وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، رۆژی شەممە، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە سەردانی سعودیە دەکات. ئەوەش چەند رۆژێک پێش سەردانە پێشبینکراوەکەی ترەمپ بۆ ناوچەکە دێت.
رۆژی هەینی، 9ـی ئایاری 2025، ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بڕیارە عەباس عێراقچی لە ریاز لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی سعودیە کۆببێتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە روونینەکردووەتەوە ئەو پرسانە چین کە گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.
سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە 13 تاوەکو 16ـی ئەم مانگە، سەردانی سعودیە، قەتەر و ئیمارات دەکات و دەبێتە یەکەم سەردانی کە لە خولی دووەمی سەرۆکایەتی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بیکات.
سەرچاوەیەک لە حکومەتی سعودیە لە سەرەتای ئەم مانگە رایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت ترەمپ لە سعودیە لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندامی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو کۆببێتەوە.
سەردانەکەی ترەمپ بۆ ناوچەکە، دوای سێ گەڕی دانوستاندنی نێوان ئێران و ئەمریکا دێت لەسەر پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران.
گفتوگۆکانی نێوان تاران و واشنتن بە بەرزترین ئاستی پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات دادەندرێن لە دوای ساڵی 2018، چونکە ترەمپ لەوکاتەدا لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران کشایەوە.
رۆژی چوارشەممە، ترەمپ لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی گوت، لەکاتی سەردانەکەی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەراست رایدەگەیێنێت کە چۆن ناوی کەنداوی فارس بهێندرێت.
چاودێرانیش پێیانوایە کە رەنگە ترەمپ لەجیاتی ناوی کەنداوی فارس، ناوی "کەنداوی عەرەبی" بەکاربهێنێت.
ئێرانیش بیرۆکەکەی ترەمپی سەرکۆنە کرد و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە راگەیاند، هەر هەوڵێک بۆ گۆڕینی ناوی کەنداوی فارس رەنگدانەوەی "نیازی دووژمنکارانەیە بەرامبەر ئێران و گەلەکەی".
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق