سکاڵای یاسایی لەسەر قوباد تاڵەبانی تۆمار دەکرێت

ليست هناك تعليقات


 کەسوکاری شەهیدان جارێکیتر کەیسی زەویەکانیان دەجوڵێنن و دەیکەنە کەیسێکی پەرلەمانی و یاسایی و تیایدا قوباد تاڵەبانی بە ئاگادار و بەرپرسیار دەزانن بەرامبەر بەم کەیسە

"سکاڵای یاسایی لەسەر قوباد تاڵەبانی و شارەوانی و بەڕێوبەرایەتی شەهیدان تۆمار دەکەین و وردەکاری بۆ میدیاکان ڕادەگەیەنین"

عوسمان گوڵپی برای دوو شەهیدی سەنگەر ڕایگەیاند لە داهاتوویەکی نزیکدا بەدوو ڕێگا کەیسی دزینی زەوی وارسی شەهیدان دەجوڵێنین، لە پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ یەکیك لە فراکسیۆنە چالاکەکان قسەمان کردوە کە وەك یەکێك لە کەیسەکان کاری لەسەر بکەن و بەدواداچوونی بۆ بکەن و تەواوی قۆناغەکان و ئەنجامەکانی کەیسەکەش بۆ ڕای گشتی ڕابگەیەنن، لەم نزیکانە وردەکاری پێدانی کەیسەکە بەو فراکسیۆنە پەرلەمانیە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامە نوسیدا دەخەینە ڕوو،

 لە لایەکیتریشەوە سەرقاڵی کۆکردنەوەی ژمارەیەك لەوارسانی زەرەرمەندی شەهیدانین بۆ تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لەسەر قوباد تاڵەبانی وەك ئاگادار و بڕیاردەر و شارەوانی سلێمانی و بەڕێوبەرایەتی شەهیدانی سلێمانی، چونکە کەیسی زەوی وارسی شەهیدان لە سلێمانی دەستکاری کراوە و قوباد تاڵەبانیش ئاگاداری ئەم ستەمەیە لە وارسی شەهیدان کراوە

لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە شەش بەڵگەیان لەدەستایە بۆ بردنەوەی کەیسەکە و لەو بارەوە قسەمان لەگەڵ شارەوانی سلێمانی کردوە و ئەو ستەمەی ڕەد نەکردۆتەوە کە لە وارسی شەهیدان کراوە، چونکە بەڵگەکان کیتابی فەرمی ئەنجومەنی وەزیران و شارەوانی سلێمانی و وەزارەتی شارەوانین و ئەم ستەمەش قوباد تاڵەبانی لێی ئاگادارە و بەرپرسیارە بەرامبەری

وردەکاری زیاتر

خستنەڕووی بەڵگەنامەکان سەبارەت بەو ستەمەی بەرامبەر کەسوکاری شەهیدان کراوە لەلایەن شارەوانی و بەڕێوبەرایەتی شەهیدانی سلێمانیەوە بە ئاگاداری قوباد تاڵەبانی زانیاری و بەرچاو ڕوونی بەڵگە # یاسای ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوان ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠٠٧ کە لە ٢٠١٣ لە پەرلەمانی کوردستان هەموار کراوەتەوە کە لە مادەی چوارەم لە بڕگەی یەکمدا هاتوە: وارسی شەهید یەکەیەکی نیشتەجێبوون یان پارچە زەویەکیان پێ دەدرێت لە شوێنی نیشتەجێبونیان # دواتر بە فەرمانی نهێنی ژمارە (١٨٦٧)ی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لە بەرواری ٩/٧/٢٠٠٩ بڕیار دراوە بە پێدانی پارچە زەویەکی نیشتەجێبوون بە ڕووبەری (٢٥٠م٢) دووسەدو پەنجا مەتر دووجا بۆ هەریەك لە وارسی شەهید. وە بە ١٢ لیست ناوی شەهیدانی هاوپێچ کردوە کە ژمارەیان لە ئیدارەی سلێمانی(٤٣٨١) شەهیدە. #لە بەرواری ١٠/٥/٢٠١١ وەزارەتی شەهیدان نوسراوی ئاراستەی وەزارەتی شارەوانی کردوە بۆ پێدانی زەوی بە وارسی کەسوکاری شەهیدان بە ژمارە (٢٣٧٣) وە ئاماژەی بە نوسراوی ژمارە ١٨٦٧ی ئەنجومەنی وەزیران داوە کەلە بەرواری ٩/٧/٢٠٠٩ دەرکراوە #لە بەرواری ٢٦/٥/٢٠١١ شارەوانی نوسراوی کردوە بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران بە ژمارە (٢٣٧٣) بۆ بەڕێوبەرایەتیەکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆك) هاوپێچ لەگەڵ لیستی ناوەکاندا. #دواتر زەویەکان بەسەر وارسانی شەهیدا دابەشکراون لە شوێنی جیاواز و بە ڕووبەڕی جیاواز. #لەبەرواری ٧/٥/٢٠١٧ شارەوانی سلێمانی نوسراویکردوە بۆ تۆمارکردنی خانووبەرە بە ژمارە ٤٧٨٧ بە مەبەستی تۆمارکردنی زەویەکان، وە بە تێبینی ئاماژەیکردوە بەوەی کە لەبەر نەبوونی زەوی بە ڕووبەری ٢٥٠مەتر، بۆیە ڕووبەری ١٥٠ مەتریان داوەتە وارسی شەهیدان، فێڵ و ستەم و بێ بەها تەماشاکردن یەکەم/ کەسوکاری شەهیدان بە پێی یاسا و بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ڕووبەری زەوی دیاریکراوە بۆ هەر شەهیدێك ٢٥٠ دووسەدو پەنجا مەتر. بەڵام شارەوانی و شەهیدان هاتوون ڕووبەری ئەم زەویانەیان بۆ ١٥٠ مەتر کەم کردۆتەوە؟ لە هەندێك شوێن ١٨٠ مەتر زەویان دابەش کردوە. ئەم کەمکردنەوەیەیان بۆ نەبوونی زەوی بە ڕووبەری ٢٥٠ مەتر گێڕاوەتەوە، لە کاتێکدا ئەم پاساوە زۆر لاواز و بێ بنەمایە، چونکە لە دوای ئەوەی ئەو زەویانە بەو ڕووبەرە کەمە دراوەتە کەسوکاری شەهید، چەندین پارچە زەویتر بۆ شوێنیتر دابینکراوە بە ڕووبەری ٢٠٠ مەتر و زیاتریش، وە هەمان شارەوانی کە لە ساڵی ٢٠١٤دا کە پاساوی نەبوونی زەوی هێناوەتەوە دەیان زەویتری تەرخان کردوە بۆ کۆمپانیاکان و ڕەزامەندی داوە. دووەم/ شوێنی پێدانی زەویەکان شارەوانی سلێمانی لە هەندێك شوێن زەوی دابینکردوە بۆ بەشێك لەکەسوکاری شەهیدان کە خراپترین و دوورترین شوێنەکانی شار بوون، بە جۆرێك لە دە ساڵی ڕابردوودا هیچ دابەشکردنێکی زەوی نەکەوتۆتە دوورتر لەوان بە پێچەوانەوە هەزاران زەوی لە شوێنە باشەکانی شارا دراونەتە فیئەیتر بەتایبەت دامەزراوە ئەمنیەکان، هەرچەند هەموان شایەن بە زەوی نیشتەجێبونن، بەڵام ناکرێت لە ٢٠١٤دا شارەوانی بڵێت زەویمان نیە لەو شوێنە دوورە دەستانە نەبێت بەڵام لە ٢٠٢٠دا زەوی زۆر نزیکتر دابەش بکات؟ سێهەم/ بەڵێننامە بەڕێوبەرایەتی شەهیدان بەڵێننامەیەکیان بە وارسی شەهید واژۆ کردوە کە ڕازیە بە وەرگرتنی ڕووبەری ١٥٠ مەتر زەوی، بەبێ ئەوەی لە بەڵێننامەکەدا ئاماژە بەوە درابێت کە تۆ وەك وارسی شەهید بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ڕووبەری ٢٥٠ مەتر زەویت پێدراوە، ئەم بەڵێننامەیە وەك فێڵێك تەماشا دەکەین و بە نایاسایی دەزانین چونکە هیچ ئاماژەیەك نەدراوە بەوەی ئەم کەسە بەڵێننامەدەدات تەنازول لە چ حەقێکی دەکات، لە کاتێکدا تەنها بەم بەڵێننامەیە حەقی وەرگرتنی ١٠٠ مەتر زەویان لێ زەوت کردوە بەبێ ئەوەی ئاماژەی پێ بدەن. چوارەم/بەشێك لەو زەویانەی دراونەتە وارسی شەهیدان وێرای دووری و کەمی ڕووبەر و خراپی شوێنی زەویەکە تا ئێستا و دوای تێپەڕ بوونی دەساڵ بەسەر وەرگرتنی زەویەکەدا هیچ خزمەتگوزاریەکیان بۆ براوە و تەنانەت یەك شۆفڵ کاری تێدا نەکردوە بۆ بڕینی یەك شەقامیش بە نمونە زەویەکانی شەهیدان لە نزیك کانی گۆمە، تەنانەت مۆڵەتی کردنەوەشیان نیە پێنجەم/ بە پێی یاسای هەموارکراوی ئیمتیازاتی وارسی شەهیدان دیاریکراوە کە بۆ هەر شەهیدێك یەکەیەکی نیشتەجێ بوون یان پارچە زەویەك، زۆربەی وارسی شەهیدان نەك هیچ یەکەیەکی نیشتەجێکردنیان وەرنەگرتوە بەڵکو زەویەکانیشیان بە ڕووبەری نوقسان و خراپترین شوێنی پێدراوە.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif