وەزیری کۆچ و پەنابەریی یۆنان، بە تووندی هۆشداری دەداتە ئەو کۆچبەرانەی دەیانەوێت بە رێگەی نایاسایی بچنە وڵاتەکەی و رایگەیاند، "مەیەنە ئێرە (یۆنان)، دەنا زیندانیتان دەکەین یان دەتاننێرینەوە بۆ وڵاتەکانتان."
سانۆس پلێڤریس، وەزیری کۆچ و پەنابەریی یۆنان رایگەیاند، "یۆنانییەکان، وەکو خەڵکی وڵاتانی دیکەی ئەورووپا، دەیانەوێت یارمەتیی پەنابەرانی راستەقینە بدەن، بەڵام رێگە نادەین بە گەمژە سەیر بکرێین." گوتیشی، "چیرۆکی خەیاڵی" کۆتاییهاتووە گوایە هەموو ئەوانەی دێنە یۆنان و ئەورووپا ژن و منداڵن، بە پێچەوانەوە زۆرینەیان پیاوی گەنجن، تەمەنیان 18 بۆ 30 ساڵە و کۆچبەری ئابوورین.
وەزیری کۆچ و پەنابەریی یۆنان جەختی کردەوە، "ئێمە چیدی هۆتێل نین. زۆرێک لەو کۆچبەرانەی دێن خەڵکی وڵاتانی ئارامن، لەوانە میسر، پاکستان و بەنگلادیش. ئێستا پێیان دەڵێین، ئەگەر بە بەلەمی نایاساییەوە بێنە یۆنان، چاوەڕێی مافی پەنابەری مەکەن، بەڵکو خۆتان بۆ 5 ساڵ زیندانی یان گەڕانەوە (بۆ وڵاتەکانتان) ئامادە بکەن."
ئەم هەڵوێستە تووندەی یۆنان لە کاتێکدایە کە وڵاتەکە رووبەڕووی شەپۆلێکی بێوچانی کۆچبەران بووەتەوە. بەگوێرەی ئاماری فەرمی، ئەم ساڵ لانیکەم 10 هەزار کۆچبەر لە لیبیاوە چوونەتە دوورگەی کریت، کە گەورەترین دوورگەی یۆنانە.
تەنیا لە هەفتەی یەکەمی دەستبەکاربوونی سانۆس پلێڤریس وەکو وەزیر، 4000 کۆچبەری نایاسایی گەیشتنە دوورگەکە، کە ئەمەش گوشارێکی زۆری لەسەر دەسەڵاتدارانی ناوچەکە دروستکرد.
هێزەکانی پاسەوانی کەناراوەکان و پۆلیس ئەو کۆچبەرانە لە کەمپی کاتیدا دەستبەسەر دەکەن. بەگوێرەی میدیای بەریتانیا، کۆچبەرەکان لە دۆخێکی سەختدا لەسەر زەوی کۆنکرێتی دەخەون و تەنیا بڕێکی کەم خۆراکیان پێدەدرێت، ئەمەش بووەتە هۆی تووڕەیی و ناڕەزایەتی لەنێو کۆچبەرەکاندا.
حکومەتی یۆنان بەم دواییانە چەندین رێکاری تووندتری گرتووەتەبەر، لەوانەش راگرتنی کاتیی تۆمارکردنی داواکاریی مافی پەنابەری بۆ ئەو کەسانەی لە باکووری ئەفریقاوە دەچنە وڵاتەکەیان و دەستبەسەرکردنیان بۆ ماوەی 18 مانگ.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق