هاوپەیمانیمان لەگەڵ هاوپەیمانیی جمهور بۆ پرۆسەکەیە، نەک شتێکی دیکە

ليست هناك تعليقات


یاریدەدەری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەسەر لیستی دەم پارتی، رایگەیاند، قسەکانی سەرۆککۆماری تورکیا، سەبارەت بە هاوپەیمانیی سێقۆڵی لەنێوان ئاکپارتی، مەهەپە و دەم پارتی، تەنیا "هاوپەیمانیی پرۆسە"یە و نابێت بە ئاراستەیەکی دیکەدا لێکبدرێتەوە. بوڵدان گوتارەکەی ئەردۆغانیشی بە "بەهادار و بەنرخ" وەسف کرد.

ئەمڕۆ شەممە 12ـی تەممووزی 2025، پەروین بوڵدان، کە ئەندامی شاندی ئیمراڵییە، هەڵسەنگاندنی بۆ گوتاری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی کرد، کە لە 32ـەمین کۆبوونەوەی راوێژ و هەڵسەنگاندنی پارتەکەیدا پێشکێشی کردبوو.

پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوە کرد ئەمە یەکەمجارە ئەردۆغان بەمشێوەیە ئەرێنی، گشتگیر و خاوەندارانە باسی پرۆسەکە دەکات و گوتی: "گوتارەکە بە زۆر بەهادار و بەنرخ دەزانم. پەیامی گرنگی تێدابوو سەبارەت بەو کارانەی کە پێویستە بکرێن و ئەو هەنگاوانەی کە دواتر دەنرێن."

بوڵدان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە گوتارەکەی ئەردۆغان لە رووی ناوەڕۆکەوە زۆر ئەرێنی و گشتگیر بووە و گوتی: "لەلایەکی دیکەوە، ئاماژەکردنی بە هەڵەکانی رابردووی دەوڵەت و خستنەڕووی وەک رەخنە لەخۆگرتن، باسی کوشتنە بکەرنادیارەکان، تۆڕۆسە سپییەکان (ئۆتۆمبێلی رینۆلتی مۆدێلی کۆتایی هەشتاکان و سەرەتای نەوەتەکان)، سووتاندنی گوندەکان و ئەو سەردەمانەی قسەکردن بە کوردی قەدەخە بوو، بەڕاستی گرنگ بوو."

سەبارەت بە قسەکانی ئەردۆغان کە گوتبووی "ئێستا ئاکپارتی، پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) و دەم پارتی، بڕیارمان داوە بەلایەنی کەمەوە وەک سێ لایەن پێکەوە ئەم رێگایە ببڕین"، پەروین بوڵدان روونیکردەوە: "نابێت بە هەڵە لێکبدرێتەوە. ئەم هاوپەیمانییە، هاوپەیمانیی پرۆسەیە. بە دڵنیاییەوە نابێت وەک هیچ هاوپەیمانییەکی دیکە سەیر بکرێت. هێڵ و رێبازی هەموو لایەک روونە. بۆیە ئەمە پەیامێک بوو کە دەم پارتی لەگەڵ هاوپەیمانیی جمهور لە چوارچێوەی پرۆسەکەدا رێگەیەکی هاوبەش دەگرنەبەر."

گوتیشی: "بێگومان ئێمە وەک دەم پارتی لە چەقی ئەم پرۆسەیەداین، بەڵام ئەوە هاوپەیمانیی جمهورە کە دەبێت کێشەکە چارەسەر بکات. بۆیە پێکەوەبوون و هاوبەشییەکی لەم شێوەیە مانادار دەبێت. با ناوی بنێین 'یەکگرتوویی پرۆسە'. پەیامەکەی بەڕێز سەرۆککۆمار ئاماژەیەک بوو بۆ ئەوەی کە ئەم پێکەوەبوونە لە چوارچێوەی پرۆسەکەدا دەبێت."

یاریدەدەری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، گوتارەکەی ئەردۆغان نیشانەی ئەوەیە کە پرۆسەکە خێراتر دەکرێت و گوتی: "پێویستە هەموو هەنگاوەکان بەبێ درێژکردنەوە و لە کەمترین ماوەدا بنرێن. چونکە کاتێک پرۆسەکە درێژە دەکێشێت رەنگە ببێتە هۆی پیلانگێڕی و هەوڵی جیاواز."

بوڵدان جەختی کردەوە هەرچەندە هەنگاوەکان خێراتر بن، پرۆسەکە زووتر دەگاتە سەرکەوتن و گوتیشی: "بێگومان دامەزراندنی کۆمیسیۆن قۆناخێکی دیاریکراوی ئەمەیە. لەگەڵ دامەزراندنی کۆمیسیۆنەکە، پێویستە ئەو یاسایانەی دەردەکرێن بە خێرایی دیاری بکرێن و لەگەڵ کرانەوەی پەرلەماندا ببنە یاسا و بچنە بواری جێبەجێکردنەوە."

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif