دامەزراوەی کاری ئەڵمانیا دەڵێت رێژەی کاری پەنابەران بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە

ليست هناك تعليقات


یەکێک لەو بڕیارانەی حکومەتی ئەڵمانیا سەبارەت بە کۆچبەرانی نایاسایی دای و هێشتاش گەنگەشەی زۆری لەسەرە، ئەوە بوو ئەنگێلا مێرکلی راوێژکاری ئەوکاتی ئەڵمانیا، ساڵی 2015 بڕیاری وەرگرتنی زۆرتر لە ملیۆنێکی کۆچبەری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە دا و بەشێکی گەورەیان کورد بوون. ئێستا ئەو کۆچبەرانە دەستێکی کاریگەر و ئەرێنییان لە بازاڕی کاری ئەڵمانیادا هەیە و زۆریان بوونەتە خاوەنی بزنسی بچووکی خۆیان.

هاوکارمان مەی دۆست بەدواداچوونی بۆ دۆخی کۆچبەرانی کورد دە سال دوای هاتنیان بۆ ئەڵمانیا کردووە.

محەممەد فەرحان یەکێکە لە نموونەی ئەو کوردانەی بوونەتە خاوەنی بزنسی خۆیان. ئەو 10 ساڵ پێش ئێستا، واتە لە ساڵی 2015 لە رۆژئاوای کوردستانەوە گەیشتە ئەڵمانیا.

دوای ئەو هەموو سەختی و ماندووبوونە بووەتە خاوەنکار و ئەنتێگراسیۆنێکی سەرکەوتووی هەیە، ئەمە لە کاتێکدایە توێژینەوەیەکی نوێ لە ئەڵمانیا پشتڕاستی دەکاتەوە کە رێژەی بەشداریکردنی کۆچبەران لە بازاڕی کار دا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە.

محەممەد فەرحان، سەرتاشخانەی هەیە و دەڵێت، "سەرتا لە قامیشلۆ سەرتاش بووم، کاتێکیش هاتمە ئێرە، برایەکم هەبوو ئەویش سەرتاش بوو، لەم شارە پێکەوە دووکانێکی سەرتاشیمان کردوووە و نزیکەی 7 یان 8 ساڵ دەبێت ئەم دووکانەم لە شارە لە بوخوم کردووەتەوە، کارەکە خۆشە و کارێکی باشە، هاوکات زۆربەی ئەوانەی لای ئێمەش کاردەکەن خەڵکی قامیشلۆن و دەیانناسین، وەک گوتم، لە سەرەتادا زەحمەتی تەنیا زمان بوو، تاوەکو بتوانم مۆڵەتێک و مافی مانەوە وەربگرم. بەبێ ئەوانە هیچ کەسێک ناتوانێت کار بکات، چەندیش شارەزا بیت لە سەرتاشی و پیشەکەت، بەڵام زەحمەتییەکە لەوەدایە ماستەریت هەبێت، بۆ بەدەستهێنانی ماستەری، پێویستە مرۆڤ پێنج ساڵ بخوێنێت تاوەکو دەبێتە ماستەر."

دامەزراوەی لێکۆڵینەوەی کاری ئەڵمانیا لێکۆڵینەوەیەکی کردووە و پشتڕاستیدەکاتەوە، رێژەی کاری پەنابەران بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.

لە هەمان کاتدا، توێژینەوەیەکە راستییەکی ئاڵۆزتر دەردەخات، زۆرێک لە پەنابەران کارێکیان دەستکەوتووە، بەڵام هەموویان وەک یەک سەرکەوتوو نەبوون.

یەکێک لە ئەنجامەکانی توێژینەوەکە ئەوەیە کە کوالیتیی کار بۆ پەنابەران، لەوانەی نیشتەجێی ئەڵمانیان کەمترە، ئەم سەختییە بۆ سیاسەتی ئەڵمانیایش پرسیار دەورووژێنێت، کە چۆن دەرفەتەکان مسۆگەر بکەن وەک یەک بۆ هەموو لایەک، دەبێت چ هەنگاوێک بهاوێژرێت.

جۆسێفینا پاوڵ، وەزیری منداڵان، لاوان، خێزان، پەنابەران و ئەنتێگراسیۆنی هەرێمی نۆردراین ڤێستفالن دەڵێت، "کۆکاری ئەنتێگراسیۆن ئەرکێکی بەردەوامە بۆ سیاسەت."

ئەو وەزیرە دەڵێت، "چەند خاڵێک هەن کە پێویستە بخرێنەڕوو، ئێستا ئەگەر ئێوە دۆخێکی باشی زمان و خوێندنتان هەبێت، ئەوە نەک تەنیا لە بازاڕی کاردا بەسوود دەبێت، بەڵکو دەتوانن سوود لەوەش ببینن کە لە ماوەی کەمتردا کار وەربگرن. دەتوانیت بۆ ماوەی سێ مانگ لێرە کار بکەیت و هەموو شتێک بەدەست بێنی، کاتێک ئێمە باسی قورسایی زمان دەکەین، زۆربەی کات قسە لەسەر ئەوە دەکەین کە مرۆڤ زمانی نازانێ، کاتێک کەسێک زمان نازانێت، ئەوا بەتەواوی ناتوانێت بەشدار بێت، بۆیەش ئێمە زۆر گرنگی بە وانەی زمان و ئەنتێگراسیۆن دەدەین و پێویستە بەردەوام بین لە کارکردن لەسەری".

بۆ هەزاران کەسی وەک محەممەد، ئەنتێگراسیۆنی کار رێگایەکی درێژ و پڕ لە سەختییە، ئامارەکانی توێژینەوەکە نیشانی دەدەن سەرەڕای ئەو ئاڵۆزییانەش، بڕیارەکانی حکومەت کاریگەریی لەسەر پێشکەوتن هەبووە.

ئیتر 10 ساڵ دوای کۆچبەربوون بۆ ئەڵمانیا، چیرۆکی ئەنتێگراسیۆنی کورد و کۆچبەران دوو لایەنی هەیە؛ چیرۆکی سەرکەوتن و تێکەڵاوییە. توێژینەوەکە نیشانی داوە کە ئێستا کۆچبەری زیاتر کار پەیدا دەکەن، بەڵام هێشتا ناهاوسەنگی هەیە لە مووچەدا بە بەراورد بەوانەی کار ناکەن. داهاتوو نیشانمان دەدات کە ئایا ئەم سەرکەوتنە بەردەوام دەبێت یان نا.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif