بەهۆی زۆربەکارهێنانی پلاستیکەوە، وەچەخستنەوە کەمبووەتەوە

ليست هناك تعليقات


مشتومڕی زۆر هەن لەبارەی هۆکارەکانی کەمبوونی وەچەخستنەوە و رێژەی سپێرم، توێژینەوەیەکی گەورەی شیکاری (مێتا) لەسەر پیاوانی سێ کیشوەر کراوە و دەریدەخات، ساڵانە رێژەی سپێرم 1٪ بۆ 2٪ کەم دەبێتەوە.

توێژینەوەیەکی گەورەی شیکاری گۆڤاری Oxford Academic دەریدەخات، لەماوەی 50 ساڵی رابردوودا هەر ساڵێک 1٪ رێژەی سپێرم کەمبووەتەوە، ئەمەش هاوتایە لەگەڵ کەمبوونەوەی رێژەی وەچەخستنەوە.

د. شانا سوان، پسپۆڕی ژینگە و تەندروستیی گشتی لە ئەمریکا دەڵێت: زیادبوونی قەڵەوی، ناڕێکیی شێوازی ژیان و زیادبوونی رێژەی بەساڵاچووان دەشێت هۆکار بن بۆ کەمبوونەوەی رێژەی منداڵبوون.

د. شانا سوان و هاوکارەکانی لە توێژینەوەکەدا بۆیان دەرکەوتووە، لەماوەی نێوان 1973 بۆ 2011دا رێژەی سپێرمی پیاوانی ئەمریکای باکوور، ئەورووپا و ئوسترالیا بەڕێژەی نزیکەی 60٪ دابەزیوە.

ئەوان توێژینەوەکەیان پەرەپێدا و لە ساڵی 2018 بۆیان دەرکەوت، دوای ساڵانی 2000ـەکان رێژەی دابەزینی سپێرم لە 1٪ـەوە بووە بە 2٪.

ئەوان پێیان وایە، زیادبەکارهێنان و بەرکەوتنی زۆر بە مادە پلاستیکییەکان هۆکارێکی سەرەکییە بۆ کەمبوونەوەی سپێرم بەتایبەت مادەی فتالەیت و بیسفینۆڵەکان ''کە هۆڕمۆنی تێستۆستیڕۆن کەم دەکەنەوە و هۆڕمۆنی ئیستڕۆجین زیاد دەکەن''.

نزیکەی 100 وڵات بەیاننامەیەکیان واژۆکردووە و داوای ''پابەندبوونێکی قۆناخ بە قۆناخ دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بەو بەرهەمە پلاستیکییانەی زۆرترین زیان بە ژینگە و جەستە دەگەیێنن''.

ئەمە لە کاتێکدایە کە چەند توێژینەوەیەک ئاشکرایان کردووە، رێژەی سپێرم بەراورد بە دەیەی رابردوو 40٪ کەمترە، هاوکات پیسبوونی ژینگەش بە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو کەمبوونەوەیە دادەنێن.

چۆنیەتیی زیادبوونی سپێرم

بەپێی ناوەندی کلیڤلاندی پزیشکی لە ئەمریکا سپێرم زیاد دەکات، پیاوانیش پێویستە گوشاری دەروونییان کەم بکەنەوە و رۆژانە وەرزشی مامناوەند بکەن. هەروەها بایەخی بە خواردنی 'مۆز، گوێز، سپێناخ، سیر، پیاز، هەنار و بڕۆکلی' بدەن.

مەترسیی مادە پلاستیکییەکان لەسەر جەستە

بە گوێرەی زانکۆی فودان لە چین، گەردیلە وردەپلاستیکییەکان ئەم مەترسییانەیان لەسەر مرۆڤ هەیە؛

- تێکچوونی هۆرمۆنەکان.
- زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە جەڵتە و نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن.
- زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە لە ئەنجامی بەرکەوتنی درێژخایێن بە پلاستیکەکان.
- سستبوونی گورچیلەکان و ژەهراویبوون.
- لاوازبوونی یادگە و تواناکانی فێربوون.
- تووشبوون بە رەبۆ و هەناسەتەنگی.
- تێکچوونی بەرگریی جەستە و زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی گورگەسوورە، هەوکردنی جومگەی رۆماتیزم و دەردە رێوی.

وردە پلاستیک لە گونەکانی پیاواندا دۆزراونەتەوە

توێژینەوەیەک لە زانکۆی نیو مەکسیک دەریدەخات، وردە پلاستیک لە گونەکانی پیاواندا دۆزراونەتەوە کە هۆکارێکی تووشبوون بە نەزۆکین.

توێژینەوەکە لە زانکۆی نیو مەکسیک لە ئەمریکا ئەنجامدراوە و دەرکەوتووە، 12 جۆری جیاوازی وردە پلاستیکیان لەناو گون و خوێن و سییەکاندا دۆزیوەتەوە،زۆرترینیان ماددەی پۆلی ئیسیلین و پۆلی ڤەنایل بوون کە لە زۆرینەی ماددە پلاستیکییەکاندا بەکاردێن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif