سوودانى و ئەردۆغان باسیان لە رێگرى لە پەلکێشکردنى عێراق کردووە بۆ نێو ململانێکان

ليست هناك تعليقات



سەرۆکوەزیرانى عێراق و سەرۆککۆمارى تورکیا قسەیان لەبارەى دۆخى ناوچەکە و رێگرى لە پەلکێشکردنى عێراق کردووە بۆ نێو ململانێکان. محەممەد شیاع سوودانى رایگەیاند: عێراق پێشێلکردنی سەروەری و بەزاندنی ئاسمانەکەی رەتدەکاتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 15ى حوزەیرانى 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانى عێراق و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە تەلەفۆن قسەیان کردووە.

بە گوێرەى نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیرانى عێراق، لەو پەیوەندییەدا هەردوولا باسیان لە پێشهاتەکانی رەوشی ناوچەکە و گرنگی هاوئاهەنگی لە هەڵوێستە جیاوازەکان و یەکخستنی هەوڵەکان کردووە بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.

نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیرانى عێراق دەڵێت: "هەردوولا سەرکۆنەی دەستدرێژیی زایۆنییان بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە و بەپێویستیان زانیوە هەڵوێستێکی یەکگرتوو لە هەموو وڵاتان، بەتایبەتی وڵاتانی ئیسلامی هەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی سیاسەتە دوژمنکارانەکانی ئەو قەوارەیە".

13ى حوزەیرانى 2025، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر چەند پێگەیەکى ئێران و ئەو وڵاتەش بە مووشەک و درۆن بەرپەرچى هێرشەکانى دایەوە، جەنگی نێوانیان بەردەوامە.

بەگوێرەى راگەیێنراوەکە، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، محەممەد شیاع سوودانى رایگەیاندووە کە عێراق پێشێلکردنی سەروەریی و بەزاندنی ئاسمانەکەی رەتدەکاتەوە و کە بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی ناوى بردووە.

نووسینگەى رۆژنامەڤانى سەرۆکوەزیرانى دەڵێت: "سەرۆککۆماری تورکیا پشتیوانی لە سەروەریی عێراق کردووە، هەروەها پاڵپشتى لە هەنگاوەکانى حکومەتی عێراق کردووە بۆ پاراستنی سەروەری و رێگریکردن لە پەلکێشکردنى عێراق بۆ نێو گۆڕەپانی ململانێکان".

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif