لەم چەند ساڵەی رابردوودا، ژمارەی ئەو کەسانەی داوای پەنابەرییان لە بەریتانیا پێشکێشکردووە زیادی کردووە، دەیان هەزار پەناخوازی دیکەش چاوەڕێی ئەنجامی داواکەیانن.
رۆژی پێنجشەممە، 15-05-2025، کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، گفتوگۆی فەرمییان لەگەڵ چەند وڵاتێکی "دیارینەکراو" دەستپێکردووە، بۆ ئەوەی "ناوەندی گەڕاندنەوە" دروستبکەن، بۆ ئەو پەناخوازانەی کە ماندوو و بێزاربوونە و دەیانەوێت بگەڕێنەوە.
لە چەند ساڵی رابردوو ژمارەی پەناخوازان لە بەریتانیا سێ هێندە بووە. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی حکومەت، لە ساڵی 2024ـدا 84 هەزار و 200 کەس داوایان پێشکێشکرد؛ کەچی لەنێوان 2011 بۆ 2020ـدا ساڵانە تێکڕا 27 هەزار و 500 کەس داوای وەرگرتنی مافی پەنابەرێتییان کردبوو.
لە ساڵی 2022ـدا لە هەموو 10 هەزار کەسێکی بەریتانیا، نزیکەی 13 کەس پەناخواز بوون؛ لە هەمان ماوەدا لە تەواوی یەکێتیی ئەورووپادا لە هەموو 10 هەزار کەسێک 25 کەس داوایان پێشکێشکردبوو.
لە ساڵی 2023ـدا نزیکەی 11٪ـی ئەو کۆچبەرانەی روویان لە بەریتانیا کردبوو، پەناخواز بوون. لە ساڵی 2019ـدا رێژەکە 6٪ بوو.
بڕیار و رەتکردنەوە
لە ساڵی 2024ـدا 54٪ـی ئەو داوایانەی بۆ وەرگرتنی مافی مانەوە و پەنابەری پێشکێش دەکران، هەر لە قۆناخی یەکەمدا رەتدەکرانەوە؛ لە ساڵی 2004 رێژەکە 88٪ و لە ساڵی 2022ـیشدا 24٪ بوو.
لە نێوان 2004 بۆ 2021، نزیکەی سێ چارەکی ئەو داوایانەی لە قۆناخی سەرەتایی رەتکرانەوە، تانەیان لێدرا، سێیەکی تانەکان سەرکەوتووبوون و داواکارییەکانیان قبووڵکران.
لە ساڵی 2024ـدا زیاتر لە نۆ هەزار پەناخواز کە داوایان رەتکرایەوە و لە بەریتانیا دیپۆرت کرانەوە، ئەمەش 36٪ زیاتربوو لەو پەنابەرانەی لە 2023 دیپۆرتکرانەوە.
هەر کەسێک داوا پێشکێش بکات بۆ ئەوەی مافی پەنابەرێتی وەرگرێت، بە چەند قۆناخێک تێدەپەڕێت:
- قۆناخی (لە بەرەوپێشچووندایە).
- قۆناخی (چاوەڕێی بڕیاری پەسەندکردنین).
- قۆناخی (رەتکرایەوە و لە بەدواداچووندایە).
لە ساڵی 2024ـدا، 224 هەزار و 700 کەیس لە قۆناخی یەکەم، 87 هەزار و 200 کەیس لە قۆناخی دووەم و 137 هەزار و 500 کەیسیش لە قۆناخی سێیەمدا تۆمارکران.
لە ساڵی 2022ـەوە ژمارەکان لە دابەزین، بەڵام حکومەتی بەریتانیا دەڵێت، ئەو ژمارانە هێشتا چوار هێندەی ساڵی 2014ـن، ئەمەش بەهۆی ئەوەی قۆناخی (چاوەڕوانیی پەسندکرد) درێژتر بووەتەوە و خەڵکێکی زیاتریش دیپۆرت دەکرێنەوە.
بەلەمە بچووکەکان
لە ساڵی 2018ـەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی بە بەلەمی بچووک خۆیان لە فەرەنساوە بە نۆکەندی ئینگلیز دەگەیاندە بەریتانیا، زۆر زیادی کردووە.
لە نێوان 2018 تاوەکو کۆتایی 2024، لانیکەم 148 هەزار کۆچبەر ژیانی خۆیان خستە مەترسییەوە و بەو رێگە ئاوییە خۆیان گەیاندە سنووری بەریتانیا. لەو 148 هەزار کەسە، 95٪ـیان داوای وەرگرتنی پەنابەرێتییان پێشکێشکرد.
لەنێوان 01-01-2025 تاوەکو 15-05-2025 نزیکەی 13 هەزار بەو ئاوە مەترسیدارە گەیشتوونەتە بەریتانیا.
لە ساڵی 2024، گەورەترین گرووپی پەناخوازن پاکستانی ئینجا ئەفغانستانی بوون. لە ساڵانی پێشوو کۆچبەرێکی زۆر لە سووریا و ئێرانەوە رێگەی بەریتانیایان دەگرتەبەر.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق