ئەمریکا لە یونسکۆ دەکشێتەوە

ليست هناك تعليقات


ئەمریکا کشانەوەی خۆی لە ئاژانسی کولتووریی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسکۆ) رادەگەیێنێت و دەڵێت، ئاژانسەکە لەدژی ئیسرائیل لایەنداری کردووە و کاری لەسەر ئەو پرسانە کردووە کە "ناکۆکی"یان لێدەکەوێتەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکە دەڵێت، کشانەوەی ئەمریکا "جێگەی داخە" بەڵام پێشبینیکراو بوو.

ئاژانسی کولتووری و پەروەردەیی نەتەوە یەکگرتووەکان کە زیاتر بە پاراستنی میراتی جیهانی ناسراوە لە لایەن ئەمریکاوە تۆمەتبار دەکرێت لە دژی ئیسرائیل کاری کردووە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "بەردەوامبوونی بەشداریکردن لە یونسکۆ لە بەرژەوەندیی نیشتمانیی ئەمریکادا نییە."

ئۆدری ئۆزۆلای، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکە دەڵێت: "زۆر بەداخەوەم بۆ بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کشاندنەوەی ئەمریکا لە یونسکۆ. هەرچەندە ئەمە جێگەی داخە، بەڵام پێشبینیکراو بوو و یونسکۆ خۆی بۆ ئامادە کردبوو."

ترەمپ لە ساڵی 2017ـش ئەمریکای لە ئاژانسەکە کشاندبووەوە، بەڵام دواتر جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، وڵاتەکەی گەڕاندەوە نێو ئاژانسەکە.

تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، یونسکۆ بە داننان بە دەولەتی فەلەستیندا، دژایەتیی ئیسرائیلی کردووە.

برووس لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "بڕیاری یونسکۆ بۆ وەرگرتنی دەوڵەتی فەلەستین وەک ئەندام زۆر کێشەدارە، دژی سیاسەتی ئەمریکایە و بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی گوتاری دژی ئیسرائیل لە نێو رێکخراوەکەدا."

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif