دوای ساڵانێک لە ناکۆکی و دانوستاندنی سەخت، حکومەتی بەریتانیا و فەرەنسا گەیشتنە رێککەوتنێکی نوێ سەبارەت بە چارەنووسی ئەو کۆچبەرانەی بە بەلەمی بچووک لەڕێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە خۆیان دەگەیێننە بەریتانیا، کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی پەڕینەوەی نایاساییە.
بەپێی رێککەوتنە نوێیەکە، فەرەنسا رەزامەندیی نیشانداوە ئەو کۆچبەرانە وەربگرێتەوە کە لە خاکەکەیەوە بە شێوەی نایاسایی دەپەڕنەوە و دەگەنە کەناراوەکانی بەریتانیا.
بەڵام پاریس مەرجێکی سەرەکیی هەیە، ئەویش ئەوەیە لە بەرامبەر وەرگرتنەوەی هەر کۆچبەرێک کە لەلایەن بەریتانیاوە دیپۆرت دەکرێتەوە، دەبێت لەندەن کۆچبەرێکی دیکە لە فەرەنساوە بە شێوەیەکی یاسایی وەربگرێت. ئەم میکانیزمە بە شێوەی "یەک بە یەک" جێبەجێ دەکرێت، بە مەرجێک ئەو کەسەی بە یاسایی دەبرێتە بەریتانیا، کەسێکی نزیکی لەو وڵاتە مافی مانەوەی هەبێت و پێویستی بە چوونە لای خێزانەکەی بێت.
لای خۆیەوە کەیر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە چەند کاژێری رابردوودا وردەکاریی زیاتری پلانەکەی خستەڕوو و رایگەیاند، "لەمەودوا هەر کۆچبەرێک بە بەلەم بگاتە بەریتانیا، دەستگیر دەکرێت، دادگایی دەکرێت و لە ماوەیەکی کەمدا دیپۆرت دەکرێتەوە."
سەبارەت بەو کۆچبەرانەش کە بڕیارە بە شێوەی یاسایی لە فەرەنساوە وەربگیرێن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا مەرجێکی دیکەی راگەیاند و گوتی، "پێویستە ئەو کەسانە هەرگیز هەوڵی هاتنیان بۆ بەریتانیا بە شێوەی نایاسایی نەدابێت،" واتە پێشتر لەسەر سنوور دەستگیر نەکرابن و نەگەڕێندرابنەوە بۆ فەرەنسا.
کەمتر لە 24 کاژێر دوای راگەیاندنی رێککەوتنێکی نوێ لەنێوان فەرەنسا و بەریتانیا سەبارەت بە پرسی کۆچبەران، کاردانەوە و دەنگی ناکۆک لەسەر ئاستی ناوخۆیی بەریتانیا و وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بەرزبوویەوە. رێککەوتنەکە ئامانج لێی کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو کۆچبەرانە کە بە بەلەمی بچووک لە فەرەنساوە دەپەڕنەوە بۆ بەریتانیا و، بووەتە جێگەی مشتومڕی سیاسی و یاسایی.
نەبەز بازیانی، رۆژنامەڤان و شارەزا لە سیاسەتی کۆچبەریی بەریتانیا لەو بارەیەوە میوانی دیاسپۆرا بوو، تیشکی خستەسەر وردەکاری و لێکەوتەکانی رێککەوتنەکە و رایگەیاند، رێککەوتنەکە دوای سەردانە کاریگەرەکەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بۆ بەریتانیا دێت، کە یەکەم سەردانی سەرۆکێکی یەکێتیی ئەورووپا بوو بۆ ئەو وڵاتە لەدوای برێگزیت.
نەبەز بازیانی روونیکردەوە، لەسەر ئاستی ناوخۆی بەریتانیا، ئۆپۆزیسیۆن رەخنەی تووند لە حکومەت دەگرێت و پێیوایە ئەم پرۆژەیە ناتوانێت کۆتایی بە دیاردەی پەڕینەوەی کۆچبەران بە بەلەم بهێنێت، بەپێی ئامارەکان تەنیا ئەم ساڵ نزیکەی 20 هەزار کۆچبەر بە بەلەمی بچووک لە فەرەنساوە لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە گەیشتوونەتە بەریتانیا، ئەمەش بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی 48% زیادیکردووە، هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە بەریتانیا لە هەر 17 کۆچبەر تەنیا یەکێکیان دیپۆرت دەکاتەوە.
هاوکات بازیانی ئاماژەی بەوە کرد، لەسەر ئاستی یەکێتیی ئەورووپا، بەتایبەتی 5 وڵاتی دەروازەی سنووریی یەکێتییەکە، نیگەرانیی خۆیان لە رێککەوتنەکە دەربڕیوە. دەڵێت، "ئەوان ترسیان لەوە هەیە کە ئەو کۆچبەرانەی بەریتانیا دەيانگەڕێنێتەوە بۆ فەرەنسا، لە کۆتاییدا رەوانەی وڵاتانی یەکەم دەکرێنەوە ئەمەش بە پێشێلکاریی یاساکانی کۆچبەریی یەکێتیی ئەورووپای دەزانن."
بازیانی گوتیشی، "بڕیارە هەفتەی داهاتوو پڕۆژەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و وەک هەنگاوی یەکەم، 50 کۆچبەر بە شێوەی تێست بگەڕێندرێنەوە، ئەگەر هەنگاوەکە سەرکەوتوو بوو، ژمارەکە لە ساڵی داهاتوودا زیاتر دەکرێت". دەشڵێت، "بەپێی زانیارییەکان گەڕاندنەوەکە لە سەرەتادا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە کەمپەکاندان، بەڵام ئەگەری هەیە لە داهاتوودا فراوانتر بکرێت."
پرسی کۆچبەری یەکێکە لە کێشە هەرە گەورەکانی بەریتانیا و کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر هەڵبژاردنەکان و تەنانەت گۆڕینی حکومەتیش هەیە، هەندێک لایەنی سیاسی بەریتانیا پێیانوایە ئەم رێککەوتنە بە تەنیا ناتوانێت کێشەکە چارەسەر بکات و داوای گەڕانەوە بۆ پڕۆژەی ناردنی پەنابەران بۆ رواندا دەکەن، چونکە پێیان وایە ئەو پڕۆژەیە کاریگەریی زیاتری لەسەر بێهیواکردنی کۆچبەران هەبوو.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق