بەگوێرەی نووسراوێکی بانکی ناوەندیی عێراق، لە رۆژی 18ی ئەم مانگەوە، پێویستە سەرجەم بانکەکانی عێراق پابەندبن بە کارکردن بە کۆدێکی تایبەتی هەشت پیتی سیستمی ئەسیکۆدا (importer Code).
سەرۆکی یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق دەڵێت، تاوەکو سیستمی ئەسیکۆدا لە گومرگەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکرێت، بازرگانانی هەرێمی کوردستان ناتوانن بە حەواڵەی بانکی، بارەکانیان هاوردە بکەن.
بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند: "لە رۆژی یەکشەممەی داهاتووەوە، حەواڵەی دۆلار بۆ دەرەوەی وڵات لە رێگەی بانکەکانەوە، بەبێ کۆدی تایبەت بە سیستمی ئەسیکۆدا رادەگیرێت، بڕیارەکەش فیدراڵییە و لەلایەن حکومەتەوە دەرکراوە، بۆیە پێویستە هەموو دەروازەکان پابەندی بن و جێبەجێی بکەن."
هاوکات، عەبدولڕەزاق زوهێری، سەرۆکی یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەبێ ئەو کۆدە بازرگانان ناتوانن هیچ کاڵایەک لە دەرەوە هاوردە بکات، چونکە ئەگەر دۆلار لە بازاڕ ببات، دەچێتە قاڵبی بەقاچاخ بردن."
وەک سەرۆکی یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق ئاماژەی پێدەکات، "ئەو کۆدەی داواکراوە، مەرجی هاتنە نێو سیستمی ئەسیکۆدایە، ئەگەر حکومەتی هەرێم دەروازەکانی بخاتە نێو ئەسیکۆدا، راستەوخۆ ئەو کۆدە بۆ بازرگانەکان کارا دەکرێت و دەتوانن جارێکی دیکە لە رێگەی بانکەکانەوە حەواڵە بکەن."
محەممەد رەشید، خاوەن گرووپی کۆمپانیاکانی پاکینک بۆ کەرەستەی خاو لە هەولێر بە رووداوی گوت: "ئەمڕۆ ئەو بڕیارە بۆ ئێمە شۆک بوو، وایکردووە بە ناچاری بچینەوە سەر بۆرسەی هەولێر بۆ حەواڵەکردنی دۆلار بۆ هاوردە کردنی بارەکانمان، کە پێش کردنەوەی سەکۆی ئەلیکترۆنی لەلایەن بانکی ناوەندییەوە، هەر لەو بۆرسەیەوە دۆلارمان وەردەگرت و حەواڵەمان دەکرد. لە سلێمانیش بۆ هاوردەکردنی کاڵا لە ئێرانەوە لەرێگەی بۆرسەی خۆیانەوە دەیکەن."
محەممەد رەشید گوتیشی: "بە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە وادەکات کاڵا و کەلوپەل لە بازاڕەکان گران بێت."
ئەسیکۆدا شێوازێکى نێودەوڵەتى بەڕێوەبردنى گومرگە کە بازرگانى دەرەکى تێدا رێکخراوە و زانیارى لەسەر بارى کاڵا بازرگانییەکان دەستەبەر دەکات، ئەوە جگە لە ئاسانکاریى رێوشوێنەکانى گواستنەوەى کاڵا.
حکومەتی عێراق لە کۆتاییەکانی ساڵی 2023 دەستی بە جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا کرد و بڕیارە لە 2028 سەرجەم کارەکانی تەواو بێت.
108 وڵاتى و ناوچەی جیهان کار بە سیستمى رێوشوێنى بازرگانى ئەسیکۆدا دەکەن، کە زۆرینەیان لە کیشوەرى ئەفریقا و ئەمریکاى باشوورن، بەڵام تائێستا لە نێوان بەغدا و هەولێر رێککەوتنى کۆتایی نەکراوە بۆ ئەوەى ئەو سیستمە لە دەروازەکانى هەرێمى کوردستان کاری پێ بکرێت.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق