سەرۆکی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکاران دەڵێت، چینی کرێکاران بەهۆی کرێکاری بیانییەوە پەراوێز خراون، پێویستە هاتنی کرێکاری بیانی بۆ هەرێمی کوردستان بەپێی پێویست بێت، نەک بەبێ سانسۆر.
پێنجشەممە 1ی ئایار، رۆژی جیهانیی کرێکارانە و لە هەرێمی کوردستان پشووی فەرمییە. سەندیکای کرێکاران لە بەیاننامەیەکدا کۆمەڵێک داواکاری دەخاتەڕوو و دەڵێت، پێویستە کارکردن لە هەفتەیەکدا کەم بکرێتەوە بۆ 42 کاژێر.
رۆژی چوارشەممە 30ی نیسانی 2025 هەنگاو عەبدوڵڵا، سەرۆکی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی نەبوونی بودجە، هەلی کار، هۆکاری سیاسی و کرێکاری بیانییەوە چینی کرێکاران پەراوێز خراوە، لە ماوەی رابردوودا بڕیاردرا لە شوێنی کارەکان 75%ی دەستی کار ناوخۆیی بێت، ئەم بڕیارە جێبەجێکراوە بەڵام بەپێی پێویست نا، ئێستاش لە بەشێکی زۆری شوێنەکان کرێکاری بیانی شوێنی کرێکاری ناوخۆییان گرتووەتەوە.
"هاتنی کرێکاری بیانی بۆ هەرێمی کوردستان قەدەخە بکرێت"
سەرۆکی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکاران گوتی، هاتنی کرێکاری بیانی بووەتە هۆی کەمبوونەوەی هەلی کار بۆ کرێکاری ناوخۆ و شوێنی ئەوانی پڕکردووەتەوە، هاتنی کرێکاری بیانی هیچ سانسۆرێکی نییە و 90%ی کرێکاری بیانی بەبێ سانسۆر دێنە هەرێمی کوردستان.
وەک هەنگاو عەبدوڵڵا دەڵێت، "پێویستە هاتنی کرێکاری بیانی قەدەخە بکرێت، تەنیا مەگەر بەپێی پێویستی پیشەیی بێت، زۆربەی کرێکارە بیانییەکان کە دێنە هەرێمی کوردستان بە کاتێکی زۆرتر و مووچەیەکی کەمتر کاردەکەن، هەموو خاوەنکارێکیش ئەوەی دەوێت، ئەمەش وا دەکات نرخی کاری کرێکاری ناوخۆییش دابەزێت و جیا لەوەش هەلی کار بۆ ئەوان کەمتر بێت."
گوتیشی، "شوێنکارەکان پێویستیان بە راهێنانی کرێکاری نێوخۆییە، تاوەکو شارەزایی بەدەستبهێنن لەسەر ئەو پیشانەی شارەزاییان لێ نییە، لە کاتێکدا زۆربەی کرێکارە بیانییەکان بەبێ شارەزایی کار دەکەن."
"ئەم ساڵ 12 کرێکاری ناوخۆیی و بیانی لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە"
سەرۆکی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکاران دەڵێت، "ئەو کرێکارانەی کە لە کاتی کارکردندا دەمرن و دەستەبەری کۆمەڵایەتییان هەیە خێزانەکانیان سوودمەند دەبن، بەڵام ئێمە بەپێی مادەی 112 داوامان کردووە، ئەو کرێکارانەی لە کاتی کارکردندا گیان لەدەست دەدەن و دەستبەری کۆمەڵایەتیشیان نییە، ئەوانیش خێزانەکانیان سوودمەند بن."
بەپێی ئامارەکانی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکاران هەرێمی کوردستان، لە چوار مانگی سەرەتای ئەم ساڵ 9 کرێکاری ناوخۆیی و سێ کرێکاری بیانی لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە و چوار کرێکاری ناوخۆی و بیانیش بریندار بوون بەم شێوەیە:
هەولێر: یەک کرێکاری بیانی گیانی لەدەستداوە
سلێمانی: سێ کرێکاری ناوخۆیی گیانیان لەدەستداوە
دهۆک: سێ کرێکاری ناوخۆیی گیانیان لەدەستداوە
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران: دوو کرێکاری ناوخۆیی گیانیان لەدەستداوە
گەرمیان: کرێکارێکی ناوخۆیی و یەکێکی بیانی گیانیان لەدەستداوە
زاخۆ: یەک کرێکاری بیانی گیانی لەدەستداوە
یەکێتیی سەندیکای کرێکارانی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا رایدەگەیێنێت، وەکو ئومێدی دروستبوونی کەشێکی گونجاو، کۆنگرە بۆ کرێکاران دەخوازین کە لە رێگەی هەڵبژاردنێکی ئازادی دیموکراتییانەدا، نوێبوونەوەی پەیکەر و رێکخستنی رێکخراوەکە بکات.
داوا لە حکومەت دەکات، "ئەرک و مافی کرێکاران لە چوارچێوەی یاسا، رێککەوتن، رێنمایی و بڕیارە پەیوەندیدارە بەرکارەکان لە هەرێمی کوردستاندا جێبەجێ بکرێت، تاوەکو یاسای نوێی پەسەندی پەرلەمانی کوردستان شوێنیان دەگرێتەوە."
لە بەیاننامەکەدا داوا دەکەن، بەشی ئاشناکردنی یاساکانی کرێکاران لە زانکۆ و پەیمانگاکان بکرێنەوە، بە مەبەستی ئاشناکردنی زۆرترین کادری زانکۆیی بەتایبەت کەسانی ئارەزوومەند بە فێربوون و پێگەیاندنی بوارەکە، هەروەها دادوەرانی کار لە پەیمانگای دادوەرییەوە زیاتر ئاشنا بکرێن بە یاسا پەیوەندیدارەکان و بەرکارەکانی کرێکارانەوە.
"کەمکردنی کاتی کارکردنی هەفتانە لە 48 کاژێرەوە بۆ 42 کاژێر"
سەرۆکی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکاران دەڵێت، ئەو کرێکارانەی کە بێئەزموون تاوەکو سوود لە دەستەبەری کۆمەڵایەتییەکەیان وەربگرن پێویستە، دەستبەری کۆمەڵایەتییان لە 350 هەزار دینارەوە زیاد بکرێت بۆ 520 هەزار، چونکە 12%ی دەستبەری کۆمەڵایەتی لەلایەن خاوەنکارەوە دەدرێت، 5%ـیش کرێکار خۆی دەیدات، ئەمەش لە بەرژەوەندی خاوەنکار و زیانی کرێکار دەوەستێت.
هەر لە بەیاننامەکەی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکاران هاتووە، لە سێ ساڵی رابردوودا بۆ هەر کاژێرێکی کارکردن دوو هەزار و 500 دینار دیاریکراوە، پێویستە بۆ سەرووی چوار هەزار دینار زیادبکرێت و هەموو کرێکاران بگرێتەوە. کاژێرەکانی کارکردن لە هەفتەدا لە 48 کاژێرەوە کەمبکرێنەوە بۆ 42 کاژێر.
یەکێتی سەندیکای کرێکاران باس لەوە دەکات، پێویستە لە هەر پڕۆژەیەکی کارکردن دەستبەری یەک کرێکار یان زیاتر بکرێت، تەواوی کرێی مانگانەی کرێکار لەو دەستەبەرە بنووسرێت. داواش دەکەن، کرێکاری خزمەتگوزاری نیوماڵان رابگیرێت و ئەم دیاردەیە بنبڕ بکرێت، چونکە دیاردەیەکی نامرۆییە و هەروەها کارپێکردنیان بە یاسا رێکنەخراوە و یاسایی نین.
لە بەیاننامەکەدا یەکێتیی سەندیکای کرێکاران داوا دەکەن، تاوەکو دەرچوونی یاسای نوێ لە پەرلەمانی کوردستان، مادەکانی 9 و 10 جێبەجێ بکرێت کە یاسای مادەی 9 باسی مافی دەستەبەرکردنی کرێکارانی ناڕێکخراو دەکات و مادەی 10 پێدانی مافی بێکاری بۆ کرێکارانی دەستەبەرکراو، لە حاڵەتی بێکاربوونیدا.
"پێویستە کرێکارانی کەرتی تایبەت زەوی وەربگرن و سوودمەند بن لە پێشینەی هاوسەرگیری و خانووبەرە"
یەکێتیی سەندیکای کرێکاران داوا دەکات، تەندروستی و سەلامەتیی پیشەیی بۆ کرێکاران بکرێتە ناوەندێکی نیشتمانی و راستەوخۆ سەر بە ئەنجوومەنی وەزیران بێت و گرنگی تەواوی پێ بدرێت، چونکە رۆژانە بەهۆی گوێنەدانی خاوەنکاران بە یاسا و رێنمایی پەیوەندیدار بە کار و کرێکارانەوە، هەروەها نەشارەزایی کرێکاران خۆیانیش، کارەساتی گیان لەدەستدان و پێکانى کرێکاران لە کاتی کارکردنیاندا روودەدات و ساڵانە روو لە زیادبوونە.
هەروەها داوا دەکەن، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی بدەن لەسەر پێدانی پارچە زەوی نیشتەجێبوون، پێشینەی دروستکردنی خانووبەرە و پێشینەی هاوسەرگیری، بۆ هەموو ئەو کرێکارانەی دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە، هەروەها دەستەبەرکردنی مافی ئافرەتی کرێکاری دەستەبەرکراو.
لە ساڵی 2024دا 62 کرێکاری بیانی و ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە، کە 52یان ناوخۆیی بوون و 10 کرێکار بیانی بوون، هەروەها 25 کرێکاری ناوخۆیی و بیانی بریندار بوون.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق