جێبەجێکردنى پڕۆژەى فراوانکردنى سنوورى شارى مووسڵ رادەگیرێت. ئەندامێکى ئەنجوومەنى پارێزگای نەینەواش هۆکارەکەی بۆ ناڕەزایی دانیشتووانی ناوچەکانی سنوورى مادەى 140 دەگەڕێنێتەوە.
محەممەد کاکەیی، سەرۆکى لیژنەى ئەمنیى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا رایگەیاند، جێبەجێکردنى پڕۆژەى فراوانکردنى سنوورى شارى مووسڵ راگیراوە، کە لەلایەن کۆمپانپایەکى ئیتاڵییەوە جێبەجێ دەکرێت.
جێبەجێکردنى نەخشەى بنەڕەتیى شارى مووسڵ نزیکەى حەوت کیلۆمەتر بۆ سنوورى شارەکە زیاد دەکات، کە زیاتر لە 160 هەزار دۆنم زەوى بۆ سنوورى کارگێڕییەکەی زیاد دەکات، بۆ ئەوەى پڕۆژەى لەسەر دروست بکرێت. زیادکردنەکە بە بازنەیی دەبێت.
محەممەد کاکەیی گوتی: راگرتنى پڕۆژەکە بەهۆى نارەزایی ناوچەکانى دەشتى نەینەوا بووە، بەو پێیەى سنوورى مادەى 140ى دەستوورن و نابێت دەستکارى سنوورەکە بکرێت، بەتایبەت کە ئەو نەخشەیە بەشێک لە حەمدانیە و و تلکیێف و باشیک دەگرێتەوە.
بەگوێرەى مادەى 140ى دەستوورى عێراق، دەبووایە تاوەکو ساڵی 2007 خاوەندارێتیان لەنێوان حکومەتى فیدراڵى عێراق و هەرێمى کوردستان یەکلا بکرێتەوە، بەڵام زۆربەی بڕگەکانی مادەکە جێبەجێ نەکراون.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق