سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا: دەبێت پووتین باجی دوورکەوتنەوە لە گفتوگۆی ئاشتی بدات

ليست هناك تعليقات



سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، قبووڵی ناکەن سەرۆکی رووسیا بەردەوام بێت لە دواخستنی گفتوگۆکانی ئاشتی. دەشڵێت، دەبێت پووتین باجی خۆدوورخستنەوە لەو گفتوگۆیانە بدات و سزای زیاتر بەسەر ئابوورییەکەیدا دەسەپێنن.

کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، "تەکتیکەکانی پووتین بۆ خاوەخاوکردن، دواخستن و بەردەوامیدان بە کوشتن لە ئۆکراینا، قبووڵکراو نین".

ئەو گوتانەی ستامەر دوای ئەوە هاتن کە پێشبینی دەکرا دوێنێ پووتین و زیلینسکی لە ئیستەنبووڵ کۆببنەوە، بەڵام سەرۆکی رووسیا نەچوو و لەبری ئەوان شاندی هەردوولا کۆبوونەوە.

بڕیارە ئەمڕۆ کۆمەڵەی سیاسی ئەورووپی لە تیرانای پایتەختی ئەلبانیا دەست بە کۆبوونەوەکانی بکات. کۆمەڵەکە ساڵی 2022 لەسەر پێشنیازی ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا دامەزرا. 20 وڵات کە دیارترینیان بەریتانیا و فەرەنسان بەشدارن و لەوێ وڵاتانی ئەورووپی رێکاری دژی رووسیا دەگرنەبەر.

بە گوێرەی حکومەتی بەریتانیا، لەو کۆبوونەوانەدا بەشداربووان گوشارەکانیان بۆ سەر کریملێن چڕدەکەنەوە. سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاش ئاماژە بەوە دەکات، "پێویستە ئاگربەستێکی بێ مەرج و تەواوەتی بکرێت و ئەگەر رووسیا نایەوێت بێتە نێو گفتوگۆکان، پێویستە پووتین باجەکەی بدات".

ئەو جەختی لەوەش کردەوە، کەرتی وزەی رووسیا رووبەڕووی سزای تووند دەکەنەوە، ئەگەر وڵاتەکە نەیەتە سەر مێزی گفتوگۆ.

هەزار و 176 رۆژە جەنگی ئۆکراینا و رووسیا دەستیپێکردووە. جەنگەکە بە هێرشی رووسیا دەستیپێکرد. پرسی سنوورەکان، بە ئەندامبوونی ئۆکراینا لە ناتۆ، کشانەوەی سوپای رووسیا لە ئۆکراینا و داهاتووی ئاسایشی کیێڤ گەورەترین ئاستەنگەکانی بەردەم ئاگربەستی جەنگەکەن.

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif