18 هەزار هاووڵاتی لە کەمپی هۆلەوە گەڕێندراونەتەوە

ليست هناك تعليقات



وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، 18 هەزار هاووڵاتی لە کەمپی هۆلەوە گەڕێندراونەتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، نێوەڕاستی مانگی داهاتوو لە نیویۆرک کۆنفرانسێک لەبارەی داخستنی کەمپەکە بەڕێوەدەچێت.

عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا نزیکەی 18 هەزار هاووڵاتیی عێراقی لە کەمپی هۆلەوە گەڕێندراونەتەوە و نزیکەی 5 هەزار کەسی دیکە لە کەمپەکەدا ماون."

بڕیارە نێوەڕاستی مانگی داهاتوو لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، کۆنفرانسێک بۆ تاوتوێکردنی پرسی داخستنی کەمپی هۆل بەڕێوەبچێ. عەلی عەباس گوتی، "کۆنفرانسەکە لەسەر داواکاریی عێراقە و ئامانج لێی خستنەڕووی دۆسیەی کەمپەکەیە لەبەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی."

گەڕانەوەی عێراقییەکانی نێو کەمپی هۆل لە ساڵی 2021ـەوە دەستیپێکردووە. شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی کۆچ و کۆچبەران لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 30-08-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، شەوی پێنجشەممە 233 خێزانی دیکە کە لە 854 کەس پێکهاتبوون وەک 29ـەمین کاروانی هاووڵاتییە عێراقییەکان لە کەمپی هۆلەوە گەڕێندرانەوە.

کەمپی هۆل دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان و لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دایە، زۆربەی دانیشتووانی کەسوکاری چەکدارانی داعشن.

ئەو کەسانەی لە کەمپی هۆلەوە دەگەڕێندرێنەوە، سەرەتا لە کەمپی جەدعە لە باشووری شاری موسڵ نیشتەجێ دەکرێن کە ئێستا ناوەکەی گۆڕدراوە بۆ "ناوەندی شیاندنەوەی هیوا." لەو ناوەندەدا، هاووڵاتییە گەڕاوەکان پرۆسەی راهێنانەوەی دەروونی و کۆمەڵایەتییان بۆ دەکرێ تاوەکو ئامادەبکرێن بۆ تێکەڵبوونەوەیان لەگەڵ کۆمەڵگە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif