ئێران: تاوتوێی وردەکاریی دەستپێکردنەوەی دانوستاندنە ئەتۆمییەکان دەکەین

ليست هناك تعليقات



وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تاران خەریکی تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکانە لەگەڵ ئەمریکا لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی.

رۆژی شەممە، 12-07-2025 عەباس عێراقچی گوتی: "ئێمە خەریکی تاوتوێکردنی کات، شوێن، شێواز، پێکهاتە و ئەو گەرەنتییانەین کە بۆ دانوستاندن لە ئێران داوا دەکرێن."

دانوستاندنەکانی نێوان تاران و واشنتن لە مانگی نیسانەوە دەستیان پێکردبوو، بەڵام دوای ئەوەی ئیسرائیلی هاوپەیمانی ئەمریکا، لە 13ـی حوزەیران هێرشێکی لەناکاوی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، هەوڵەکان پەکیان کەوت، کە ئەمە تەنیا دوو رۆژ پێش کۆبوونەوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو بوو لە عومان.

"ئامادەی دیپلۆماسین، بەڵام بە مەرج"

وەزیری دەرەوەی ئێران لە گوتارێکیدا بۆ دیپلۆماتکاران لە تاران جەختیکردەوە، وڵاتەکەی بۆ دیپلۆماسی لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە ئامادەیە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی چەند هەفتەیەک پێش ئێستا ئیسرائیل و ئەمریکا هێرشیان کردە سەر دامەزراوەکانی.

عێراقچی گوتی: "کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ دروستکردنی ئەم متمانەیە لە رێگەی دیپلۆماسییەوە ئامادەیە، بەڵام پێش ئەوە، دەبێت بەرامبەرەکانمان قایلمان بکەن کە ئەوانیش خوازیاری دیپلۆماسین، نەک ئەوەی دیپلۆماسییەت پەردەیەک بێت بۆ ئەو ئامانج و مەبەستانەی کە هەیانە."

هێڵی سوور بۆ دانوستاندنەکان

عێراقچی روونیکردەوە، هەر دانوستاندنێک لەگەڵ زلهێزەکان تەنیا تیشک دەخاتە سەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران، نەک توانا سەربازییەکانی وەک سیستمی مووشەکە بالیستییەکانی.

وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: "ئەگەر دانوستاندنەکان بکرێن، بابەتی دانوستاندن تەنیا ئەتۆمی دەبێت و دروستکردنی متمانە دەبێت لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێراندا لە بەرامبەر هەڵگرتنی گەمارۆکان. هیچ بابەتێکی دیکە ناکرێتە تەوەری دانوستاندن."

گۆڕانکاری لە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆم

عێراقچی هەروەها رایگەیاند، هاوئاهەنگییەکانی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) "شێوازێکی نوێ وەردەگرێت،" ئەمەش دوای دەرچوونی یاسایەک دێت کە هاوئاهەنگییەکانی لەگەڵ ئەو رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەڵپەساردووە.

عێراقچی گوتیشی: "هاوئاهەنگیمان لەگەڵ ئاژانسەکە نەوەستاوە، بەڵام شێوازێکی نوێ وەردەگرێت،" ئاماژەی بەوەشکرد کە داواکارییەکان بۆ پشکنینی بنکە ئەتۆمییەکان "لەسەر بنەمای هەر حاڵەتێک، بە لەبەرچاوگرتنی پرسەکانی سەلامەتی و ئاسایش، بە جیا تاوتوێ دەکرێت."


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif