سعودیە داوا لە ئێران دەکات رێککەوتنی ئەتۆمی واژۆ بکات

ليست هناك تعليقات


 
مانگی رابردوو وەزیری بەرگریی سعودیە چووە تاران و ئاژانسێکی هەواڵی دەڵێت، داوای کردووە پێشنیازەکەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رێککەوتن لەبارەی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەیان بەهەند وەربگرن، چونکە "ئەوە تاکە رێگەیە بۆ دوورکەوتنەوە لە هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل."

بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز کە رۆژی هەینی لە زاری چەندی بەرپرسێکی وڵاتانی کەنداو و ئێرانەوە بڵاویکردووەتەوە، چوونی شازادە خالید بن سەلمان، وەزیری بەرگریی سعودیە بۆ ئێران لە نێوەڕاستی مانگی نیسان لەسەر داوای شا سەلمان بن عەبدولعەزیز، پاشای سعودیە بووە کە لەوێ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران، لەوانەش عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆبووەوە.

وەک رۆیتەرز دەڵێت، لەو کۆبوونەوەیەدا کە 17 نیسان بەڕێوەچووە و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمار؛ محەممەد باقری، سوپاسالار و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە ئامادەی بوون، شازادە خالید بەرپرسانی ئێرانی ئاگادار کردوەتەوە کە دۆناڵد ترەمپ لە پرسی دانوستاندنەکان لەگەڵ تاران پشوودرێژ نییە.

تاوەکو ئێستا پێنج گەڕی دانوستاندن لەنێوان ئەمریکا و ئێران بەڕێوەچوون.

ترەمپ رۆژی چوارشەممە، 28ی ئایار لە کۆشکی سپی رایگەیاند، "رێگەی باشمان لەگەڵ ئێران بڕیوە"، بەڵام تاوەکو ئێستا دانوستاندنەکان بە رێککەوتن نەگەیشتوون.

ترەمپ هەڕەشەی کردووە ئەگەر ئێران بە دیپلۆماسییەت رازی نەبێت، ئەوا شەڕیش هەیە، بەڵام ئەوەیان رێگە دڵخوازەکەی نییە.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا شازادە خالید بە سەرکردەکانی ئێرانی راگەیاندووە، ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت بە خێرایی بگەنە رێککەوتن، بەڵام دەبێت ئاگاداریش بن کە دەرفەتە دیپلۆماسییەتەکە هێندە درێژە ناکێشێت.

بە گوێرەی دوو بەرپرسی وڵاتانی کەنداو، وەزیری بەرگریی سعودیە ئێرانییەکانی ئاگادار کردووەتەوە کە گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا باشترە لەوەی مەترسی هێرشی ئیسرائیلیان لەسەر بێت، کە چاوەڕوان دەکرێ لە ئەگەری شکستهێنانی دانوستاندنی نێوان واشنتن و تاران رووبدات.

سەرچاوەکان گوتوویانە، مەسعود پزیشکیان بە خالید بن سەلمانی گوتووە، ئێران رێککەوتنی دەوێت تاوەکو گوشارە ئابوورییەکانی سەر وڵاتەکەی کەم ببنەوە، ئەوەش لە رێگەی سووککردنی سزا ئابوورییەکانی وڵاتانی رۆژئاواوە.

سەرکردەکانی ئێران نیگەرانی خۆیان لە گۆڕانی داخوازییەکانی ئیدارەی ترەمپ لە دانوستاندنەکاندا دەربڕیوە و رایانگەیاندووە، سەرەتا داواکارییەکە سنووردارکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم بوو و دواتر گۆڕا بۆ داواکردنی هەڵوەشاندنەوەی بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆم.

ئەو هۆشدارییەی وەزیری بەرگریی سعودیە لەکاتێکدایە، رۆژی 28-5-2025 ترەمپ لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، هەفتەی رابردوو لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین نەتەنیاهووی ئاگادارکردووەتەوە هیچ هەنگاوێک نەنێت کە زیان بە دانوستاندنی نێوان ئیدارەکەی و ئێران بگەیێنێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif