سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، "ئێران هیچ کاتێک بەدوای شەڕەوە نەبووە و ناشبێت. هەوڵیش دەدەین شەڕ هەڵنەگیرسێتەوە، بەڵام رووبەڕووی هەر جۆرە دەستدرێژی و دووژمنکارییەک دەبینەوە."
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ محەممەدعەلی ئەبتەحی، عەلیڕەزا موعیزی و عەبدوڵڵا گەنجی، سێ لە کەسایەتییە دیارە سیاسی و میدیاییەکانی ئێران کە شەوی هەینی، 29ی ئابی 2025 لە میدیای فەرمیی وڵاتەکە پەخش کرا، باسی دانوستاندنە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمریکا، ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئەورووپا لە لایەک و ئێران و ئەمریکا لە لایەکی دیکە، هەڕەشەی وڵاتانی ئەورووپی بۆ کاراکردنەوەی میکانیزمی گەڕاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ئێران، ئەگەری هەڵگیرسانەوەی جەنگ و چەندین مژاری دیکەی نێوخۆیی و دەرەکی کرد.
"جەنگمان ناوێت بەڵام لێشی ناترسین"
پزیشکیان لە هەڤپەیڤینەکەدا دەڵێت: "جەنگمان ناوێ، بەڵام ئەگەر بیانەوێ دەستدرێژی بکەن، بە هێزەوە رووبەڕوویان دەبینەوە. نامانەوێ شەڕ بکەین و لە رۆژی یەکەمەوە ئەوەمان گوتووە، بەڵام لە جەنگیش ناترسین. خەڵکی ئێمەش پیشانی داوە کە ئەگەر بڕیارە شەڕێک هەڵگیرسێ، بە هێزێکی زۆر زیاترەوە یەکێتی و یەکگرتوویی نێوخۆیی دروست دەبێت."
سەرۆککۆماری ئێران ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر لە نێوخۆی ئێران کۆدەنگی و یەکڕیزی هەبێت، دووژمنان بیر لە هێرشکردنە سەر ئێران ناکەنەوە و شەڕ روونادات و رایگەیاند: "ئەگەر ئێمە یەکریز بین، ئەوان ناتوانن چاو ببڕنە ئێمە. ئەوان چاویان لەوە بوو ئەگەر شەڕ رووبدات، کارەکە تەواو بکەن. بڕوایان نەدەکرد ئێمە بمێنین."
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە خەڵکی ئێران شەڕی ناوێ و بەرپرسیارێتی ئەوەش لە ئەستۆی ئێوەیە، پزیشکیان دەڵێت: "مەگەر ئێمە دەمانەوێ؟ ئێمە خەریکین هەوڵ دەدەین، بەڵام ئەمریکا و ئیسرائیل بەدوای دابەشکردنی ئێراندا دەگەڕێن؛ ئەوان بەدوای رووخاندنی ئێراندا دەگەڕێن. هیچ ئێرانییەک نایەوێ وڵاتەکەی دابەش بێت یان بە زەلیلییەوە خۆی رادەست بکات."
پزیشکیان پێیوایە، ئەمریکا و ئیسرائیل واز لە سیاسەتەکانیان بەرامبەر ئێران ناهێنن و دەڵێت: "پرۆسەکە روونە. ئەوان هەرگیز واز لە کردەوەکانیان ناهێنن، بەڵام ئەگەر ئێمە یەکریز و یەکگرتوو بین، پێم وایە ناتوانن چاو ببڕنەوە ئێمە، چونکە ئەم پرسە زۆر گران لەسەریان دەکەوێت."
سناپباک و هەڵوێستی ئەورووپییەکان
سەبارەت بە هەڵوێستی سێ وڵاتە زڵهێزەکەی ئەورووپا بۆ کاراکردنی میکانیزمی گەڕاندنەوەی سزاکان بۆ سەر ئێران، مەسعود پزیشکیان رایگەیاند، ئێران نایەوێ میکانیزمەکە کارا بکرێتەوە و سزا نێودەوڵەتییەکان بگەڕێنەوە.
پزیشکیان وڵاتە ئەورووپییەکان تۆمەتبار دەکات بەوەی خۆیان پێشێلی زۆرێک لە یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکەن، بەڵام بە ناڕەوا کۆماری ئیسلامیی ئێران تۆمەتبار دەکەن کە پابەندی چوارچێوەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی نەبووە.
سەرۆککۆماری ئێران لەوبارەوە دەڵێت: "ئێمە بەدوای ئەوەدا ناگەڕێین سزاکان کارا بکرێنەوە. ئێمە بە هیچ شێوەیەک بەدوای ئەوەدا ناگەڕێین، بەڵام جێگەی پرسیارە کە هەندێک وڵاتی ئەورووپی کە خۆیان زۆرێک لە یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکەن، ئەمڕۆ تۆمەتبارمان دەکەن بەوەی رێز لە چوارچێوەیەک ناگرین! چۆن دەتوانین ئەو جۆرە بانگەشەیانە لەم جۆرە وڵاتانە قبووڵ بکەین؟ ئەمە لایەنێکی بابەتەکەیە. بەڵام نیگەرانیی سەرەکی من، تەنانەت بەر لە چالاککردنەوەی سزاکان کە نامانەوێ چالاک بکرێنەوە، ئەو شتەیە کە لە نێوخۆی وڵاتدا روودەدات. خەمی سەرەکیی من ئەو دەنگە نەشازانەیە کە بەرز دەبنەوە و دەیانەوێ ئەم یەکریزی و یەکگرتووییە تازەپێگەیشتووە لاواز بکەن."
مەسعود پزیشکیان رەخنە لە هەندێک لایەنی نێوخۆیی ئێران دەگرێت کە لە کاتی خۆیدا دژی واژۆکردنی رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 بوون، بەڵام ئێستا باس لە کاراکردنی میکانزیمی سناپباک و کاریگەرییەکانی لەسەر ئێران دەکەن و تۆمەتباریان دەکات کە هەڵوێستیان دووڕوویی تێدایە.
پزیشکیان لەو بارەوە دەڵێت: "کاتێک لە بنەڕەتدا رێککەوتنە ئەتۆمییەکەیان پێ پەسند نەبوو، ئێستا چۆن دەتوانن رەخنەی لێبگرن؟ راستییەکە ئەوەیە کە لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015دا مافی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بە فەرمی دانی پێدانرا و لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەدا هەندێک ئیمتیاز بۆ وڵات لەبەرچاو گیرا، بەڵام لە نەبوونی رێککەوتنەکەدا رەنگە چی دیکە ئەمانە قبووڵ نەکرێن."
زۆربەی کێشەکانی وڵات لە ئەنجامی گەمارۆکانە
سەرۆککۆماری ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەرچاوەی زۆربەی کێشەکانی وڵاتەکەی بەتایبەت کێشە ئابوورییەکانی، سزا نێودەوڵەتییەکانن.
پزیشکیان دەڵێت، "کێ گوتوویەتی گەمارۆکان کاریگەر نین؟ ئەو تیۆرانەی کە دەڵێن گەمارۆکان هیچ گرنگییەکیان نییە، لەگەڵ راستییەکان ناگۆنجێن. ئەو کێشانەی ئەمڕۆ رووبەڕوویان بووینەتەوە، تاوەکو رادەیەکی زۆر ئەنجامی گەمارۆکانن. کەس نەیگوتووە گەمارۆکان کاریگەرییان نییە. هەروەها رێبەری مەزنی شۆڕشیش بە بەردەوامی جەختی لەوە کردووەتەوە کە گەمارۆکان ستەمکارانەن."
بە گوتەی پزیشکیان، "ههندێک کهس که بانگهشهی تێگهیشتن له راستییەکان دهکهن، خۆیان دان بهوهدا دهنێن که گهمارۆکان دهتوانن له جهنگیش کوشندهتر بن. لەبەر ئەوەی کاتێک گەمارۆکان دەسەپێنرێن، دەرمان و کەلوپەلی سەرەکی ناگات و ژیانی ئەو کەسانەی لە دۆخی سەختدان، زیاتر دەکەوێتە مەترسییەوە. بۆیە ناکرێت بە سادەیی بەسەر گەماڕۆکاندا تێپەرین و کەم بایەخیان بکەین."
باڵاپۆشی
لە بەشێکی هەڤپەیڤینەکەدا، سەرۆککۆماری ئێران باسی مژاری باڵاپۆشی و جێبەجێنەکردنی یاسایەکی پەیوەندیدار بە باڵاپۆشی لە لایەن حکومەتەوە دەکات و دەڵێت: "هەستم ئەوە بوو کە ئەگەر من ئەو کارە بکەم، کۆمەڵگە توانای بەرگەگرتنی نییە. ئەوە بۆچوون و بڕوای خۆم بوو. ژمارەیەک لە شارەزایانیش هەمان بۆچوونی منیان هەبووە، بەڵام من توانای جێبەجێکردن یان تێگەیشتنی جێبەجێکردنی ئەو شتەم نەبوو. تێگەشتنم ئەوە بوو، ئەگەر من ئەم کارە بکەم، لەوانەیە لە نێو کۆمەڵگەدا شەڕێک دروست بێ کە نەتوانم چارەسەری بکەم. منیش بڕیار نییە کارێک بکەم کە کۆمەڵگە بگاتە ئەو خاڵەی ناکۆکی و پێکدادان دروست ببێت."
دەشڵێت، "خۆم بڕوام بە باڵاپۆشییە، لە نێو خێزانەکەمدا هەموویان باڵاپۆشن، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ئەگەر کەسێک باڵاپۆش نەبوو، کەسێکی باش نییە. ئەمە تێروانینێکە، من بەم بۆچوون و بڕوایە دەژیم."
بە گوتەی سەرۆککۆماری ئێران، "مەودای نێوان داوێنپاکی و باڵاپۆشی زۆرە و گوتی، داوێنپاکی شتێکی دیکەیە و ئەوی دیکە شتێکی دیکە. ئایا ئەو کەسانەی لە دەرەوە دەژین و باڵاپۆش نین، هەر هەموویان داوێنپیسن؟ ئەمە لانیکەم لە مێشکی مرۆڤدا ناگۆنجێ. تەواوی شتەکە ئەوەیە کە کارێک نەکەین، وڵات بە ناکۆکی و شەڕ بڕواتە پێش."
هەڵگرتنی فیلتەر لەسەر ئەنتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
سەبارەت بە بەڵێنەکانی بۆ هەڵگرتنی فیلتەر لەسەر ئەنتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، مەسعود پزیشکیان ئاماژە بەوە دەکات کە پابەندی بەڵێنەکانییەتی، بەڵام نیازی ئەوەی نییە بە فەرمان و رووبەڕووبوونەوە پرسەکە چارەسەر بکات.
سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، "گومانم نییە پێویستە بەرەو نەهێشتنی فیلتەر هەنگاو بنێین، بەڵام ئەوە تاکە پرس نییە. نەهێشتنی فیلتەرکردن بە تەنیا کێشەکە چارەسەر ناکات. ئەمە تەنیا بەشێکی پرسەکەیە. بەشە گرنگترەکە ئەوەیە کە پێویستە بە لێکتێگەیشتن بێت. ئێستا مامۆستایانی زانکۆ، ئەوانەی بەشدارییان لە خولی راهێناندا کردووە و زانست و زانیاریی پێویستیان هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە، خەریکی پلاندانانن."
مەسعود پزیشکیان دەشڵێت، "فیلتەرکردن پرسێک نییە تەنیا پەیوەندی بە گفتوگۆی شارەزایانەوە هەبێت، بەڵکو پرسێکە کە پەیوەندی بە یاسا و رێسا و پێکهاتەی حوکمڕانی وڵاتەوە هەیە."
بە گوتەی پزیشکیان، بڕیار بوو بەر لە جەنگە 12 رۆژییەکەی لەگەڵ ئیسرائیل، فیلتەر لەسەر ژمارەیەک پلاتفۆرمی دیکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەلبگیرێت، بەڵام بە روودانی جەنگەکە پرۆسەکە دواخرا.
پزیشکیان گوتی، "رێبەر ناوەندێکی پێکهێناوە کە بەرپرسیارە لە بڕیاردان لەسەر سیاسەتەکانی پەیوەست بەم بوارە. لە هەمان ناوەنددا، دوای لێکۆڵینەوەی شارەزایان، خشتەیەکی کاتی دیاریکراوە بۆ جێبەجێکردنی هەندێک رێوشوێن، لەوانەش کردنەوەی هەندێک پلاتفۆرم. تەنانەت پێش شەڕی ئەم دواییە بڕیاربوو پلاتفۆرمەکان لەسەر بنەمای هەمان خشتەی کاتی بکرێنەوە. نوێنەرانی ئەو پلاتفۆرمانەش هاتبوونە ئێران و بڕیاربوو لێرە نووسینگە بکەنەوە، بەڵام پێکدادانەکانی ئەم دواییە پرۆسەکەی دواخست."
حکومەت هۆکارێکی سەرەکیی هەڵاوسانە
لەبارەی دۆخی ئابووریی ئێران و بەرزیی رێژەی هەڵاوسان، سەرۆککۆماری ئێران ئەوە ناشارێتەوە کە حکومەت بەشێکی کێشەکەیە و هۆکارێکی سەرەکیی سەرهەڵدان و بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسانە.
مەسعود پزیشکیان لەوبارەوە دەڵێت، "یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەڵاوسان و کێشە ئابوورییەکان خودی حکومەتە. ئەوە حکومەتە کە تێچوون دروست دەکات، لەکاتێکدا سەرچاوەی دارایی پێویستی نییە. کاتێک سەرچاوە نەبێ، پارە چاپ دەکرێ. کاتێک پارە چاپ دەکرێ، هەڵاوسان دروست دەبێت."
بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکەش، پزیشکیان چارەسەرەکە دەخاتەڕوو و دەڵێت، "ئەگەر بتوانین پێکهاتەی حکومەت لەسەر بنەمای تواناکان فراوانتر بکەین، یان کار و بەرپرسیارێتییان بۆ دیاری بکەین، لانیکەم دەتوانین رێگری لە هەڵاوسان بکەین. ئەمەش پێویستی بەوەیە کە زۆرێک لەو رێکخراو، دامەزراوە و ناوەندانەی هاوتەریب کاردەکەن کۆبکرێنەوە و رێکبخرێن."
بە گوتەی پزیشکیان، کێشە سەرەکییەکە سیستمی ئابووریی ئێرانە و گوتی، "کێشەکە پەیوەندی بە کەسەکانەوە نییە، سیستمی ئێمە کێشەی هەیە. تاوەکو ئەم سیستمە چاکسازی تێدا نەکرێت ، هەر کەسێک بخەیتە سەر سیستەمەکە، هیچ ئەنجامێکی نابێت، تەنانەت ئەگەر لە باشترینەکانیش بێت."
دانانی پارێزگارانی کورد، بەلووچ و سوننە
مەسعود پزیشکیان باسی لە دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ پارێزگای سنە و پارێزگارێکی بەلووچ بۆ پارێزگای سیستان و بەلووچستان کرد کە هەردووکیان سوننەن و ئاماژەی بەوە کرد، ئەو هەنگاوەی حکومەت کاریگەریی باشی لەسەر یەکڕیزی و کۆدەنگیی نێوخۆیی ئێران هەبووە.
پزیشکیان ئاماژە بەوە دەکات، لە جەنگی 12 رۆژەدا لەگەڵ ئیسرائیل، ئەنجامی هەنگاوەکەی حکومەت بە روونی بینرا و دەڵێت، "سەبارەت بە مژاری کۆدەنگی، لە جەنگە 12 رۆژییەکەدا بینیتان، ئەگەر تەنانەت 1% پشکمان هەبێت، دەریخست کە ئەنجامی هەیە و هەوڵ دەدەین ئەمە ببێت. ئێمە پارێزگارێکمان دانا کە بەلووچ و سوننە بوو. هەڵبەت بە جۆرێک بوو کە بۆچوونی رێبەر لەسەر بابەتەکە وەرگیرابوو، واتە رێبەر هیچ دژایەتییەکی نەبوو لەگەڵ ئەم کارە. ئێمە لە کوردستان پارێزگارێکمان دانا سوننە و کورد. ئێمە هەندێک کارمان کردووە و هەوڵمان داوە بۆ ئەوەی پرۆسەی کۆدەنگییەکە ببەینە سەر، تاوەکو ئەو شوێنەی لە دەستمان دێت."
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق