سوپای هیندستان رایگەیاند سەربازانی وڵاتەکەی و پاکستان لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکانی هەرێمی کشمیر بە چەکی سووک و تۆپخانە رووبەڕووی یەکدی بوونەتەوە، ئەمەش لەدوای هێرشە مووشەکییەکەی هیندستان لە شەوی سێشەممەدا بۆ سەر ناوچەکانی کشمیری ژێر دەسەڵاتی پاکستان و وەڵامدانەوەی هێرشەکە لەلایەن پاکستانەوە.
رۆژی پێنجشەممە 08ی ئایاری 2025، سوپای هیندستان لە بەیاننامەیەکدا، باسی لە رووبەڕووبوونەوە سەربازییەکانی شەوی رابردووی سەر سنوورەکانی هەرێمی دابەشکراوی کشمیر کرد و رایگەیاند، "سوپای پاکستان، بەبێ هۆکار، بە بەکارهێنانی چەکی سووک و تۆپخانەکان"، ناوچە سنوورییەکانی کردووەتە ئامانج، دواتر سوپای هیندستانیش "بەشێوەیەکی گونجاو بەرپەرچی هێرشەکانی داوەتەوە".
ئەو شەڕ و پێکدادانە لەدوای هێرشەکەی شەوی سێشەممەی سوپای هیندستان بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پاکستان لە کشمیر دێت، کە رایگەیاندبوو، بە مووشەک نۆ "کەمپی تیرۆریستان"ـی لە پاکستان کردووەتە ئامانج، ئەمەش وەکو کاردانەوەیەک بۆ هێرشە چەکدارییەکەی مانگی رابردووی ناوچەکانی کشمیری ژێر دەسەڵاتی هیندستان. کە بووە هۆی کوژرانی 26 کەس.
ئەو کات حکومەتی هیندستان، راستەوخۆ پاکستانی تۆمەتبار کرد بە پشتیوانیکردنی ئەو گرووپە چەکدارانە لەو هێرشەدا، بەڵام پاکستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە.
دوای هێرشەکەی هیندستان، رۆژی چوارشەممە، لە گوتارێکی لە پەرلەمانی وڵاتەکەی، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، بەڵێنی دا کە "تۆڵە" لە هیندستان بکاتەوە و گوتی "ئێمە تۆڵەی دڵۆپێک خوێنی ئەو شەهیدانە دەکەینەوە".
بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی دوو رۆژی رابردووی ئەو دوو وڵاتە نەیارە مێژوویی و خاوەن چەکی ئەتۆم، لانیکەم 44 کەس لە هەردوولا بوونەتە قوربانی. پاکستان رایگەیاندووە کە 31 کەسی سڤیل لە بۆردوومانەکانی هیندستان کوژراون، ئەمەش لەکاتێکدا هیندستان رایگەیاندووە، لانیکەم 13 کەس بەهۆی تۆپبارانکردنی پاکستانەوە کوژراون.
رۆژی چوارشەممە، وەزارەتی بەرگریی هیندستان رایگەیاند، لەئەنجامی هێرشەکەیان بۆ سەر کامپە سەربازییەکانی هەردوو گرووپی چەکداری لەشکری تەیب و جەیشی محەممەد، لانیکەم 70 چەکداریان کوشتووە.
هەروەها سوپای پاکستان رایگەیاند، بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، پێنج فڕۆکەی جەنگی هیندستانیان لە ناوچە سنوورییەکانی کشمیر تێکشکاندووە، بەڵام تائێستا هیندستان ئەوەی پشتڕاست نەکردووەتەوە، هەرچەندە سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنیی هیندستان، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسەکانی راگەیاندووە، سێ لە فڕۆکە جەنگییەکانی لەناو خاکی خۆیدا کەوتوونەتە خوارەوە.
لەدوای هەڵگیرسانی گەڕێکی نوێی شەڕی نێوان ئەو دوو وڵاتە زلهێزەی ناوچەکە، سەرکردەکانی جیهان داوایان لە هەردوولا کرد، بەزووترین کات کۆتایی بە گرژییەکان بهێنن.
لەکاتی دابەشکردنی ئەو هەرێمەوە لە ساڵی 1947، هیندستان و پاکستان چەندین جار لەسەر خاوەندارێتیکردنی ئەو هەرێمە شەڕیان کردووە و تاوەکو ئێستاش خاڵێکی سەرەکیی ململانێ لەمێژیینەکەی ئەو دوو وڵاتەی ئاسیایە.
زۆرینەی دانیشتووانی هەرێمی کشمیر موسڵمانن، 55٪ لەژێر کۆنترۆڵی هیندستاندایە و بەردەوام موسڵمانەکانی کشمیر هەوڵیانداوە لەگەڵ بەشەکەی پاکستان یەکبگرنەوە، کە بە 30٪ مەزەندە دەکرێت.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق