سەرۆککۆماری تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامانجی بنبڕکردنی هەمیشەیی تیرۆرە لە ناوچەکەدا. ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە رۆژێک دوای ئەوە دێت گرووپێک لە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە شاری سلێمانی چەکەکانیان لەناوبرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، ئەمشەو 12ـی تەممووزی 2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تەلەفۆن گفتوگۆیان لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پرسە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان کردووە.
ئەردۆغان جەختی لەوە کردووەتەوە وڵاتەکەی بەردەوامە لە جێبەجێکردنی دیدگای "تورکیای بێ تیرۆر" و ئامانجی بنبڕکردنی هەمیشەیی "تیرۆر"ـە لە ناوچەکەدا.
راشیگەیاندووە، تورکیا بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست لەمبارەیەوە و دژی هەموو ئەو لایەنانە دەوەستێتەوە کە هەوڵی تێکدانی ئەم پرۆسەیە دەدەن.
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کردووە، تورکیا و عێراق بەردەوام دەبن لە قۆستنەوەی دەرفەتەکانی هاریکاری و هاوئاهەنگی لە بوارە جیاجیاکاندا لەسەر بنەمای قازانجی هاوبەش، بەتایبەتی لە پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان.
پەیوەندییەکەی ئەردۆغان و سوودانی، رۆژێک دوای ئەوە دێت پێشنیوەڕۆی رۆژی هەینی 11ـی تەممووز، گرووپێکی گەریلای پەکەکە کە ژمارەیان 30 گەریلا بوو، لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان دانا. بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی جێبەجێکاری کەجەکەش یەکێک بوو لەو گەریلایانە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق