لە عێراق بەکارهێنانی ئاوی ژێر زەوی لەزیادبووندایە

ليست هناك تعليقات


جوتیارانی عێراق بۆ کشتوکاڵی و ئاودێری، پێویستە سەدان مەتر زەوی هەڵکەنن، تاوەکو ئاوی ژێر زەوییان دەستبکەوێت.

لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی وشکەساڵی و کەميی بارانبارین لە بەشێک لە ناوچە بیابانییەکانی عێراق، جوتیاران پەنایان بۆ هەڵکەندنی بیر و دەستکەوتنی ئاوی ژێر زەوی بردووە.

پسپۆڕانیش دەڵێن: ئەوە هەنگاوێکی مەترسیدارە، لەبەرئەوەی ئەو ناوچەیە پێشتر بەر زەبری وشکەساڵی کەوتووە و کەمبوونەوەی ئاوی ژێرزەویش کاریگەریی نەرێنی زیاتر بەجێدەهێڵێت.

هادی ساحێب، جوتیارێکی خوارووی عێراقە و دەڵێت، "سەرەتا، پشتمان بە ئاوی باران دەبەست، بە چەندین رێگا ئاومان کۆدەکردەوە بۆ مەبەستی کشتوکاڵیی بەکارمان دەهێنا، لەساڵی 2013ـەوە، ئامێری پرژاندنی ئاو بەکاردەهێنین و ناتوانین بەبێ بەکارهێنانی ئاوی ژێر زەوی بەردەوامی بە کشتوکاڵ بدەین."

بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، زستانی رابردوو، بۆ ئاودانی 3.1 ملیۆن دۆنم زەویی کشتوکاڵی، پشتیان بە ئاوی ژێر زەوی بەستووە، لەکاتێکدا تەنیا دوو ملیۆن دۆنم زەوی بە ئاوی باراناو ئاودراون.

بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات، پانتایی زەویی کشتوکاڵی لە نەجەف و خوارووی عێراق زیادی کردووە، بۆئەوەش پێویستیان بە ئاوی زیاترە، هاوکات، وەک تەکنیکێک بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاو، جوتیارانی عێراق ئامێری پرژاندنی ئاو بەکاردەهێنن، کە بەگوێرەی ئەزموونی جوتیاران ئەو تەکنیکە 50%ـى بەکارهێنانی ئاو کەمدەکاتەوە.

ئاوی ژێر زەوی، بەشێوەیەکی بەرچاو، لە عێراق و وڵاتانی دراوسێ کەمیکردووە، نەتەوەیەکگرتووەکان لەساڵی 2023 لەبارەی کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی هۆشداریی دایە هەموو جیهان، لەساڵی 2023شدا لە راپۆرتێکدا هۆشداریی دایە سعودیە کە 80%ـی ئاوی ژێر زەوی بەکارهێناوە و بەرەو ئاستێکی مەترسیدار دەڕوات، بەوهۆیەشەوە، پاش ساڵی 2016 دەسەڵاتدارانی سعودیە ناچارکران، بەکارهێنانی ئاوی ژێر زەوی بۆ بەرهەمهێنانی دانەوێڵە راگرن.

لە عێراقیش، پێشتر لە قوڵایی 50 بۆ 100 مەتر ئاوی ژێر زەوی دەردەهێنرا، لە ئێستادا ئاستی ئاوی ژێر زەوی لەقوڵایی 300 مەتردایە و بەکارهێنانیشى روو لە زیادبوونە.

مونعیم شەهید، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی نەجەف گوتی، "بەدڵنیاییەوە، بەبەکارهێنانی ئاوی ژێر زەوی، جوتیاران دەستکەوتێکی ئابووریی زیاتر و بەرهەمێکی باشتر و پانتاییەکی زیاتری بەکارهێنانی زەوییان دەبێت، لەبەرئەوە بیری زیاتر هەڵدەکەنن، هەندێک جوتیاریش پێیانوایە ئەو ئاوە بۆ هەتاهەتایی بەردەست دەبێت، ئەوە راست نییە، ئاوی ژێر زەوی سامانی نیشتمانییە و رێنماییمان دەرکردووە بۆ چۆنیەتیی هەڵکەندنی بیرەکان و بەکارهێنانیان."

چارەنووسی ئاوی ژێر زەوی لەعێراق لەنێوان پێویستیی جوتیاران و شەڕی سروشت، بە بەردەوامی کەمبارانی بەرەو تونێلێکی تاریک و هاوشێوەی سعودیە هەنگاو دەنێت، چونکە عێراق یەکێکە لەو پێنج وڵاتەى جیهان، کە گۆڕانى کەشوهەوا زۆرترین کاریگەرییان لەسەرى هەبووە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif