتی فەلەستین.
10- پلانێکی ئابووری بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە دادەڕێژرێت، بە بەشداریی شارەزایان لە بواری دروستکردنی شارە مۆدێرنەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بە لەبەرچاوگرتنی پلانە هەمەجۆرەکان بۆ راکێشانی وەبەرهێنان و رەخساندنی هەلی کار بۆ خەڵکەکەی.
11- دروستکردنی ناوچەیەکی ئابووری لە غەززە بە راوێژ لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە.
- هیچ کەسێک ناچار ناکرێت غەززە جێبهێڵێت، بەڵام ئەوانەی بڕیار دەدەن بڕۆن، رێگەیان پێدەدرێت کەرتەکە جێبهێڵن. هەروەها، خەڵکی غەززە هان دەدرێن لە کەرتەکە بمێننەوە و دەرفەتی بونیاتنانی داهاتوویەکی باشتریان لەوێ پێدەدرێ.
13- حەماس هیچ رۆڵێکی لە بەڕێوەبردنی غەززەدا نابێت. دیارییکردنی میکانزمێک بۆ لەناوبردن هەر ژێرخانێکی سەربازیی لە کەرتەکە، لەوانەش تونێلەکان. دەبێت سەرکردە نوێیەکانی غەززەش پابەندی پێکەوەژیانی ئاشتییانە بن لەگەڵ دراوسێکانیان.
14- گارانتییەکی ئەمنی وڵاتانی ناوچەکەوە بدرێت، بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی نە حەماس و نە لایەنەکانی دیکەی غەززە پابەندی رێککەوتنەکە دەبن و چیتر غەززە هەڕەشە نابێت بۆ سەر ئیسرائیل.
15- ئەمریکا لەگەڵ هاوبەشە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکانی دیکەدا کار دەکات بۆ پەرەپێدانی هێزێکی کاتیی ئاشتیپارێز نێودەوڵەتی کە دەستبەجێ لە غەززە بڵاویپێدەکرێت بۆ چاودێریکردنی ئاسایشی کەرتەکە.
16- ئیسرائیل غەززە داگیر ناکات و هیچ پلانێکی لکاندنیش جێبەجێ ناکات و سوپای ئیسرائیل بە شێوەیەکی قۆناخ بە قۆناخ، لەو ناوچانە دەکشێتەوە کە ئێستا دەستیبەسەرداگرتوون و رادەستی هێزە ئاشتیپارێزەکەی دەکات.
17- ئەگەر حەماس ئەم پێشنیازە دوا بخات یان رەتیبکاتەوە، خاڵەکانی سەرەوە لە ناوچەکانی دوورە دەستی حەماس جێبەجێ دەکرێن و سوپای ئیسرائیلیش بە شێوەیەکی قۆناخ بە قۆناخ ناوچەکانی کۆنترۆڵی کردوون رادەستی هێزی ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتی دەکات.
18- ئیسرائیل رەزامەندی بدات لە داهاتوودا بەهیچ شێوەیەک هێرش نەکاتە سەر قەتەر. ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رۆڵی گرنگی قەتەر لە گفتوگۆکانی تایبەتی بە ئاگربەستی غەززە بەرز دەنرخێنن.
19- پرۆسەیەک بۆ دوورخستنەوەی دانیشتوان 'لە بیریی توندڕۆیی' دروست بکرێت.
20- کاتێک ئاوەدانکردنەوەی غەززە پێشکەوتنی بەخۆوە بینی و پرۆگرامی چاکسازی دەسەڵاتی فەلەستین جێبەجێ کرا، مەرجەکان دەکرێت بۆ نەخشەڕێگەیەکی متمانەپێکراو بۆ دامەزراندنی دەوڵەت فەلەستین ئامادە بکرێن.
21- ئەمریکا هەوڵبدات بۆ ئەوەی گفتوگۆی راستەوخۆ لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکاندا دروست بێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر تەبایی سیاسی بۆ پێکەوەژیانێکی ئاشتییانە.

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق