حکومەتی بەریتانیا، دوای ئەوەی پلانی ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا بەهۆی بڕیارێکی دادگای ئەورووپا بۆ مافەکانی مرۆڤ (ECHR) سەری نەگرت، ئێستا ئامادەکاری دەکات بۆ ناردنی ئەو کۆچبەرانەی داواکاریی مافی پەنابەرییان رەتدەکرێتەوە بۆ وڵاتانی دیکە، لەنێویاندا کۆسۆڤۆ و ئەڵبانیا.
وەک ئاشکرایە، بڕیارێکی یەکلاییکەرەوەی دادگای ئەورووپا بۆ مافەکانی مرۆڤ (هەمان ئەو دادگایەی کە 26 کەیسی کۆچبەری کوردی لەسەر لاتڤیا لەلایە) رێگر بوو لە جێبەجێکردنی پلانی رواندا. ئێستا، سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە حکومەتی بەریتانیا بەدوای جێگرەوەدا دەگەڕێت و کۆسۆڤۆ و ئەڵبانیا لە ریزی ئەو وڵاتانەن کە لەبەرچاو گیراون.
سەبارەت بە دۆخی کۆسۆڤۆ، ئەزموونی رابردوو دەریخستووە کە وڵاتێکی پڕ کێشە، نادڵنیا و تاڕادەیەکی زۆر هەژارە. بۆ نموونە، لە نێوەڕاستی بازاڕی شاری پریشتینای پایتەخت، دیمەنی دەیان کەس کە بە دەنگی خۆش گۆرانی دەڵێن، بەڵام لە راستیدا سواڵ دەکەن، دەبینرێت.
کیەر ستارمهر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، هەرچەندە لە رۆژانی رابردوودا بەڕوونی ناوی کۆسۆڤۆی نەهێناوە و تەنیا ئاماژەی بەوە کردووە کە "لەگەڵ ژمارەیەک وڵات لە گفتوگۆدان" بۆ ناردنی ئەو کۆچبەرانەی کەیسی پەنابەرییان لە بەریتانیا داخراوە، بەڵام ڤیۆسا ئۆسمانی، سەرۆککۆماری کۆسۆڤۆ، پشتڕاستی کردووەتەوە کە گفتوگۆی نافەرمی لەگەڵ بەرپرسانی بەریتانیا کراوە و وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ "گەنگەشەی زیاتر."
هاوکات ئەم هەوڵانەی بەریتانیا لە کاتێکدایە کە هەر لەم رۆژانەدا، بەریتانیا و یەکێتیی ئەورووپا رێککەوتنێکی نوێیان واژۆ کردووە.
بەشێک لەو رێککەوتنە تایبەتە بە ئامادەکاری بۆ دیپۆرتکردنەوەی ئەو کۆچبەرانەی کە لە رێگەی فەرەنسا و نۆکەندی ئینگلیزەوە بە بەلەم خۆیان دەگەیێننە کەناراوەکانی بەریتانیا.
ئەم پێشهاتانە نیگەرانیی زۆری لەنێو کۆچبەران، بەتایبەتی کۆچبەرانی کورد لە بەریتانیا دروستکردووە، کە چاوەڕوانی روونکردنەوەی زیاترن لەسەر چارەنووسیان و وردەکاریی ئەو پلانانە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق