راوێژکاری باڵای ترەمپ کە هاوکات نێردەی ئەمریکایە بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، رایگەیاند، ئەگەر دانوستاندنە ئەتۆمییەکانی رۆژی یەکشەممە لەگەڵ ئێران "بەرهەمدار نەبن،" ئەوا واشنتن دەستبەرداری دانوستاندن دەبێت و "رێگەی دیکە دەگرێتەبەر."
ستیڤ ویتکۆف، راوێژکاری باڵای ترەمپ و نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کە لە گفتوگۆی ئەتۆمیدا سەرکردایەتیی شاندی ئەمریکا دەکات، بە پێگەی برایتبارت نیوزی گوت، حکومەتی ئێران پێی راگەیاندووە، نایەوێت چەکی ئەتۆمی هەبێت.
ئەمریکا و ئێران پشتڕاستیان کردووەتەوە، یەکشەممە لە عومان چوارەم گەڕی گفتوگۆی ئەتۆمی دەکەن، دوای ئەوەی دوو جاری دیکە لە عومان و جارێک لە رۆما گفتوگۆیان کرد.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئەگەر ئێران بە رێککەوتن بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار نەکات، ئەوا بۆردوومانی دەکات.
لەبارەی مەرجەکانی واشنتن، ویتکۆف دەڵێت، "ئێمە هەڵوێستی خۆمان روونکردووەتەوە. نابێت ئێران بۆمبی [ئەتۆمی] هەبێت. ئەوانیش لە وەڵامدا رایانگەیاندووە کە نایانەوێت. بۆیە ئێمە بۆ مەبەستی ئەم گفتوگۆیە، قسەکەیان بە راست وەردەگرین و وای دادەنێین کە ئەمە بیرکردنەوەی راستەقینەی ئەوانە. ئەگەر بە راستیان بێت، ئەوا دەبێت دامەزراوەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم هەڵبوەشێندرێنەوە. نابێت ئامێری سێنتەرفیوجیان هەبێت."
ویتکۆف ئاماژە بەوە دەکات، دەبێت ئێران هەموو ئەو یۆرانیۆمەی تاوەکو ئێستا پیتاندوویەتی، "کەم بکاتەوە و رەوانەی شوێنێکی دووری بکات" و بەرنامە ئەتۆمییەکەی "بگۆڕێت بۆ بەرنامەیەکی سڤیل."
وڵاتانی رۆژئاوا گومانیان لە ئێران هەیە و پێیان وایە بە پاساوی دروستکردنی وزەی کارەبا، سەرقاڵی پەرەپێدانی بۆمبی ئەتۆمییە، بەڵام تاران بەردەوام ئەو تۆمەتەی رەتکردووەتەوە و جەختیکردووەتەوە کە ئامانج لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، تەنیا دروستکردنی وزەی کارەبا و لێکۆڵینەوەی پزیشکییە.
ویتکۆف دەپرسێت، "ئێستا ئەوان کوورەیەکی ئەتۆمیی سڤیلیان لە ئێران هەیە کە پێی دەگوترێت بوشەهر. ئەوان هیچ توانایەکی پیتاندنیان لەو شوێنەدا نییە. ئەگەر دەیانەوێت بڕوا بە قسەکەیان بکەین، بۆچی هەموو دامەزراوەکانی دیکەیان وەک بوشەهر لێناکەن؟ لە بوشەهر هیچ توانایەکی پیتاندنیان نییە، هیچ ئامێرێکی سێنتەرفیوجیان نییە. تەنیا دەتوانن ئەو دامەزراوەیە بۆ مەبەستی سڤیل بەکاربێنن، بۆ دروستکردنی کارەبا و شتی لەو جۆرە."
راوێژکارە باڵاکەی ترەمپ جەخت دەکاتەوە، "نابێت هەرگیز بەرنامەیەکی پیتاندن جارێکی دیکە لە ئێراندا هەبێت. ئەوە هێڵی سووری ئێمەیە. هیچ پیتاندنێک نابێت هەبێت. ئەمە بە واتەی هەڵوەشاندنەوە دێت، مانای ئەوەیە نابێت بە هیچ شێوەیەک بکرێتە چەک. بە واتەی ئەوە دێت نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهان، کە ئەمانە سێ دامەزراوەی پیتاندنی ئەوانن، دەبێت هەڵبوەشێندرێنەوە."
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا رێککەوتنی داهاتوو لەگەڵ ئێرانییەکان هاوشێوەی رێککەوتنەکەی ساڵی 2015 دەبێت یان رێککەوتنێکی بەهێزتر دەبێت؟ ویتکۆف گوتی، ئێرانییەکان لە پێگەیەکی "لاوازتر"دان بەراورد بە 10 ساڵ و واشنتن بە "رێککەوتنێکی لاواز" رازی نابێت.
ویتکۆف گوتی، "پێم وایە ئەوان ئەمڕۆ زۆر لاوازترن، بەڵام سەیرکە، ئێمە مەبەستمانە بە راستی لەگەڵیان دابنیشین، قسەیان لەگەڵ بکەین و گفتوگۆیان لەگەڵ بکەین لەسەر ئەوەی بۆچی دەبێت بەو شێوەیەی ئێمە دەیڵێین هەنگاو بنێن."
ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا لە ساڵی 2018، ئەمریکای لە رێککەوتنەکەی ساڵی 2015 کشاندەوە کە لە سەردەمی باراک ئۆبامادا واژۆکرا بوو.
ویتکۆف باس لەوە دەکات، کە "رەنگە" تاران مەرجەکانی واشنتن قبووڵ نەکات، "بەڵام پێم وایە هیچ واتایەکی نییە قبووڵیان نەکات."
هەروەها دەشڵێت، ئیدارەی ترەمپ "هەرگیز" بە رێککەوتنێکی هاوشێوەی ئەوەی پێشوو رازی نابێت بە جۆرێک "سزاکان لاببرێن و هیچ ماوەیەکی دیاریکراو بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکانیان نەبێت. ئەوە هیچ واتەیەکی نییە."
ویتکۆف رایگەیاند: "ئێمە باوەڕمان وایە نابێت پیتاندنی یۆرانیۆمیان هەبێت، نابێت ئامێری سێنتەرفیوجیان هەبێت، نابێت هیچ شتێکیان هەبێت کە رێگەیان پێبدات چەک دروست بکەن. ئێمە باوەڕمان بە هەموو ئەوانە هەیە."
ویتکۆف هۆشداریشی دا کە کارێکی "ناژیرانە" دەبێت بۆ ئێرانییەکان ئەگەر بیانەوێت پشوودرێژی "سەرۆک دۆناڵد ترەمپ تاقیبکەنەوە،" و باوەڕی وایە "هیچ بژاردەیەکیان نییە" جگە لە قبووڵکردنی مەرجەکانی ئەمریکا بۆ رێککەوتنێکی ئەتۆمی.
هەروەها جەختی کردەوە کە ئەمریکا "رێککەوتنێکی خراپ" قبووڵ ناکات و ئەگەر "زۆر بەهێز نەبێت" وازی لێدەهێنێت.
چوارەم گەڕی دانوستاندنەکان بڕیاربوو لە 3ی ئایار لە رۆما بکرێت، بەڵام عومانی نێوەندگیر رایگەیاند، لەبەر "هۆکاری لۆجستی" دواخرا.
ویتکۆف لەو بارەیەوە دەڵێت: "پێمان وا نەبوو گفتوگۆکانی هەفتەی رابردوو بەرهەمدار دەبن، چونکە پێویستمان بەوە بوو لەگەڵیان بگەینە هەندێک لێکتێگەیشتن. هیواداریشم ئەم یەکشەممەیە بەرهەمدار بن. هیوادارم بە جۆرێک بن بتوانین بەردەوام بین. ئەگەر رۆژی یەکشەممە بەرهەمدار نەبن، ئەوا بەردەوام نابین و دەبێت رێگەیەکی دیکە بگرینەبەر."
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق